Accessibility links

زیاتر لە هەزار کۆچبەر لە بەندەرەکانی ئیتاڵیا ڕزکارکران


پاسەوانی کەناراوەکان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، زیاتر لە هەزار کۆچبەر لە دوو بەندەری ئیتاڵیا هێنرانە شوێنێکی سەلامەت، دوای ئەوەی ئەو بەلەمە قەرەباڵغانەی کە لەسەریان بوون، لە دەریای ناوەڕاستدا تووشی کێشە بوون.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەی جی ئای (AGI) ڕزگارکردنەکان هەمان ڕۆژ بوو کە تەرمی 74 هەمین قوربانیی کەشتییە کوشندەکەی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر دۆزرایەوە، کە تەرمی منداڵێکی مێینەیە کە تەمەنی لە نێوان پێنج بۆ شەش ساڵدایە.

نوقمبوونی کەشتیەکە لە 26ی شوبات کە لە کەنارەکانی کالابریا ڕوویدا، ڕەخنەی توندی لە حکومەتی ڕاستڕەو بە سەرۆکایەتی جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیران ڵێکەوتەوە بەهۆی دەستوەرنەدان لە کاتی خۆیدا بۆ ڕزگارکردنی بەلەمەکە.

پاسەوانی کەناراوەکان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی ڕزگارکردن کۆتایی پێدەهێنن کە هەینی دەستیپێکردووە دوای ئەوەی سێ بەلەم بینراون کە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیادا دەسوڕانەوە. یەکێکیان لە باشووری شاری کرۆتۆنی کالابریا و دوویان لە باشووری دیکە لە ڕۆچێلا ئایۆنیکا بوو.

ڤیدیۆکانی پاسەوانی کەناراوەکان دەرکەوتووە کە بەلەمێکی گەورەی ماسیگرتن بە توندوتیژی لە دەریا ناڕێکەکانی شەوانەدا دەگەڕێتەوە و دەیان کەس لەسەر سەکۆکە دیار بوون. لە وێنەکانی دیکەدا بەلەمی فریاگوزاری باڵدار لە کەشتییەکی تری ماسیگرتن نزیک دەبنەوە کە پڕ بووە لە خەڵک.

پاسەوانی کەناراوەکان ڕایگەیاندووە، ئەو 487 کۆچبەرەی کە لەناو بەلەمی یەکەمدا بوون، بە سەلامەتی هێنراونەتە بەندەری کرۆتۆن..

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی ڕزگارکردن کە تێیدا 500 کۆچبەر لە کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکاندا هێنرانە شوێنێکی سەلامەت، کۆتایی دێت. ئاژانسی هەواڵی ئانسا پێشتر بڵاویکردبووەوە کە کەشتییەکە لە بەندەری ڕێجیۆ کالبریا ڕاوەستاوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەلەمێکی سێیەم کە 379 کەسی تێدابووە لەلایەن دوو بەلەمی دەوریەی پاسەوانی کەناراوەکانەوە ڕزگارکراوە و کۆچبەرەکان گواستراونەتەوە بۆ کەشتییەکی هێزی دەریایی کە بەرەو بەندەری ئۆگستای سیسیلیا ڕۆیشتووە.

وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە، دەستیان کردووە بە گواستنەوەی کۆچبەران دوور لە ناوەندی قەرەباڵغی کۆچبەران لە دوورگەی لامپێدوسا.

ڕۆژی پێنجشەممە، مێلۆنی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی لە کوترۆ، نزیک شوێنی کارەساتەکە ئەنجامدا و بڕیارێکی نوێی ڕاگەیاند کە سزای توندتری زیندانیکردن بۆ بازرگانانی مرۆڤ لەخۆگرتبوو، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێکی نوێ بۆ یارمەتیدانی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک نەبوو.

پارتی ڕاستڕەوی توندڕەوی براکانی ئیتالیا کە ساڵی ڕابردوو لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵێنی دابوو بە سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران، بەڵام ئیتاڵیا لەم دواییانەدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بەخۆیەوە بینی کە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی دەروازەی مەترسیدارەوە بگەنە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست.

وەزارەتی ناوخۆی دەڵێت لە ئەمساڵداتا ئێستا زیاتر لە 17 هەزار و 500 کەس لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا ، نزیکەی سێ هێندەی ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG