Accessibility links

کیێڤ دەڵێت ژمارەیەکی زۆر موشەکی دەنگبڕی ڕووسیای خستۆتە خوارەوە


ئۆکرانیا دەڵێت لە یەک شەودا شەش موشەکی دەنگبڕی کینژاڵی ڕووسی خستۆتە خوارەوە، ئەمەش لە لێدانێکدا بۆ ئەو جۆرە موشەکە کە مۆسکۆ شانازی پێوە دەکات وەکو موشەکێکی دەنگبڕی نەوەی نوێی وڵاتەکە و دەڵێت ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.

ئەمە یەکەمین جارە کیێڤ بانگەشەی ئەوە بکات سەرجەم موشەکە دەنگبڕە کینژاڵەکانی ڕووسیای خستۆتە خوارەوە، ئەگەر ئەوە پشتڕاست ببێتەوە، ئەوا کاریگەریی ئەو سیستمە بەرگرییە موشەکییانەی ڕۆژئاوا دەردەخات کە دراون بە کیێڤ.

ڕۆژی سێشەممە زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکی لە سەرانسەری ئۆکرانیا لێدرا، بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر لە کیێڤی پایتەخت و هەرێمەکانی دەوروبەریشی بیسترا.

سەرکردەی هێزە هاوبەشەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا جەنەڕاڵ سێرهێی نایڤ وتی " ئامانجی دوژمن خستنەوەی ترس و دروستکردنی بێسەروبەرییە. بەڵام لە باکووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنەکان، بە کیێڤیشەوە، هەمووشتەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵێکی تەواودان."

ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا وتی شەش موشەکە کینژاڵەکە لە نێو ئەو 27 موشەکەدا بوون کە ڕووسیا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ئاڕاستەی ئۆکرانیای کردوون، وتیشی موشەکەکان لە ئاسمانی کیێڤدا تەقێندراونەتەوە و کەوتوونەتە خوارەوە.

تاوەکو ئێستا نەزاندراوە چی جۆرە سیستمێکی بەرگری موشەکی ڕۆژئاوایی لە بەرپەرچدانەوەی موشەکەکانی ڕووسیادا بەکارهێندراوە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش لێدوانی لەو بارەیەوە نەداوە.

ڕۆژنامەی سەربازی زڤیزدا بڵاویکردەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات بە موشەکێکی کینژاڵ سیستمێکی بەرگری موشەکی پاتریۆتی دروستکراوی ئەمەریکی تێکشکاندووە.

بەڵام سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڤالێری زالوژنی وتی سەرجەم موشەکە کینژاڵەکان خراونەتە خوارەوە.

بەرپرسانی کیێڤ وتیان بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی موشەکەکانەوە سێ کەس لە کیێڤ بریندار بوون.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی سەربازی شاری کیێڤ، سێرهێی پۆپکۆ، وتی " لە چڕیدا بێوێنە بوو، زۆرترین هێرشی موشەکی بوو لە ماوەیەکی کورتدا."

ڕۆژنامەی زڤیزدا لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە هێرشەکان ئامانج لێیان یەکە شەڕکەرەکانی ئۆکرانیا و شوێنی کۆگاکانی تەقەمەنی بووە.

زالوژنی وتی هێزەکانی ئۆکرانیا بەرپەرچی شەش موشەکی کینژاڵییان داوەتەوە کە لە فڕۆکەیەکەوە هەڵدراون، نۆ موشەکی کروزی کالیبریش بەرپەرچ دراونەتەوە کە لە کەشتییەکانی ناو دەریای ڕەشەوە هەڵدرابوون، هاوکات سێ موشەکی ئیسکاندەریش تێکشکێندراون کە لە وشکانییەوە هەڵدرابوون.

ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا وتی دوو موشەکی سیستمی موشەکی ئێس – 300 ژێرخانێکییان لە کۆستیانتنیڤکا کردۆتە ئامانج، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا کیێڤ بانگەشەی ئەوەی کرد موشەکێکی دەنگبڕی کینژاڵی بەسەر کیێڤدا خستۆتە خوارەوە و سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ئەمەریکی بۆ ئەو کارە بەکارهێناوە.

سوپای ئەمەریکا ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا موشەکە ڕووسییەکە لە کاتی خستنەخوارەوەیدا بە خێراییەکی دەنگبڕ فڕیوە یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG