Accessibility links

مەسرور بارزانی: ئەوانەی هانی مامۆستایان دەدەن، دەیانەوێت تۆڵەی ئەوانەی مووچەكانیان بڕیوە لە قوتابییەكان بكەنەوە 


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو مامۆستایانە دەکات کە بەردەوامن لە کارەکانیان و گوتی " دەزانم كە دۆخی ژیانیان سەختە و ئاسان نەبووە، بە تایبەتی ئەم ماوەیەی ڕابردوو كە بابەتی مووچە بووەته‌ بابەتێكی سەرەكیی، بە تایبەتی ئەوانەی كە جگە لە مووچە، هیچ داهاتێكی تریان بۆ بژێویی ژیانی خۆیان نییە. بەڵام مامۆستاكان بە لەخۆبردوویی هاتوون وانە دەڵێنەوە، من سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم. "

مەسرور بارزانی لە وتارێکیدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی باخچەیەکی منداڵان لە شاری هەولێر پشتیوانیشی دەربڕی بۆ ئەو مامۆستایانەش کە بایکۆتیان کردووە و داوای مافی خۆیان دەکەن و گوتی " منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان كە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەكانی ئەوان دابین بكرێت. بەڵام پێویستە ڕووی ڕەخنەكانمان لەو لایە بێت كە هۆكارە بۆ بڕین یان دواخستنی مووچەكانیان. حكومەتی هەرێم هۆكار نییە، حكومەتی هەرێم زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین كات مووچەكانیان بۆ دابین بكات، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی داوای ئەو مافەی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵكی كوردستان بكەین."

هەرچەندە لە وتارەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا بارزانی بە ئاشکرا ناوی هیچ کەس و گرووپێکی نەهێنا بەڵام ئاماژەی بەوە کرد رەنگە"هەندێک لایەن" یاری بە هەستی مامۆستایان بکەن. ئەو وتی، " ئەوانەی كە ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن كە نەیەنەوە بۆ پۆلەكان و قوتابخانەكان، دەیانەوێت تۆڵەی ئەوانەی مووچەكانیان بڕیوە لە قوتابییەكان بكەنەوە كە ئەمە بەهیچ جۆرێك شیاو نییە."

گوتیشی " لێرە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم، با ئەوانیش بێن لەگەڵ ئێمە داوای مافی مامۆستایان و هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن لەو شوێنەی كە مافەكانیان پێشێل كردووین. حكومەتی هەرێم حكومەتی ئێوەیە، شتێك نییە جیاواز بێت لە ئێوە، لە خزمەتی ئێوەدایە و بەردەوامیش دەبین."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی مانگ و نیوێکە مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردووە و داوای وەرگرتنی مووچەکانی مانگی هەشت و نۆ دەکەن کە هێشتا وەریان نەگرتووە.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم چەندین مانگە بەردەوام سەردانی بەغدا دەکەن بۆ چارەسەری کێشەی بودجەی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەرێکی کۆتایی. بەرپرسانی هەرێم بەردەوام بەرپرسانی عێراقیان بەوە تۆمەتباردکردووە گوایە پرسی دابینکردنی مووچەی هەرێمیان بە سیاسی کردووە و بەغدا دەیەوێت "خەڵکی کوردستان برسی بکات."

سەرەتای ئەم هەفتەیە خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستایان لە چەندین ناوچە لە سلێمانی ئەنجامدرا و مامۆستایان سوربوون لەسەر بەردەوامی بایکۆتی خوێندن. خۆپیشاندانەکە لە وەڵامی نوسراوێکی فەرمی وەزیری پەروەردە ئالان حەمە سەعید بوو کە ئاماژەیکردبوو مامۆستایان "دەبێت" بایکۆتەکەیان بشکێنن و خوێندن زیاتر دوانەکەوێت.

XS
SM
MD
LG