جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی گەشتەکەیدا بۆ ئیرلەندا، لە لێدوانێکی کورتدا ڕایگەیاند بڕیاری خۆی داوە و بەم زووانە بە فەرمی کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕادەگەیەنێت.
بایدن ڕۆژی هەینی لە فڕۆکەخانە و پێش گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە بەم زووانە ئەو هەواڵە ڕادەگەیەنێت.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها گوتوێتی "پێشتریش پێم وتوون کە بەنیازم خۆم کاندید بکەمەوە بۆ هەڵبژاردنەکان."
جۆ بایدنی تەمەن 80 ساڵ چەند جارێک ڕایگەیاندووە کە بەنیازە خۆی بۆ خولی دووەم کاندید بکات. هەفتەی ڕابردوو لە بەرنامەی "ئەمڕۆ"ی کەناڵی NBC ڕایگەیاند کە بەنیازە ئەو کارە بکات، بەڵام هێشتا ئامادە نییە بە فەرمی ئەو هەواڵە ڕابگەیەنێت.
بەگشتی ئەو سەرۆکەی لە ئەمەریکا خۆی بۆ دووبارە هەڵبژاردنی کاندید دەکات، ڕووبەڕووی نەیارێکی جددی لەناو پارتەکەی خۆیدا نابێتەوە.
بەڵام تەمەنی بایدن لەوانەیە وابکات هەڵبژاردنەوەی قومارێکی مێژوویی و مەترسیدار بێت بۆ دیموکراتەکان کە پێدەچێت بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 سینات ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا لەئێستادا کەمینەیە.
جێی ئاماژەیە کە پزیشکان دوای پشکنینی سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی دووی ئەمساڵدا ڕایانگەیاند کە بایدن لە ڕووی تەندروستی جەستەیی و دەروونییەوە توانای بەڕێوەبردنی کارەکانی هەیە.
لە لایەکی دیکەوە لە بەرەی کۆمارییەکان، دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و نیکی هێلی بە فەرمی کاندیدبوونی خۆیان ڕاگەیاندوە.
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بەنیازی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا نییە.
لە ساڵی داهاتوودا کێبڕکێی نێوان حزبەکان بەڕێوەدەچێت و لە کۆتایی هاوینی داهاتووشدا هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بەجیا، ئەنجوومەنی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی دواجار کاندیدی کۆتایی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بناسێنن.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمەریکا لە 5ی مانگی 5ی ساڵی 2024 بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز
بایدن دەڵێت بەم زووانە دووبارە کاندیدکردنی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بە فەرمی ڕادەگەیەنێت