Accessibility links

ئەمەریکایـیەکان بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئاهەنگ دەگێڕن         


ئەمەریکایـیەکان ئەمڕۆ سێشەممە ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان کە 247 سـاڵ لەمەوبەر و لە ڕێکەوتی 4 ی مانگی حەوتی سـاڵی 1776 سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا ڕاگەیاند.

ئەو سەردەمە بەریتانیا 13 ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکای خستبووە ژێر حوکمڕانی خۆی کە بە Thirteen Colonies ناسراوە، بەڵام دواتر ئەمەریکا بوو بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە لە 50 ویلایەت پـێکهاتووە و لە ئەمڕۆدا زیاتر لە 320 ملیۆن کەس لە ژێر سایەیدا دەژین.

ئەم وڵاتە کە هەموو تەمەنی لە 250 ساڵ کەمترە، توانی بە گرتنەبەری ئەو ڕێبازەی کە لە لایەن دامەزرێنەرانیەوە بۆی دانرابوو، ببێتە مەزنترین وڵاتی جیهان.

جۆن ئادەمز، بنیامین فرانکلین، ئەلیکسەندەر هاملتن، جۆن جەی، تامس جێفرسن، جێمس مادسن و جۆرج واشنتن، بە دامەزرێنەرانی سەرەکی ئەمەریکا دادەنرێن.

جۆرج واشنتن کە یەکێـک بوو لە دامەزرێنەران و بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەم وڵاتە نوێـیە، ئامادە نەبوو خۆی بۆ خولی سێهەمی سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە. ئیدی ئەمە بوو بە نەریتێـکی سیاسی لەم وڵاتە کە سەرۆک لە دوو خول زیاتر بۆی نەبێت خۆی کاندیدبکاتەوە.

جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمەریکا نەک تەنیا وەرچەرخانێـکی مێژوویی بوو بۆ ئەمەریکایـیەکان، بەڵکو بۆ تەواوی جیهان، چونکە بنەماکانی ئازادی و فەلسەفەی سیاسی و ئابوری گرنگی هێنایە کایەوە و زۆر یان کەم کاریگەری بەسەر وڵاتانی دیکەش هەبووە.

ئەمەریکایـیەکان ئەم ڕۆژە بە گرنگترین ڕۆژی نیشـتمانی خۆیانی دادەنێن و ساڵانە ئاهەنگی گەورەی تیایدا دەگێڕن و گەرنڤاڵی جۆراوجۆری بۆ دەڕازێنـنەوە و لە هەمووی گرنگتریش یارییە ئاگرینە جۆراوجۆەکانە کە خێزانەکان چێژی لێ دەبینن.

XS
SM
MD
LG