Accessibility links

کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە کۆشکی سپی سەبارەت بە ئێران


جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە واشنتن لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی کۆبوویەوە بۆ تاوتوێی کردنی نیگەرانییەکان لەمەڕ ئێران.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە لە میانەی کۆبوونەوەکەی جەیک سولیڤان و زاخی هانگبیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، هەردوولا باسیان لە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە و هەروەها ڕێگاچارەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە و گروپە بە وەکالەتەکانی تاوتوێ کردووە.

جەیک سولیڤان هەروەها ئاماژەی بە نیگەرانی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل کرد سەبارەت بە پەرەسەندنی پەیوەندییە سەربازییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئێران و گرنگی پشتیوانی ئۆکرانیا لە بەرگریکردن لە خاک و هاووڵاتیانی، بەتایبەتی لە بەرامبەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران.

لەو دیدارەدا جەیک سولیڤان جەختی لە ئامانجی حکومەتی ئەمەریکا کردەوە کە بریتییە لە بەهێزکردنی ئەمنی و ئاسایشی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیلی بە گرنگ زانی.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا گوتی "پێشکەوتن لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل پەیوەستە بە گرتنەبەری هەنگاوەکانی تەلئەبیب بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی فەلەستینییەکان."

هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە جەختی لە ئیرادەی وڵاتەکەی بۆ پێشگرتن لە دەستکەوتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی کردەوە.

ناتانیاهۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند و گوتی "هەموو ئەو هەواڵانە دەبیستم کە باس لە ئێران دەکەن. بۆیە پەیامێکی ڕوونم هەیە هەم بۆ ئێران و هەم بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەویش ئەوەیە کە ئیسرائیل ئەوەی پێویست بێت دەیکات بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."

شایانی باسە کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕایگەیاند کە ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەو وڵاتە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 23 هێندەی ئەو سنوورەی کە لە ڕێککەوتنی ساڵی 2015ی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان بۆی دەستنیشان کرابوو.

بەشێک لەم هەواڵە لە ماڵپەڕی کۆشکی سپی وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG