Accessibility links

سینان ئۆغان دەڵێت هێشتا بڕیاری نەداوە پشتیوانی ئەردۆغان دەکات یان کلیچدارئۆغڵو


کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا، سینان ئۆغان کە لە هەڵبژاردنەکانی 14 مانگدا % 5.17 ی دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە، ئەو دەتوانێت براوەی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دیاری بکات.

ئۆغان کاندیدی هاوپەیمان ئاتا بەو ڕۆژنامە ئەمەریکاییەی ڕاگەیاندووە "لە ئێستادا لەگەڵ هەردوو هاوپەیمانی نیشتمانی و هاوپەیمانی گەلدا لە دانوستانداین و لە 19ی مانگ بڕیاری خۆمان سەبارەت بە پشتیوانی ڕادەگەیەنین".

بە گوتەی ئۆغان، لە %70ی ئەو دەنگدەرانەی لە گەڕی یەکەمدا دەنگیان پێداوە، لە گەڕی دووهەمیشدا پشتیوانی لێدەکەن.

بە پێی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی تورکیا لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکەی 14 ی مانگی 5 بەم شێوەیەیە: ئەردۆغان لە ٪49.52 ی بەدەستهێناوە و کلیچدارئۆغڵو ٪44.88 ی بەدەستهێنا و کاندیدی سێهەمیش سینان ئۆغان لە هاوپەیمانی ئاتا ٪5.17 ی بەدەستهێناوە. لەبەر ئەوەی هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانیوە بگەنە ٪51 ی دەنگەکان بۆیە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەچێتە خولی دووهەمەوە.

دەشێت ئەو %5.17 ی کە ئۆغان بەدەستیهێناوە بتوانێت هەڵبژاردنەکان لە نێوان کلیچدارئۆغڵو و ئەردۆغان یەکلابکاتەوە.

ئۆغانی تەمەن 55 ساڵانی نەتەوە پەرست لە بەرامبەر پشتیوانی بۆ هەر لایەنێکیان چەند داواکارییەکی هەیە کە بریتین کاتێکی دیاری کراو بۆ گێڕانەوەی پەنابەرانی چەندین وڵاتان لەناویاندا سوریایی و ئەفغانییەکان.

هەر ڕۆژێک پاش هەڵبژاردنەکانیش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو " لەگەڵ دەنگدەرانماندا تاوتوێی بڕیارەکە دەکەین بۆ خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکان. بەڵام ئەوەمان ڕوون کردەوە کە شەڕی دژ بە تیرۆرزم و ناردنەوەی پەنابەرەکان هێڵی سورە بۆ ئێمە."

ئۆغان ئاماژەی بەوەشکردبوو " دەتوانین پرۆتۆکۆلێک لەگەڵ هاوپەیمانی نەتەوەیی (بۆ پشتگیریکردنی کلیچدارئۆغڵو) واژۆ بکەین، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە ئەوان هیچ دەسەڵاتێک بە هەدەپە نادەن."

هەدەپە کە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردووە بۆ سەرۆکایەتی پشتیوانی لە کەمال کلیچدارئۆغڵو دەکات.

گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە 28 ی مانگی 5 بەڕێوە دەچێت.

XS
SM
MD
LG