Accessibility links

نیگەرانی ئەمەریکا لە پەرەسەندنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران

کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج ڕۆژی پێنجشەممە،1ی مانگی شەش نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران دەربڕی.

ئەنتۆنی بلینکن هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ هاوتاکانی باسیان لە هەوڵە پێکەوەییەکان کردووە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وێنەی دیدارەکەی لەگەڵ هاوتاکانی بڵاوکردووەتەوە ونووسیوێتی "جەختم لەسەر پشتگیری بەردەوام بۆ ئۆکرانیا کردەوە لەکاتێکدا بەردەوامە لە بەرگریکردن لە دژی شەڕی دڕندانەی ڕووسیا و هەروەها جەختم لەسەر نیگەرانییەکانی ئەمەریکا کردەوە سەبارەت بە پەرەسەندنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران."

هەروەها ڕۆبەرت ماڵی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ئێن پی ئاڕی ئەو وڵاتە، ئاماژەی بە لێدوانەکانی ڕابردووی بایدن کرد سەبارەت بە بژاردەی سەربازی لە ئەگەری بەردەوامبوونی هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی، بڕیارێک کە هەواڵگری ئەمەریکا دەڵێت تاران تا ئێستا بڕیاری بۆ نەداوە.

ماڵی گوتی "بژاردەی سەربازی باشترین بژاردە نییە، بەڵام بایدن هەرچی پێویست بێت دەیکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئێران بۆمبی ناوکی بەدەست نەهێنێت."

کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دوای ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دێت کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە نوێترین ڕاپۆرتی نهێنی خۆیدا سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.

ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتییە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی مەزەندەکراوی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراو گەیشتووەتە زیاتر لە 23 هێندەی ئەو سنوورەی کە لە ڕێککەوتنی ساڵی 2015ی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهاندا بۆی دیاریکرابوو.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسەدا باس لەوە کراوە کە لە دوایین پێداچوونەوەی دەزگایەدا، دەرکەوتووە کە کۆی ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە 4744.5 کیلۆگرام مەزەندە دەکرێت.

دوا خەمڵاندنی ئاژانسەکە لە مانگی دوو دەریخستووە کە ڕێژەی یۆرانیۆمی ئێران نزیکەی سێ هەزار و 760 کیلۆگرامە کە لەو بڕەیەش 87.5 کیلۆگرام بەڕێژەی 60% پیتێندراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 ، سنووری پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئێران 202.8 کیلۆگرامە.

تاران بەردەوام هەر هەوڵێکی بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوکی ڕەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بە تەواوی ئاشتیخوازانەیە.

بەشێک لەم هەواڵە لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە

This item is part of
XS
SM
MD
LG