Accessibility links

شیکەرەوەیەکی ئاسایشی نیشتمانی: کڵیچدارئۆغڵوش دۆستێکی نزیکی کورد نییە


ئیرینا سوکرمان، شیکەرەوەیەکی ئاسایشی نیشتمانی لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باس لە چەندین پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە تورکیا دەکات.

دەڵێت با ئەوەمان لەبیر نەچێت کڵیچدارئۆغڵوش دۆستێکی نزیکی کورد نییە. دەشزانین لە سەرەتادا ئەردۆغان لەسەر بنچینەی پەیمانەکانی بۆ کورد هەڵبژێردرا و دەیگوت پێداچوونەوە بە پاشخانی ئەو دۆسێیەدا دەکات و تورکیاش لە ژێر ئاڵای ئایندا یەکدەخاتەوە، بەڵام شکستی هێنا و هیچ یەکێک لەو پەیمانانەی بەجێنەگەیاند، هیچ شتێکی لە ڕوانینەکانی ڕکابەرە سیاسییەکەی نەگۆڕی.

ئیرینا سوکرمان
ئیرینا سوکرمان

سوکرمان لە دیدارەکەدا زیاتر وتی لێرەدا بەڕاستی پێویستە وەڵامی هەندێک پرسیاری دیاریکراو بدرێنەوە، وەک ئەوەی ئایا ئۆپزسیۆن ئامادەیە پارتی کرێکاران لە لیستی تێرۆریستان لابدات؟ ئایا دەخوازێت ببێتە بەشێک لە مێزی دانوستاندن بۆ مافی ئۆتۆنۆمی کورد لە تورکیادا یان لەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ ڕێگەگرتن لە پێشێلکاری زیاتری مافەکانی مرۆڤ؟

جەختیشیکردەوە کە پێویستە ئۆپزسیۆن بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی بدات لەسەر ئەگەر و نەگەری دانوستاندن لەگەڵ کورد لە سوریادا لەسەر مافەکان و ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانییە ئاسایشیانەی تورکیا هەیەتی، واتە ئەوانەی دەمێکە ئەردۆغان کردونیەتە وێردی سەر زمانی؛ جا ئەم پرسیارانە پێویستە وەڵام بدرێنەوە، دەنا هەر وەک خۆیان دەمێننەوە.


هۆکارەکانی دەنگدان بە ئەردۆغان لە تورکیا..

ڕۆژی 14ی ئم مانگە هەڵبژاردنەکای سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە تورکیا بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ کام لە دوو کاندیدە بەهێزە ڕکابەرەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلو نەیانتوانی ڕێژەی یاسایی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەستبهێنن، بۆیە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک بە تەنها لە نێوان ئەو دوو کاندیدە لە 28ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.

لەگەڵ ئەوەشدا پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەیان بەدەستهێنایەوە.

بەبڕوای ئیرینا سوکرمان شیکەرەوەی ئاسایشی نیشتمانی هۆکارەکانی بەدەستهێنانی ئەو ڕێژە بەرزەی دەنگدان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە چەندان ساڵی ڕابردوودا پارتی داد و گەشەپێدان هێزی خۆی لەناو دامەزراوەکاندا تۆکمە کردووە، وەک دامەزراوەی پەروەردە و میدیا و کەناڵەکانی تری پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە.

سوکرمان دەشڵێت جا ئەردۆغان لەم کۆنترۆڵکردنە سوودێکی گەورەی بینیوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیامەکانی ئاکەپە؛ ئەو پەیامانەش بریتین لە پەیامی ئاینی و هەروەهاش پەیامی ناسیۆنالیستی. ئەردۆغان سەرکەوتووانە کاری خۆی بەڕێکرد لە گەیشتن بە دەنگدەرانی دەرەوەی، کاتێک ئەردۆغان ئەو گوتارە نەتەوەییەی تێکەڵ بە گوتارە ئاینییەکەی ئاکەپەی دەکرد.

ئەو شیکەرەوە سیاسیە ئاماژەی بە هۆکارێکی تری ئەو ڕێژە زۆرەی دەنگی ئەردۆغان و پارتەکەی کرد و وتی بەکارهێنانی دۆسێی ئاسایش و تێرۆریزم، و گوتاری ئیمپراتۆریەتی نوێی عوسمانلی، ئەمانەش کاریگەرییان هەبووە لەسەر ڕاکێشانی خەڵک بۆ ئەو بەشدارییە زۆرەی بینیمان لە هەڵبژاردنەکەی 14ی مانگدا.

هۆکارەکانی لاوازی ئۆپۆپزسیۆن

شیکەرەوە سیاسیەکە ئاماژە دەکات بە هۆکاری کەمی دەنگەکانی ئۆپزسیۆنی تورکیا لەچاو ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی و دەڵێت ئۆپزسیۆنەکان وەک بارێکی باو ناسیۆنالیستن و دابەشبوونیش هەیە تیایاندا و سەرقاڵی ناکۆکییە ناوخۆییەکانیشیانن، هەربۆیە پەیامەکانی ئۆپزسیۆن لە چەند هەفتەی بەر لە هەڵبژاردنەکە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی ئاکەپەدا لاوازبوون.

ئیرینا سوکرمان دەڵێت ئاکەپە هاوکاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە یەکگرتوویی خۆیی نیشان دا و توانی سوودێکی زۆر ببینێت لە کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە بە بەراورد لەگەڵ ئۆپزسیۆندا، ئەمەش چونکە بەر لە ڕۆژی هەڵبژاردن لایەنەکەی ئەردۆغان لە چوارچێوەی گوتارە عوسمانلییەکەیدا بە هەموو خەڵکی ڕاگەیاند کە ئۆپزسیۆن ناتوانێت هیچ یەکێک لەو پەیمانانەی دەیدات بەجێیبگەیەنێت، بە خەڵکی دەگوت زۆر لە ئۆپزسیۆن ناسیۆنالیست ترە، هەرچەندە بە ڕوانینی من، ئەردۆغانیش نەیتوانی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا ئەوە نیشان بدات کە ئایا دەتوانێت چی بکات.

زۆر ئاسانە ئەردۆغان ئەمانە بەرامبەر ئۆپزسیۆن بکات.....

هەر لە بەرنامەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا (چاوی واشنتن) ئەو شیکەرەوەیەی ئاسایشی نیشتمانی ئاماژە بەوە دەکات بۆ ئەردۆغان ئاسانە هەندێک کار لەدژی ئۆپۆزسیۆن بکات.
ئیرینا سوکرمان وتی زۆر ئاسانە بۆ ئەردۆغان ئۆپزسیۆن بە ساختەکاریی لە هەڵبژاردندا گوناهبار بکات و پێشتریش ئەو کارەی کردووە، تەنانەت دەتوانێت بەو شێوەیەی خۆی دەیخوازێت پارێزبەندی دیپلۆماتی یان سیاسی لە ڕکابەرەکەشی بسەنێتەوە، یان تەنانەت ڕێگە لە هەندێک لایەنیش بگرێت لەوەی بتوانن بچنە دەنگدانیشەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا.
وتیشی: یاخود دەتوانێت بەرتیل و پارەش بدات لە پێناو تێکدان یان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن وەک پێشتریش کردوویەتی.

ئەردۆغان و خۆنیشاندانی وەک قوربانی

ئیرینا سوکرمان دەشڵێت ئەوەی ئەردۆغان مەبەستییەتی بزواندنی هەستی گشتی یان ڕای گشتییە لە وڵاتەکەیدا؛ لە تورکیا ئەگەر خۆت وەک قوربانییەک نیشان بدەیت و بڵێیت پیلانگێڕان هەیە بۆ لادانی ڕێبەرێکی هەڵبژێردراو، ئەوا دەبێتە هاندەرێک بۆ بەشداری زیاتری خەڵک و بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتری دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا.

وتیشی ئەو جۆرە لێدوانانە کاریگەری خۆیان هەن، لە ئێرانیش بە هەمان شێوەیە و خەڵک لە دەوری ڕژێمەکە کۆدەکاتەوە کاتێک باس لە هەڕەشە و مەترسییە دەرەکییەکان دەکرێت؛ لە تورکیاش وەک ئەردۆغان دەڵێت، دەیانەوێت بە پێچەوانەی خواستی نیشتمانییەوە، لە دەرەوە بڕیار بدەن کێ دەبێتە سەرۆک، بەمەش خەڵکی زیاتر بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، بەوانەشەوە کە دڵنیانین لێی.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەلایەن کڵیچدارئۆغڵو و هاوپەیمانێتیەکەیەوە، شیکەرەوەکەی ئاسایشی نیشتمانی وتی بەداخەوە ئەو چارەسەرکردنەی دۆسێی کورد شتێک نییە بگوترێت دەستبەجێ دەکرێت، بە تایبەتی کاتێک کە ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی بوونەتە زۆرینە لە پەرلەماندا؛ جا ئەگەر ئەردۆغان هەڵبژاردنی دۆڕاند، ئەوا وەهای لێدێت لەگەڵ سیاسەتە گشتییەکەی خۆیدا سەودا بکات و دڵی لایەنگرەکانی ڕابگرێت لەسەر ئەم دۆسێیە.

تەواوی بەرنامەکە ببینە

چاوی واشنتۆن: هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا
please wait

No media source currently available

0:00 0:40:00 0:00

XS
SM
MD
LG