دوو بەرپرسی ئەمەریکایی و بزووتنەوەی حوسییەکانی سەر بە ئێران ڕایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی MQ-9ی سەربازی ئەمەریکا لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە خرایە خوارەوە.
ئەمە جاری یەکەم نییە حوسییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی دەخەنە خوارەوە، پێشتریش لە ماوەی ڕابردوودا درۆنەکانی ئەمەریکایان لە ناوچەکە خستووەتە خوارەوە، ئەم ڕووداوەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکە زیاد دەکەن.
لە ساڵی 2019 ئەم گرووپە لە دوو ڕووداوی جیاوازدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایان لە یەمەن خستە خوارەوە.
لە سەروبەندی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە، واشنتن لە ئامادەباشیدایە سەبارەت بە چالاکییەکانی گرووپەکانی سەر بە ئێران.
ئەو دوو بەرپرسە ئەمەریکاییە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاند ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کە لەلایەن کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتۆمیکسەوە دروستکراوە لە کەناراوەکانی یەمەن خراوەتە خوارەوە. بەڵام ئاماژەیان بەوە نەکرد کە ئایا فڕۆکەکە لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا کەوتووەتە خوارەوە یان نا.
وتەبێژی لەشکری حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەیان لە ئاسمانی ئاوی یەمەندا خستووەتە خوارەوە.
پەنتاگۆن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ململانێکان، هەزاران سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، لەنێویاندا دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر، بەشێک لەو هێزانەش لەگەڵ کەشتییە سەربازییەکان لە دەریای سووردان.
مانگی ڕابردوو کەشتییەکی جەنگی هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕێگری لە چوار مووشەکی کروز و زیاتر لە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرد کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابوون.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز