لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ڕۆڵی ترەمپ لە هێرشەکەی سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا لە 6ی مانگی یەکی ساڵی 2021، جێگری پێشووی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بانگهێشتی دادگای فیدراڵی لە واشنتنی پایتەخت کرا و لەبەردەم دەستەی سوێندخۆران ئامادەبوو.
مایک پێنس لە کاتێکدا لە دانیشتنی دادگا ئامادەبوو کە تیمی یاسایی دانۆڵد ترەمپ هەوڵیاندابوو لە ڕێگای تانەدان و یاساییەوە ڕێگری لە ئامادەبوونی ناوبراو لە دادگا بکەن، بەڵام دادگا داواکەی پارێزەرانی ترامپی ڕەتکردبووە.
هۆکاری ئامادەبوونی پێنس لەبەردەم دادگا پەیوەندی بە هێرشەکەی 6ی مانگی یەکی ساڵی 2021 و دەرنجامەکانی ئەو هێرشەوە هەبوو. دانۆڵد ترەمپ هەرگیز ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی خولی پێشووی سەرۆکایەتی قبوڵ نەکرد و دوای چەند کاتژمێرێک لە وتارەکەی، کۆمەڵێک لە لایەنگرانی هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا و بۆ چەند کاتژمێرێک کۆنترۆڵی کۆنگرێسیان گرتە دەست. دوای ئەم ڕووداوە کۆنگرێسی ئەمەریکا و سیستەمی دادوەری دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
کەناڵی ئەی بی سی نیوز و ئێن بی سی نیوز بڵاویانکردەوە کە پێنس زیاتر لە حەوت کاتژمێر لەناو دادگای واشنتن بووە و تاکو ئێستاش نوێنەرانی پێنس هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
مایک پێنس لە درێژەی لێکۆڵینەوەکان و لەسەر داوای جەک سمیت، ڕاوێژکاری تایبەت و چاودێری لێکۆڵینەوەکان لە هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە دادگا ئامادەبوو.
دوای داواکردنی پێنس بۆ دادگا، ناوبراو سەرەتا دژی بانگهێشتەکە وەستایەوە و ڕایگەیاندبوو کە هیچ شتێکی بۆ شاردنەوە نییە، بەڵام دوای پێداگری جەک سمیت، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا پێنس ئامادەبێت لە دادگا و دواتریش تیمی یاسایی دانۆڵد ترەمپ لە دادگای پێداچوونەوە تانەیان لە بڕیارەکە دا، بەڵام نەیانتوانی بڕیارەکەی دادگا بگۆڕن.
سەرچاوە/ئاژانسی فرەنس پرێس