Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت زاناکانی موشەکی دەنگبڕ ڕووبەڕووی ' تۆمەتی ناپاکیکردنی زۆر مەترسیدار ' بوونەتەوە


وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ

کرێملن دەڵێت سێ زانای ڕووسی کە کارییان لەسەر تەکنەلۆجیای موشەکی دەنگبڕ کردووە ڕووبەڕووی " تۆمەتی زۆر مەترسیدار " دەبنەوە. ئەمەش لە لێکۆڵینەوەیەکی ناپاکیدا کە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە نێو کۆمەڵگەی زانایانی ڕووسیادا بڵاوکردۆتەوە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی ئاگاداری ئەو نامە کراوەیەیە کە زانایانی سایبیریا ناردوویانە بۆ بەرگریکردن لەو زانایانە، بەڵام دۆسییەکە بابەتێکی دەزگاکانی ئاسایشە.

لە نامەیەکدا هاوکارەکانی ئەناتۆڵی ماسلۆڤ و ئالیکساندەر شیپلیوک و ڤالێری زڤیگینتسیڤ باسییان لە بێتاوانی ئەو زانایانە کردووە و دەڵێن تۆمەتبارکردنەکە مەترسی دروست کردووە لەسەر ئەوەی زیانێکی مەترسیدار بە زانستی ڕووسیا بگەیەنێت.

زاناکان وتییان " هەموویان وەکو نیشتیمانپەروەر و کەسانی باش دەناسین کە لە توانایاندا نیە ئەو کارە بکەن کە بەرپرسانی لێکۆڵینەوەکان گومانییان هەیە کردبێتییان."

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئاماژەی بەوەداوە ڕووسیا لە جیهاندا پێشەنگە لە ڕووی موشەکە دەنگبڕەکانەوە، لە توانایاندا هەیە بە خێرایی 12,250 کم لە کاتژمێرێکدا بفڕن و خۆیان لە بەرگرییەکانی دوژمن بشارنەوە. ڕۆژی سێشەممە ئۆکرانیا وتی توانیویەتی شەش موشەکی دەنگبڕی ڕووسی لە یەک شەودا تێکبشکێنێت، ڕووسیا ئەوەی ڕەت کردۆتەوە.

پێسکۆڤ کاتێک سەبارەت بە نامەکە پرسیاری لێکرا، وتی " بێگومان ئەم نامەیەمان بینیوە، بەڵام دەزگا تایبەتەکانی ڕووسیا کار لەسەر ئەمە دەکەن، ئەوان کاری خۆیان دەکەن. ئەمانە تۆمەتی زۆر مەترسیدارن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG