Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەفتەی داهاتوو سەردانی سعودیە دەکات


FILE - U.S. Deputy Secretary of State Antony Blinken speaks during a press conference in the Saudi capital Riyadh, April 7, 2015.
FILE - U.S. Deputy Secretary of State Antony Blinken speaks during a press conference in the Saudi capital Riyadh, April 7, 2015.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی سعودیە بکات، ئەمەش یەکەم گەشتی ئەنتۆنی بلینکن دەبێت بۆ ئەو وڵاتە دوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تاران و ڕیاز کە دوای چەند ساڵێک پچڕان بە نێوەندگیری پەکین دەستیپێکردوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە ئەنتۆنی بلینکن له میانەی گەشتەکەیدا کە لە 6ی مانگی شەشەوە دەستپێدەکات، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی سعودی کۆببێتەوە و بەشداریش له دانوستانەکانی ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو بکات.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی ئەو وەزارەتە بڕیارە لە دانیشتنەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە، هاوکاری ستراتژیکی نێوان واشنتن و ڕیاز سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان و کۆمەڵێک پرسی دوو قۆڵی لەوانەش هاوکاری ئابووری و ئەمنی تاوتوێ بکرێن.

جان کێربی گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە پەیوەند بەم هەواڵەوە گوتی "بلینکن سەرنجی لەسەر پێشخستنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ڕیاز دەبێت."

کێربی ڕۆژی هەینی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئێمە سەرنجمان لەسەر داهاتووە و ئەمەش هەنگاوێکی هاوبەشی ستراتیژی گرنگە".

کێربی گوتیشی "ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە هەمیشە لەگەڵ سعودییەکان لەسەر هەموو شتێک هاوڕاین یان ئەوانیش لەسەر هەموو شتێک لەگەڵ ئێمە هاوڕان، بە دڵنیاییەوە جیاوازی بیروڕامان هەبووە."

بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین جار جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە هاوپەیمانی لەگەڵ سعودیە و ئاسایشی ئەو وڵاتە کردووەتەوە. لە دوای ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تاران، واشنتن بە وریاییەوە پێشوازی لەو پەیوەندییە کردووە.

بلینکن لە مانگی سێدا دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەی ئێران و سعودیە گوتی "لە ڕوانگەی ئێمەوە هەر کردارێک کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و پێش بە کردەوە مەترسیدار و ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران بگرێت، ئەوا کردارێکی باشە."

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG