Accessibility links

بایدن بە واژۆکردنی بودجە پێش نیوەشەوی شەممە، ڕێگری لە داخستنی حکومەتی ئەمەریکا کرد


سەرۆک بایدن درەنگانی شەوی شەممە پڕۆژە یاسای بودجەی کاتی پەسەندکراوی ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتی واژۆکرد بۆ ئەوەی ڕێگری لە داخستنی حکومەت بکات و دامەزراوە فیدڕاڵییەکان بە کراوەیی بهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی لەسەر بودجەی ساڵەکە بە تەواوی ڕێدەکەون.

حکومەتی ئەمەریکا تەنها تا ڕۆژی یەکشەممە، 1ی مانگی 10 بوودجەی هەبوو، ئەگەر کۆنگرێس بودجەی پەسەند نەکردبا، حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخرا.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە،30ی مانگی نۆ بۆ ڕێگریکردن لە داخستنی حکومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاسایەکی بە335 دەنگی ئەرینی بەرامبەر بە91 دەنگی نەرینی پەسەند کرد کە بۆ ماوەی 45 ڕۆژ بودجەی حکومەت دابین دەکات و دواتر پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجومەنی سیناتیشەوە پەسەند کرا و لە کۆتایشدا سەرۆک بایدن پڕۆژە یاساکەی درەنگانی شەوی شەممە واژۆ کرد بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی کاری پێبکرێت.

ئەو پڕۆژەیەی کیڤن مەکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا خستیە دەنگدانەوە، بەزۆرینە لە لایەن دیموکراتەکانەوە پشتگیری کرا و زۆرێک لە کۆمارییەکان دژی بوون. 90 کۆماریخواز و دیموکراتێک دەنگیان دژی پڕۆژە یاسای بودجەی کورتخایەنیان دا.

مەکارتی ناچار بوو پشت بە دیموکراتەکان ببەستێت بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە، چونکە کۆمارییە توندڕەوەکانی ناو پارتەکەی ڕایانگەیاندبوو دژایەتی هەرجۆرە ڕێوشوێنێکی کاتی دەبن.

بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژە یاساکەی خستە دەنگدانەوە کە پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگ هەبوو بۆ پەسەندکردنی، واتە نزیکەی 290 دەنگ لە کۆی 435 دەنگ. کۆمارییەکان زۆرینەن لە ئەنجومەنەکەدا کە 221 ئەندامن لە بەرامبەر 212 دیموکراتدا.

بەیانی ڕۆژی شەممە مەکارتی ڕایگەیاند کە هەوڵدەدات پڕۆژە یاسای بودجەی کاتی بە یارمەتی دیموکراتەکان پەسەند بکات، هەنگاوێک کە دەتوانێت ڕێگری لە داخستنی حکومەت بکات، هەرچەندە پێدەچێت سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی بخاتە مەترسییەوە.

دژایەتی گروپێک لە ئەندامانی کۆماریخواز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لەگەڵ پڕۆژە یاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵی بووە هۆی ئەوەی چالاکییەکانی بەڕێوبەرایەتی بایدن لە لێواری داخستن نزیک ببنەوە.

مەکارتی ڕۆژی شەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمارییەکان ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێشخەرییەک دەخاتە ڕوو بۆ ڕێگریکردن لە داخستنی حکومەتی فیدراڵی بۆ ماوەی لانیکەم 45 ڕۆژ.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەمە کاتێکی زیاتر دەداتە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە.

لە پڕۆژەیاسای کاتیدا بە پێچەوانەی خواستی دیموکراتەکانەوە، هیچ بودجەیەک بۆ ئۆکرانیا دانەنراوە، چونکە کۆمارییەکان دژی بوون.

بەپێی ئەو پڕۆژەیاسای کاتییەی لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات پەسەند کراوە، حکومەت تا 17ی مانگی یازدە بودجەی بۆ دابینکراوە و کۆنگرێس دەبێت پێش ئەو وادەیە بڕیار لەسەر دابینکردنی بودجەی حکومەت بۆ داهاتوو بدات.

دواجار دەبێت هەردوو دامەزراوەکە، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات لەسەر بودجە ڕێکبکەون، ئەگەر ڕێککەوتن نەکەن، ئەوا حکومەتی ئەمەریکا بەهۆی کەمی بودجەوە دادەخرێت. لە ئەگەری داخستنیش جگە لە بەشی فریاکەوتنی حکومەت، بەشەکانی دیکە دادەخرێن تا ئەو کاتەی کۆنگرێس دەگاتە ڕێککەوتن لەسەر بودجە.

XS
SM
MD
LG