Accessibility links

کەجەکە ئۆباڵی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ دەخاتە ئەستۆی حکومەتی تورکیا


دوای زیاتر لە 4 مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەک لایەنە لەلایەن کەجەکەوە، وا جارێکی دیکە کەجەکە کۆتایی بە ئاگربەستەکەی لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا هێنا و دەڵێت هەڵگیرساندنەوەی شەڕەکە ئۆباڵی لە ئەستۆی حکومەتی تورکیایە. تورکیاش لای خۆیەوە دەڵێت درێژە بە شەڕی دژی تێرۆرزم دەدات.

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دوا بەدوای بومەلەرزە بەهێزەکەی لە 6 ی مانگی دوو کە لە باشوری تورکیای دا، ئەوان وەکو کەجەکە بڕیاری ڕاگرتنی شەڕیان دا، لە پێناو ئەوەی هیچ ئاستەنگییەک لە بەردەمی کارە فریاگوزارییەکان دروست نەبێت و هەموو توانا و دەرفەتەکان بڕەخسێن بۆ بەهاناوەچوون و فریاکەوتنی خەڵکی لێقەوماو.

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە
زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە

دەشڵێت دوای بومەلەرزەکە، پرۆسە هەڵبژاردن دەستیپێکرد، بۆیە بڕیاری درێژەدان بە ئاگربەستەکە درا، ئەویش لە پێناو ئەوەی هیچ دەرفەتێک بە دەست حکومەتی تورکیا نەدرێت بۆ نانەوەی شەڕ.

تورکیا ئاگربەستە تاک لایەنەکەی کەجەکەی بە کردەوە ڕەتکردەوە و بەردەوامبوو لە هێرشەکانی، دەڵێت لە شەڕی دژی تێرۆرستان بەردەوامە. وەزارەتی بەرگری تورکیا چەندین جار لە ماوەی ئاگربەستەکە ڕاگەیاندنی لە بارەی ئۆپەراسیۆنە لەشکرییەکانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

وەزارەتەکە لە 22 ی مانگی چوار لە ڕێگەی تویتەرەکەی هەواڵی هێرشێکی ئاسمانی خۆی بۆ سەر پەکەکە بڵاوکردەوە


وتەبێژی کەجەکە لە بارەی بەردەوامی هێرشەکانی لەشکری تورکیا و ئۆپەراسیۆنی دەزگا جیاوازەکانی حکومەتی تورکیا لە دژیان دەڵێت، حکومەتی تورکیا نەک تەنیا ئاگربەستەکەی پشتگوێ خست، بەڵکو هێرشەکانیشی زیاتر کرد و هەر لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا زیاتر لە 500 جار هێرشی ئاسمانی کردووە، و 4336 جار بە تۆپ و خومپارە و کاتیوشا هێرشی کردووە و زیاتر لە 224 جار چەکی قەدەغەکراوە و کیمیایی بەکارهێناوە. دەشڵێت هەر بەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە هەرێمی کوردستان 22 ئەندامی پەکەکەی تیرۆرکردووە، بۆیە ئاگربەست هیچ واتایەکی نەما.

لەشکری تورکیا لای خۆیەوە بەردەوامبوونی هێرشەکانی لە دژی پەکەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام هەتا ئێستا باسی لەوە نەکردووە چەکی قەدەغەکراو بەکارهێنابێت. ساڵی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بە توندی ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت، بەڵێنیشی دا ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر لە دژی ئەوانەی ئەو تۆمەتیان ئاڕاستەی لەشکری وڵاتەکەی کردووە.

کەمال ڕەئوف، چاودێری سیاسی
کەمال ڕەئوف، چاودێری سیاسی

کەمال ڕەئوف، چاودێری سیاسی، پێیوایە حکومەتی تورکیا ئاگربەستەکەی پێ خۆش نەبووە، دەڵێت حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێویستی بە دوژمنێکی وەهمی هەیە کە خەڵکی وڵاتەکەی پێ سەرقاڵ بکات، وە ئاسانترین دوژمنی وەهمی دروستیبکات ئەوەیە بڵێت مەترسی پەکەکە و کوردی ڕۆژئاوا هەیە.

دەشڵێت دۆخی ئابوری تورکیا هەتا دێت بەرەو خراپتر دەڕوات و بەهای لیرەی تورکیا هەر ڕوو لە نزمبوونەوەیە، بۆیە ئەگەر وڵاتەکە لە شەڕدابێت، ئەو کاتە خەڵکی زۆر پرسیار لە بارەی ئابوری وڵاتەکەیان ناکەن.

زاگرۆس هیوا لە کۆتایی لێدوانەکانی بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بچووکترین خواستی بۆ چارەسەری و ئاشتی هەبوایە، ئەوا دەیتوانی ئەو بڕیاری ئاگربەستە وەک زەمینە خۆشکەرێک بۆ ئاشتی بقۆزێتەوە.

تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان و تەنانەت هێزە کوردییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە سوریا بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی دادەنێت و دەڵێت هێرشەکانی بە ئامانجی کۆتایی‌هێنانە بە تێرۆرزمی دژی وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG