سێ سەرچاوەی ئاگادار ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی کە بەرەو چین ڕۆیشتووە، گرتووە.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندوو چەند ڕۆژ دواتر ئێران وەک تۆڵەسەندنەوەیەک، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لە دەریای عومان لەسەر بووە، گرتووە.
شارەزایان دەڵێن دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تارانە دوای ساڵانێک لە سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی 'ئەمبری' لە بەریتانیا ڕایدەگەیاندووە کە دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە لانیکەم پێنج ڕۆژ پێش ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی ئێران ڕوویداوە.
ئەو کۆمپانیایە ڕایگەیاندووە کە "هەڵسەنگاندنی شارەزایانی کۆمپانیای ئەمبری ئەوەیە کە هێزی دەریایی ئێران لە وەڵامی ئەو کارەی ئەمەریکا، وەک تۆڵەکردنەوەیەک دەستی بەسەر ئەو تانکەرەدا گرتووە."
کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە هێزی دەریایی ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا لە دەریای عومان گرتووە کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە و لە کوێتەوە بەرەو تەکساس ڕۆیشتووە.
ئاژانسی هەواڵی فارس بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەو کەشتییە دوای پێکدادانی لەگەڵ کەشتییەکی ئێرانی لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە ڕاگیراوە.
بانگەشەکانی لەم شێوەیەی ئێران لە کاتێکدایە کە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە شتێکی باو و بەزۆری لەو کارانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە کەڵک وەردەگرێت.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز