Accessibility links

هەدەپە و پارتی چەپی سەوز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەخت لە شکستپێدانی ئەردۆغان دەکەنەوە


پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان لە ئانکەرە سەبارەت بە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، هەریەک لە هاوسەرۆکەکانی هەدەپە پەروین بوڵدان و میتات سانجار و هاوسەرۆکەکانی پارتی چەپی سەوز چیگدەم کلیگون و ئیبراهیم ئامادەبوون.

بوڵدان ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان شکستپێهێنانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە.

دەشڵێت "بێ دوودڵی دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و پێکەوە ڕژێمی تاکە کەسی دەگۆڕین. هەڵبژاردنی خولی دووهەم ڕیفراندۆمە و بڕیار دەدرێت لەسەر ئەوەی دیموکراسیمان دەوێت یان ڕژێمێکی تاکەکەسی."

بوڵدان گوتیشی بەردەوام دەبێت لە تێکۆشانی بۆ پاشەڕۆژێکی دیموکراسیانە.

کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی نیشمانی و ئومیت ئۆزداغ سەرۆکی پارتی زەفەر، ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوە و ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد.

پارتی زەفەر (سەرکەوتن) بە گوتارەکانی دژ بە کۆچبەرانی سوریا و پارتەکانی پشتیوانی کورد ناسراوە.

بوڵدان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند کە کۆچبەران و پەنابەران نابێت بابەتی بەرژەوەندی سیاسی بن، بەڵام ڕاستەوخۆ هیچی لەبارەی پشتگیریکردنی کلیچدارئۆغڵو نەگوت.

سەرچاوە: تویتەر، هەدەپە

XS
SM
MD
LG