ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی ڕایدەگەیەنێت، بۆ ناردنی بەشە پشکی هەرێم بە تەواوەتی و چارەسەر بوونی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان، دەبێت ماددەی 11 لە یاسای بودجەی عێراق هەموار بکرێتەوە و بۆ ئەمەش چەندین دانیشتن و ئامادەکاری لەلایەن نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە کراوە و "تێگەشتنێکی باش بۆ هەمواری یاساکە هەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەتایبەت لەلایەن لیژنەی داراییەوە."
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ماددەی 11 تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق "دەبێت" هەمواربکرێتەوە چونکە "بە دەنگدان لەسەر هەمواری ئەم ماددەیە کۆت و بەندەکانی بەردەم بەشە پشکی هەرێم نامێنێت و کێشەی مووچەخۆران و دارایی هەرێم چارەسەر دەبێت."
وتەبێژی حکومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، لە بەغداد گۆڕانکاری ئیجابی دەبینن و پەسەند نەکردنی هەموارەکە بە ئەگەرێکی دوور دەزانێت.
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە وەک حکومەت بیر لە ئەگەرە باشەکە دەکەینەوە؛ وە ئەو هەموو دانیشتن و دانوستان و سەردانەی کە لەگەڵ بەغداد هەیە، بۆئەوەیە کە زەمینەیەکی باش بهێنینە کایەوە بۆ هەمواری ئەو مادەیەی کە لە پرۆژە یاساکەدا هەیە. ئێستا گۆڕانکاریەک هەیە لە ڕای ئەو لایەنانەی کە دژ بوون دوای ئەو ڕوونکردنەوە و بەرچاو ڕوونیانەی هەبووە لەلایەن شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. تەقریبەن تێگەیشتنیان هەیە و ڕایان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. ئێمە چاوەڕێی ئەگەرە باشەکەین."
لە یاسای بودجەی عێراقدا دیاریکراوە کە بودجەی هەرێمی کوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە (خەرجی فیعلی) دیاریدەکرێت. خەرجی فعلی" کە سەرچاوەی نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بریتییە لەو خەرجییانەی کە دوای لێدەرکردنی هەردوو خەرجییەکانی "سیادی و حاکیمە" دەمێنێتەوە.
خەرجی سیادی بریتین لەو خەرجیانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ دەیانکات، بۆ نمونە وەرگرتنی قەرز لە وڵاتان و کۆمپانیا دەرەکییەکان. خەرجی حاکیمە بۆ ئەو پرسانەیە کە پەیوەستن بە هەموو عێراقەوە، وەکو ئەو پارانەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان بۆ کۆبۆنی خۆراک و دابینکردنی دەرمان خەرجدەکرێن.
پێش ساڵی 2013 ئەم دەستەواژەیە بوونی نەبوو، بۆیە بودجەی ساڵانەی عێراق چەندێک بووبێت لەوە بەڕێژەی سەدا 17 دەدرایە هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد دەڵێن دەبێت ئەو ماددەیە هەموار بکرێتەوە و دەستەواژەکە لاببرێت.
لەو بارەیەوە دکتۆرە نەرمین دەڵێت، "ئەگەر ئەو دەستەواژەیە وەک ئێستا بمێنێتەوە پشکی هەرێمی کوردستان هەرچەندێک دیاری بکرێت لەناو یاسای بودجەدا گرنگی نامێنێت."
لە دوای پەسەند کردنی بودجەی عێراقەوە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەرگرتنی قەرزەوە لە حکومەتی عێڕاق مووچەی فەرمابەران دابتن دەکات و مووچەی مانگەکانی 8 و 9 ی فەرمانبەرانیش قەرزدارە. بەم هۆیەشەوە زیاتر لە مانگێکە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمابەران بایکۆتی دەوامیان کردووە و فەرمانبەران چاوەڕێی چارەسەر بوونی ئەم کێشەیەی نێوان هەردوو حکومەتن.
لەو بارەیەوە پێشەوا هەورامی دەڵێت، "ڕێنەکەوتن ئەگەرێکی دوورە لەلامان، وە دەمانەوێت لە چوارچێوەی دەستوردا ئەوەی حەق و مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە بیدەن. گۆڕانکاریەکە ئەوەیە دەمانەویت مووچەی فەرمانبەران لە هەر شتێکی تر جیا بکرێتەوە."
بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 16 ترلیۆن و نیو دیاریکراوە. بەڵام بەهۆی دەستەواژەی "خەرجی فعلی" پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی جیا ناکرێتەوە و حکومەتی هەرێم دەڵێت بڕێکی زۆر کەمتر بودجەی بۆ تەخاندەکرێت.
لەو بارەیەوە ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، "بۆشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ، ئەوەی کە ماوەتەوە نزیکەی 20 ترلیۆنە، بۆیە ئەمە کێشەیە. بۆ نموونە بۆ شەش مانگی ئەمساڵ 8 ترلیۆنی نەداوە بە حکومەتی هەرێم وەکو ئەوەی لە بودجەیا 16 ترلیۆن و نیوە، بەڵکو 2 ترلیۆن و نیویان حساب کردووە. بۆچی؟ چونکە کێشەکە دەربارەی خەرجی فعلیە، چونکە دەڵێت ئێمە بە فعلی 47 ترلیۆنمان سەرف کردووە بۆیە ئەدوێت لە دوای دەرکردنی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە، لەو 47ەی کە سەرفکراوە بە فعلی ئینجا پشکی هەرێمی 12.67 بدەین بە هەرێمی کوردستان."
دکتۆرە نەرمین دەڵێت،"بە دڵنیاییەوە ئەمە کاریگەریەکەی خراپە لەسەر هەرێمی کوردستان وە ئەمە ئەمساڵ دەرکەوتووە، چونکە لە 2015 هەتا ئەمساڵ هەرێمی کوردستان هێج پشکێکی لە بەغداوە بۆ نەهاتووە بۆیە کاریگەری ئەمە لەسەر پشکی هەرێم دەرنەکەوتووە هەتا ئەمساڵ."
ڕۆژی یەکشەممە 22ی دەی 2023 ئاوات شێخ جەناب لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر ڕایگەیاندبوو کە وەزارەتەیەکی ئامادەکاری کردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و مادانەی یاسای بودجە کە تایبەتن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان.
لەو بارەیەوە دکتۆرە نەرمین مەعروف دەڵێت، لەسەر چەند ئاستێک لەگەڵ حکومەتی عێراق ئامادەکاریان بۆ مەبەستی هەمواری یاساکە کردووە.
ڕایگەیاند،" ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ناو پەرلەماندا لەگەڵ لایەنەکانی تردا قسەمان کردووە ئیمزامان کۆکردەوە بۆ ئەم بابەتە. هاتنی ئەم دواییەی شاندی دارایی هەرێم و کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەمانە هەمووی ئەوەیە کە لەسەر چەند ئاستێک ئێش بۆ ئەم بابەتە کراوە."
دەشڵێت،"ئەوە ئێستا تەفاهومێکی باش هەیە بۆ ئەوەی تەقریبەن مەسەلەی هەمواری یاساکە پێویستییەکی حەتمییە. یان ئەوەتا دەبێت بە تەواوی بڕگەکە هەموار بکرێتەوە و دەستەواژەی خەرجی فعلی لاببرێت یان بەشێوەیەک هەموار بکرێتەوە کە ئەگەر ئەم دەستەواژەیە بشمێنێتەوە بەشێوەیەک بێت پەیوەندی نەبێت بە مووچەوە، واتە مووچەی هەرێمی کوردستان بهێنرێتە دەرەوە لەم هاوکێشەیە."
بەشی زۆری پشکی هەرێم مانگانە بۆ مووچە دەڕوات کە نزیکەی 10 ترلیۆن دینارە لە و 16 ترلیۆن و نیوە. حکومەتی هەرێم دەڵێت ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ خەرجی ناوخۆ بەکاریدەهێنێت.