Accessibility links

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند" هەرگیز هیچ پاساوێک بۆ تیرۆر نییە. ئێمە هاوسۆزین لەگەڵ حکومەت و گەلی ئیسرائیلدا، و دڵگرانیی خۆمان دەردەبڕین بۆ لەدەستدانی گیانی ئیسرائیلییەکانی لەم هێرشانەدا گیانیان لەدەستدا.

لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی بەرگری کاردەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئیسرائیل هەرچییەکی پێویستی بێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە توندوتیژی و تیرۆر، بەدەستیبهێنێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان

ڤۆڵکەر توێرک کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئەم هێرشە کاریگەرییەکی ترسناکی لەسەر هاووڵاتی مەدەنی ئیسرائیل هەیە و نابێت هەرگیز هاووڵاتی مەدەنی ببنە ئامانجی هێرشەکان."

ئاژانسی هەواڵی فەرمی وەفا لە زاری سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباسەوە بڵاویکردەوە، گەلی فەلەستین مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر تیرۆری نیشتەجێی و سەربازە داگیرکەرەکان.

ئێران

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئیسنای نیـچەفەرمی ئێران، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕۆژی شەممە پیرۆزبایی لە چەکدارە فەلەستینییەکان کردووە. ئاژانسەکە لە زاری یەحیا ڕەحیم سەفەوییەوە نووسیویەتی" ئێمە لەگەڵ فەلەستینییەکانداین تا ئەو دەمەی فەلەستین و قودس ئازاد دەکرێن. تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە ئەندامانی پەرلەمان لەسەر کورسیەکانیان هەڵدەستن و دروشمی "مەرگ بۆ ئیسرائیل" دەڵێنەوە.

یەکێتی ئەوروپا

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆرێل وتی بەکارهێنانی خەڵکی مەدەنی وەک بارمتە پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو یاساکانە. من هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ بەشداریکردن لە ئازادکردنیان، ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتێک بۆ شاری مەسقەتی عومان ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی چاوی بە هاوتا عەرەبەکانی بکەوێت. گوتیشی: تەنانەت لەم ساتە دڵتەزێنەشدا گرنگی کارکردن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیر لە ڕێگەی هەوڵە بەهێزکراوەکان لە پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەبیردێنینەوە.

بەریتانیا

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەیمس کلیڤەرلی وتی: بەریتانیا بە شێوەیەکی ڕاست و ڕەوان هێرشە ترسناکەکانی حەماس بۆ سەر هاووڵاتی مەدەنی ئیسرائیل سەکۆنە دەکات دەکات. بەریتانیا هەمیشە پشتگیری لە مافەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

یه‌كێتی ئه‌وروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا وتی: ڕێک و ڕەوان ئەو هێرشەی تیرۆریستانی حەماس دژی ئیسرائیل سەکۆنە دەکەم، ئەم کارە تیرۆریزمە لە نەفرەتترین شێوەی خۆیدا.

تورکیا

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی: داوای خۆڕاگری لە هەموو لایەنەکان دەکەین.

ڕووسیا

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا میخائیل بۆگدانۆڤ وتی ڕووسیا لەگەڵ ئیسرائیل و فەلەستین و وڵاتانی عەرەبی لە پەیوەندیدایە سەبارەت بە پەرەسەندنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و داوای خۆڕاگری کرد.

ئۆکرانیا

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد و بە "هێرشی تیرۆریستی" بۆ سەر ئیسرائیل ناوی برد و گوتی گومان لەوەدا نیە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات."

حزبوڵای لوبنان

گرووپی حزبوڵای لوبنانی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و دوژمنێکی سەرسەختی ئیسرائیلە، ڕایگەیاند کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە سەرکردایەتی بەرخۆدانی فەلەستین کردووە و ڕووداوەکانی بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ بەردەوامی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل ناودێرکرد، هەروەها پەیامێک بۆ ئەو کەسانەی کە بە دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەگەڕێن.

XS
SM
MD
LG