Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسای خەرجییەکان پەسەند دەکات بۆ ڕێگریکردن لە پەکخستنی کارەکانی حکومەت

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بە پشتیوانییەکی فراوانی یاسادانەرانی هەردوو پارت، پڕۆژە یاسای خەرجکردنی کاتیی پەسەند کرد کە ڕێگری لە داخستنی کاروبارەکانی حکومەت دەکات.

پرۆە یاساکەی کە بودجەی خەرجییەکانی حکومەت هەتا ناوەڕاستی مانگی 1 دابین دەکات دەبێت بچێتە سینات تا دەنگی لەسەر بدرێت. لە سیناتیش سیناتۆرانی کۆماریی و دیموکراتەکان پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەکە دەربڕیوە.

بە مەبەستی ڕێگری کردن لە داخستنی کارەکانی حکومەت، پێویستە سینات و ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکەن کە سەرۆک جۆو بایدن بتوانێت واژۆی بکات و ببێتە یاسا پێش ئەوەی بودجەی ئێستا بۆ دەزگا فیدراڵیەکان لە نیوە شەوی هەینیدا کۆتایی پێبێت.

دەنگدانەکەی ڕۆژی سێشەممە کە بە 336 دەنگی ئەرێنی بەرامبەر 95 دەنگی نەرێنی کۆتاییهات، سەرکەوتنێک بوو بۆ مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە یەکەم دەنگدانی گرنگدا لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا ڕووبەڕووی دژایەتی هەندێک لە هاوڕێ کۆمارییەکانی بووەوە.

جۆنسن کەمتر لە سێ هەفتە لەمەوبەر بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک ئاڵۆزی کە بووە هۆی ئەوەی ئەنجومەنەکە بەبێ سەرۆک بمێنێتەوە. بە زۆرینەی کەمی 221 بەرامبەر بە 213، ناتوانێت لە 3 دەنگی کۆمارییەکان زیاتر لەدەست بدات لەسەر ئەو یاسایانەی کە دیموکراتەکان دژین.

چاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە سینات، شەوی سێشەممە دوای دەنگدانەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دڵخۆشە کە پڕۆژە یاساکە "بە دەنگێکی بەهێزی هەردوو حزب" پەسەندکرا، ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هاوتا کۆمارییەکەی لە ئەنجومەنی سینات، میچ مەککۆنێل، کاردەکات بۆ پەسەندکردنی ئەوە "بە زووترین کات."

پڕۆژە یاسای کاتیی خەرجییەکان پەکخستنی کاروبارەکان ڕادەگرێت و، بودجەی حکومەت هەتا ساڵی 2024 دابین دەکات، ئەمەش کاتێکی زیاتر دەدات بە یاسادانەران بۆ داڕشتنی پڕۆژە یاسای خەرجییە وردەکان کە هەموو شتێک دەگرێتەوە لە سەربازییەوە تا توێژینەوەی زانستی.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG