گروپێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە بریتین لە 110 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەردوو حزبی دیومکرات و کۆماری، داوا لە کۆشکی سپی دەکەن پاش هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەڵوێستی توندتر لە دژی ئێران بگرێتەبەر.
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە نامەیەکدا بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویانە " ئێران دەبێت بە تەواوی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت سەبارەت بە پشتیوانیکردن و دابینکردنی پارە بۆ حەماس و تیرۆریزمی ئیسلامی" و داوا لە بەڕێوەبەرایەتی بایدن دەکەن هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ بڕینی سەرچاوەی دارایی ئێران بگرێتەبەر.
لە نامەکەدا کە لەلایەن 63 دیموکرات و 50 کۆمارییەوە واژۆ کراوە، نوسراوە ئەو ئەندامانە پشتگیری لە هەموو ئامرازێک کە لەبەردەستدایە دەکەن بۆ شکستپێهێنانی تیرۆر و تۆندڕەوی.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لەم بارەیەوە، لە نامەکەی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەراندا کە ڕۆژی دووشەممە 16ی ئەم مانگە بۆ کۆشکی سپی نێردراوە، داوا لە حکومەتی ئەمەریکا کراوە ڕێوشوێنی ڕێگریکردن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە وڵاتانی وەک چین بگیرێتەبەر.
ڕاپۆرتەکەی واشنتن پۆست باس لەوە دەکات دوای هێرشەکەی حەماس، بایدن پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاندووه و لە هەمانکاتدا کۆشکی سپیش نیگەرانە لەوەی هەر هەنگاوێکی کتوپڕ و بەرچاو لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە.
هەروەها سەپاندنی سزای زیاتر لەسەر نەوتی ئێران دەشتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەنزین لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی داهاتوودا.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست نووسیویەتی بڕیاری کۆتایی حکومەتی ئەمەریکا سەبارەت بە سەپاندنی سزای زیاتر بە سەر تاراندا، بەندە بە دەرەنجامەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران چەند ڕۆژ پێش ئیستا لە میانەی وتارێکدا تێوەگلانی حکومەتەکەی لە هێرشی بەرفراوانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەتکردەوە، ئەمەش لەکاردانەوە بە هەواڵ و ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بەشداری کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرشی کوشندەی ئەم دواییانەدا بۆ سەر خاکی ئیسرائیل کە لە میدیاکانی ڕۆژئاوادا بڵاو کرانەوە.
پیشتر ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکانی ئەمەریکا بڵاویکردبووە کە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ساڵی 2022وە پلانی بۆ دانراوە و ئێران لە لوبنان مەشقی بە هێزەکانی حەماس کردووە و چەکی بۆ دابین کردوون، بەڵام حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، لەوانەش ئەمەریکا رایانگەیاندووە کە تاکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان دەستنەکەوتووە کە ئاماژە بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران بکات لە هێرشەکەی ئەم دواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.
زیاتر لە سەد ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا لە بایدن دەکەن سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت
