Accessibility links

ئاگری شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەو سنوورە جوگرافیایەدا دەمێنێتەوە


بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی شەممە،7 ی مانگی دە لە ڕێگای هەڵدانی زیاتر لە دوو هەزار موشەک لە کەرتی غەززەوە و ناردنی چەکدارانی خۆی بۆ ئەودیوی سنوور، گەورەترین هێرشی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل "دۆخی شەڕی" ڕاگەیاند و هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێکردوە. میدیا ئیسرائیلییەکان باس لە شەڕی چەکداری لە نێوان گرووپە فەلەستینییەکان و هێزە ئەمنییەکان لە باشووری ئیسرائیل دەکەن.

حەماس هێرشەکەی ناوناوە تۆفانی ئەقسا و شەڕ هێشتا بەردەوامە، لە بەرامبەردا ئیسرائیلیش کردە سەربازیەکەی ناو ناوە شمشێرە ئاسنیەکان.

هەرچەندە هەر لە سەرەتاوە نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نامەکەی خۆی گەیاندە حەماس کە وتویەتی "دەبێت حەماس باجێکی قورسی ئەو سەرکێشیانە بداتەوە."

بەپێی بۆچوونی ئەم رۆژنامەنووسە قاڵەی پێشووی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشێتدپرێس کە ماوەیەکی زۆر بەرپرسیار بووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بۆب ڕید پێی وایە هێرشەکەی حەماس ژیرانە بووە و کاتی گونجاویان هەڵبژاردووە ، ئەو دەڵێت "کۆتا رۆژی پشووی ئاینی جولەکە بووە کە خەڵک سەرقاڵی سەردانیکردنی یەک و پشوودانن. ئەمە بۆ سەربازەکانیش هەروا بووە. پێم وایە حەماس زۆر بە وردی حیساباتی خۆی کردووە. لە هەمبەردا ئیسرائیل ئەوەندە خەریکی چاودێریکردنی دەرەوەی سنوورەکانێتی، ئەوەندە بە نێوخۆوە، خۆی سەرقاڵ نەکردووە. حەماسیش قومارێکی لەگەڵ کاتدا کردووە، بە هۆکاری ئەو دۆخەی سوپای ئیسرائیلی تیادا بووە."

بۆب ڕید
بۆب ڕید

بزوتنەوە ئیسلامیەکانی فەلەستین بە گشتی و حەماسیش وەک سەرتۆپکی ئەو گروپە چەکدارانە یەکەمجاریان نییە بە رۆکێتی نێوخۆیی نێو ئیسرائیل بپێکن، بەڵام ئەمجارە هێرشەکەیان بە پلان و گشت گیر تربووەو توانیویانە دیلی سەربازی و سیڤیڵێش ببەنە ناو کەرتی غەزەوە کە رەنگە ئەم کارەیان تا رادەیەک دەستی ئیسرائیلیەکان بگرێت لەو کردە سەربازیانەی دەیانەوێ بیکەن. هەروەها بەکارهێنانی ئاسمانیش لە هێرشەکانیان. لەو بارەیەوە بۆب رید پێی وایە ئەم جارە رەنگە تەنها پلانەکە هی حەماس نەبوو بێت "حەماس ئەزمونێکی دورودرێژی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، ئەم کردە سەربازیەیان زۆر پێشکەوتوو بووە، بە تایبەتی لەو روەوە کە توانیویانە دزە بکەنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە و ئامادە سازی بۆ هێرشەکەیان لە ناو ئیسرائیلەوە بکەن. کە ناوچەیەکی زۆر بەربڵاو بووە. هەرچەندە هێشتا زووە بڵێین ئێران یان شوێنی دی یارمەتی حەماسیان دابێت، بەڵام لەو باوەڕیەدام کە رەنگە ئێران هەندێک شارەزاییان پێشکەش کردبن."

کێشەی فەلەستین و ئیسرائیلیەکان مێژویەکی کۆنی هەیە، بە هەزاران خەڵکی سیڤیڵ قوربانی ململانێی ئەو دوو لایەنەن.

ببینە بە پێی سایتی ستاتیستا کە پلاتفۆرمی جیهانی داتا و زیرەکی بازرگانییە کە کۆمەڵەیەکی بەرفراوانی ئامار و ڕاپۆرت و تێڕوانینەکانی لەسەر زیاتر لە 80 هەزار بابەت هەیە. گرافکێکی قوربانیەکانی فەلەستینی و ئیسرائیلیەکان لە ساڵی 2008 دا تاوەکو ساڵی 2020 بڵاوکردووەتەوە. کە لەو ماوەیەدا 5590 فەلەستینی کوژراون و 251 ئیسرائیلی.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زۆر جار تەنها فەلەستین یان ئیسرئیلیەکان بە تەنها لەو ململانێ سیاسیە شەرەکانیان ناکەن. بەڵکو وڵاتانێکی زۆر هاوسۆز یان دژ لەگەڵ لایەکیان دژ بە لایەکی تریان دەردەکەون. هەر لە سەروەختی ئەم روداوە سەربازیە، ولاتە دژ وهاوسۆزەکان چونەتەوە سەر سفرەی سیاسی ئەو دۆسێیە کە ساڵانێکە ململانێی فەلەستین و ئیسرائیلی بە کۆتا نەگەیشتووە. بەڵام کاریگەری ئەو لێدوانانە ڕەنگە لەسەر ئەو وڵاتانەی نزیکی جوگرافیان لە فەلەستین و ئیسرائیل بە جۆرێکی تر بێت، لە چاو ئەوانەی دوورن لەو جوگرافیایەوە. ئەوەتا بۆب رید خوێندنەوەیەکی دی بۆ بەیاننامەکانی وڵاتانی کەنداو دەکات، کە لە شێوەیەک لە دروست کردنی پەیوەندین لەگەڵ ئیسرائیلدان.

بۆب رید پێی وایە ئەو بەیاننامانەی کە وڵاتانی کەنداو لەمەڕ ئەم پەرەسەندنانە دەریان کردووە، کاریگەری دەبێت بۆ پەیوەندیەکانی ئایندەیی ئیسرائیل و ئەو وڵاتانە کە ساڵانێکە لە چاوشارکێدان لەگەڵ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل یاخود نا. لەو بارەیەوە بۆب رید دەڵیت "بەیانامەی قەتەریەکانم بینی کە باس لە خراپی هەڵکشانی توندو تیژی دەکات، کە نەچووە بەلای باس کردنێکی بزوتنەوەی حەماسدا. بێگومان ئەوە ئیسرائیل تووشی نائومێدی دەکات. ئەزانی ئەوە زۆر سەرنج راکێشە سەرەڕای هەوڵەکان بۆ باشکردنی ئەو پەیوەندیە سیاسی و ئابوریانە، بە بڕوای من هەموو ئەو هەوڵانەی رابردوو دەخاتە مەترسیەوە. رەنگە بۆ چاککردنەوەی ئەو ڕاستە رێیە، ئەوەبێت کە کار بکەن بۆ رادەست کردنەوەی ئەو دیلانە بە ئیسرائیل، ئەگەر بتوانن حەماس قایل بکەن."

نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەو بازنە تەسکەی هاوپەیمنییەکەی لە ناو ئیسرائیلدا، ئایا دەتوانێت ئەو جەنگە ئەنجام بدات کە رای گەیاندووە. لە کاتێکدا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئیسرائیل تژیی بووە بەو وێنانەی کوژراو بە دیل گیراوەکان و ئەوەش کە خەڵکی کینە لە دڵ لەناو کەرتی غەززەدا دەرهەق بە دیلەکان دەیکەن.

بە بڕوای ئەم بەڕێوبەرەی پێشووی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشێتید پرێس بۆب رید ، نەتانیاهۆ ناتوانێت ئەو هێرشە بکات کە بەو شێوەیەی رایگەیاندووە "ئیسرائیل رەنگە بگاتە ئەوەی هێرش بکاتە سەر حەماس و چەکدارانی حەماس لە خاکی ئیسرائیلدا پاک بکاتەوە ، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی جەنگەکە نییە، شەڕەکە بە پێی چارەنووسی ئەو دیلانە گۆڕانی بەسەردا دێت. کۆی ئەو شتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتی بڵاوبوونەتەوە، زیانی سیاسی زۆر بە نەتانیاهۆ دەگەیەنێت، لە کاتێکدا ئەو لە بازنەیەکی بچووکی هاوپەیمانیدایە."

XS
SM
MD
LG