Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوریا ئامادەیە لەگەڵ حکومەتی سوریا و هەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکات


بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی سێشەممە لە ڕققە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تیایدا دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی 12 ساڵەی سوریا ڕاگەیاند.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی سوریا لە هەوڵی دروستکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیدایە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبدا و هاوکاتیش بوو لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بۆ سوریا و کۆبونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت، نێوەندە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی وەک ژنێڤ، ئاستانە و لیژنەی دەستوری هیچ ئەنجامێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا بەدەست نەهێناوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیەکی دروست بۆ ململانێی سوریا بووە، هەروەها جێبەجێنەکردنی بەرنامەی چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسی و بەهۆی بەشدارینەکردنی هەموو هێزە چالاکەکانی سوریا لە گفتوگۆ و پێداگری لەسەر ئەو چارەسەرانەی کە لە دەرەوە پێشکەش دەکرێن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند " پێویستە لە ناوخۆی وڵاتدا بەدواداچوون بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا بکرێت، حکومەتی سوریاش دەبێت هەڵوێستی بەرپرسیارانە نیشان بدات و ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر کە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرکەوتنی دۆزینەوەی چارەسەری ناوخۆیی."

دەشڵێت گرنگە هەموو هێزە سیاسییەکان، بە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجانەوە، دەنگیان ببیسترێت لە کێشانی نەخشەی بەڕێوەبەرایەتی داهاتووی سوریا "ئەمەش لە هەموو شتێک گرنگترە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری."

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕاگەیاندنەکەیدا جەختیشی کردەوە لە گرنگی بەشداری هەموو گروپە ئاینی و نژادییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.

بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە 9 خاڵی خستە ڕوو کە بریتی بوون لە دووپاتکردنەوەی ئەوەی کێشەکانی سوریا لەچوارچێوەی سوریادا چارەسەربکرێن. هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی سوریا و هەموو لایەنەکانی سوریا بۆ تاوتوێکردن و مشتومڕکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ قیرانەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد "دەوڵەتی تورکیا قەیرانی سوریای قووڵتر کردۆتەوە، خاکی ئەو وڵاتە و یەکگرتوویی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و ئەوانی دیکە کردووە. دەستێوەردانی حکومەتی تورکیا لە سوریا بە ئامانجی لادانی سەرنجەکانە لە قەیرانە ناوخۆییەکانی و هەناردەکردنی کێشەکانی بۆ دراوسێکانی لە ڕێگەی دەستدرێژی و بەکارهێنانی گروپە تیرۆریستی و بەکرێگیراوەکانەوە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی."

XS
SM
MD
LG