Accessibility links

وەزیری بەرگری تورکیا: کۆبونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ بارزانی لە داهاتوودا ئەنجامی باشی دەبێت


یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا ڕۆژی چوارشەممە پێش کۆبوونەوەی گروپی پەرلەمانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە دوایین دۆخی "شەڕی دژی تیرۆر"، گولەر گوتی شەڕەکەیان "دژی تیرۆر بە هەمان شێوە، بە چڕتر و ئیرادەیەکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گولەر ڕایگەیاند،" ئەو کۆبوونەوەیە لە داهاتوودا ئەنجامی ئەرێنی لێدەکەوێتەوە."

گوتیشی "بەدڵنیاییەوە ئەم کۆبوونەوەیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەبێت، ئێمە هاوکارییەکانمان بەهێزتر دەکەین و لە کۆتاییدا، ئەنجامی ئەرێنی دەبێت".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری توركیا لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا کۆبووەوە و وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدانیش لەو کۆبونەوەیە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادە بوو.

مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە کە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری توركیا کۆبووەتەوە و پیرۆزبایی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لێکردووە.

XS
SM
MD
LG