کۆمپانیای ئەلارم فۆن ڕایگەیاند بەلەمێک کە نزیکەی 400 کۆچبەری هەڵگرتووە لە نێوان ئاوەکانی یۆنان و ماڵتادا لە ڕۆژی یەکشەممەوە گیری خواردووە، لە دەرئەنجامی ئەوەی سوتەمەنیان پێ نەماوە، لە کاتێکدا بەلەمەکانی کۆچبەران کە لە باکووری ئەفریکاوە دەریای ناوەڕاست دەبڕن بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
ئەلارم فۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، پەیوەندییەکیان لە بەلەمەکەوە پێگەیشتووە، کە لە تۆبروکەوە لە لیبیا بەڕێکەوتبوو و بەرپرسانیان لێ ئاگادارکردووەتەوە. بەڵام ئاماژەیان بەوەشکردووە تا ئێستا دەسەڵاتداران ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنیان دەست پێنەکردبوو.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، بەلەمەکە ئێستا لە ناوچەی گەڕان و ڕزگارکردنی ماڵتایە .
ڕێکخراوی ناحکومی ئەڵمانی سی-واتچ ئینتەرناشناڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند بەلەمەکەیان دۆزیوەتەوە کە دوو کەشتی بازرگانی لە نزیکەوە بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی ماڵتا فەرمانیان بە کەشتییەکان کردووە کە فریاگوزاری ئەنجام نەدەن و تەنها داوا لە یەکێکیان کراوە سووتەمەنیان بۆ دابین بکات.
دەستبەجێ نەتوانرا پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی ماڵتا بکرێت بۆ وەرگرتنی زانیاری.
ڕێکخراوێکی دیکەی ناحکومی بە ناوی (Resqship)ی ئەڵمانی، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، لانیکەم 23 کۆچبەر لە ماوەی شەوێکدا لە دەریای ناوەڕاست لە کەشتییەکی جیاوازدا گیانیان لەدەستداوە.
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، ڕێکخراوە ناحکومیەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ڕزگارکردندا 25 کەسی لەناو ئاوەکەدا دۆزیوەتەوە، کارمەندەکانیشی توانیویانە 22 کەسی ڕزگاربوو و دوو تەرم دەربهێننەوە، هەرچەندە پێیان ڕاگەیاندووە کە پێشتر نزیکەی 20 کەسی دیکە خنکاون.
هەفتەی ڕابردوو 440 کۆچبەر لە دەریای ماڵتا ڕزگارکران دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەخت کە ماوەی 11 کاتژمێری خایاند لە دەریا لەلایەن کەشتی جیۆ بارێنتس سەر بە ڕێکخراوی خێرخوازی پزیشکانی بێ سنوور (MSF).
ڕۆژی شەممە لانیکەم 23 کۆچبەری ئەفریقی بێسەروشوێن بوون لە کاتێکدا چوار بەلەم لە کەناری تونس نوقم بوون لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا بگەنە ئیتاڵیا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز