دوای کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی کەنەدا لە سەرەتای ئەم مانگە، حکومەتی ئەمەریکا بڕیاری دا بە سیستمێکی وەزارەتی بەرگری یارمەتی کەنەدا بدات لە زوو دەستنیشانکردنی شوێنی کەوتنەوەی ئاگری دارستانەکان.
سیستمەکە کە بە سیستمی پاسەوانی ئاگر FireGuard system ناسراوە، سوود لەو وێنە و زانیارییانە وەردەگرێت کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مانگە دەستکردەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە پێی دەگات.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بەم یارمەتییەی پێشکەش بە کەنەدا دەکرێت، دەڵێت ئەم سیستمە لە ماوەی هەردوو ساڵی 2021 و 2022 کاریگەری خۆی سەلماندووە لە زوو ئاگادارکردنەوە لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان و بەهۆیەوە توانراوە زووتر ئاگرەکان کۆنترۆڵبکرێن.
سیستمی پاسەوانی ئاگرکوژێنەوە، زیاتر پشت بە داتای مانگە دەستکردە سەربازییەکان دەبەستێت کە دەگەنە ناوەندی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر و بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری دارستانەکانی ئەمەریکا و دەزگای هەواڵگری بۆ جوگرافیای نیشتمانی. هەر ئاگرێک لە نێو دارستانەکاندا بەدیبکرێت، ڕاستەوخۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکرێنەوە.
سیستمەکە لە ساڵی 2019 دا دەستکرا بە تاقیکردنەوەی و لە ساڵی 2021 خرایە کارەوە. لە ئێستادا دوو تیم لە هێزی ئاسمانی و هێزەکانی پاسەوانانی نیشتمانی، سیستمەکە بەڕێوەدەبەن. یەک لە تیمەکان لە ویلایەتی کالیفۆرنیایە و ئەوی دیکەیان لە ویلایەتی کۆلۆرادۆیە. ئەم سیستمە هەموو 15 خولەک جارێک زانیاری دەدات لەسەر ئەو ناوچانەی کە مەترسی هەیە ئاگریان لێبکەوێتەوە.
فێلێپ سێڵگیو ، جێگری دەزگای ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا دەڵێت کاتێک لە ساڵی 2021 لە ویلایەتەکەی ئاگرێک ناوچەیەکی گرتەوە کە ڕووبەرەکەی نزیکی 4800 کیلۆمەتر دەبوو، ئەم سیستمە یارمەتی داون لە سنووردارکردنی ئاگرەکە و ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی.
لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیە کە دەیان ئاگری دارستانەکان لە کەنەدا کەوتنەوە، تەمێک کە بریتی بوو لە دووکەڵ و سووتووی دارەکان ئاسمانی بەشێک لە ناوچەکانی کەنەدا و ئەمەریکای گرتەوە و لەگەڵیدا بۆنی داری سووتاو دەکرا.
بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس وەرگیراون.
ئەمەریکا بە سیستمێکی وەزارەتی بەرگری یارمەتی کەنەدا دەدات لە زوو دەستنیشانکردنی شوێنی ئاگری دارستانەکان