Accessibility links

جۆو بایدن لە کۆشکی سپی پێشوازی لە نرێندر مۆدی دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە میوانداری نرێندر مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان دەکات لە کۆشکی سپی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییە دوولایەنەکان.

لە مەراسیمێکی پێشوازیکردندا لە باخچەی باشوری کۆشکی سپی، بایدن وتی ئاڵنگارییەکانی جیهان پێویستی بەوەیە هیندستان و ئەمەریکا پێکەوە کاربکەن "و ئێمەش هەروادەکەین".

مۆدی سوپاسی بایدنی کرد بۆ ئەو دۆستایەتییە.

پێش دانوستانەکانیان، کۆشکی سپی ڕایگەیاند "سەردانەکەی مۆدی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پابەندبوونی هاوبەشی دوو وڵاتەکەمان بۆ هیندۆ-پاسفیکێکی ئازاد، کراوە و خۆشگوزارن و زیادکردنی هاوبەشی تەکنەلۆژیا، لەوانەش لە بواری بەرگری و وزەی خاوێن و واڵاییدا."

لە هەنگاوێکی دەگمەندا بۆ سەرۆکی هیندستان، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە مۆدی و بایدن کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەن.

هەروەها بڕیارە مۆدی وتارێک پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمەریکا بکات. بەرنامەکانی ڕۆژی پێنجشەممە بە خوانێکی ئێوارەی فەرمی لە کۆشکی سپی کۆتایی پێدێت.

زیاتر لە بیست ساڵە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەمەریکا وەک هاوبەشێکی سەرەکی مامەڵەیان لەگەڵ هیندستان کردووە. سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمەریکا بیل کلینتۆن، جۆرج بوش، باراک ئۆباما و دانۆڵد ترامپیش گەشتی 15 کاتژمێرییان بۆ نیودلهی ئەنجام داوە.

بەڵام هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکایی پێشتر بە شێوەی سەرۆک بایدن گرنگی بە سەردانی مۆدی بۆ واشنتن نەداوە زۆرترین نمایشی ڕێز و میوانداری لە کۆشکی سپی، لەوانەش ئاهەنگی هاتن و ڕۆشتنی پاسەوانی شەرەف، پێشوازییەکی گەورەی ئێوارە و شوێنی نیشتەجێبوون لە بلێر هاوس، میوانخانەی فەرمی کە دەکەوێتە بەرامبەر شەقامێک لە کۆشکی سپییەوە.

XS
SM
MD
LG