کۆشکی سپی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی بەرگری بە هاوکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و نووسینگەی سەرۆک کۆمار ئەنجامدراوە و دواتر پێشکەش بە لیژنەی بەرگری کۆنگرێسی ئەمەریکا کراوە.
ماوەیەکی زۆر بوو کە ئەندامانی کۆنگرێس داوای لێکۆڵینەوە و وردەکارییەکانی چۆنیەتی کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستانیان دەکرد.
کۆشکی سپی پوختەیەکی 12 لاپەڕەیی لەو ڕاپۆرتە بڵاوکردوەتەوە کە بەپێی ڕاپۆرتەکە بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بەهۆی ئەو بڕیارانەی کە لە سەردەمی دانۆڵد ترەمپدا درابوون، زۆر دەستی کراوە نەبووە و بڕیارەکانی بەردەمی سنوورداربوون و بەڕێوبەرایەتی پێشوویان بە هۆکاری کێشە گەورەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان زانیوە و ڕایانگەیاندووە، کە بەڕێوبەرایەتی ترەمپ ڕێککەوتنێکی بەپەلەی لەگەڵ تاڵیبان هەبووە کە بەڕێوبەرایەتی بایدنیان لە وردەکارییەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە.
جان کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی کە ڕاپۆرتەکەی بە سەرپەرشتی ڕێکخراوەکەی ئەو ئامادەکراوە، گوتی حکومەتی ئێستا میراتگری ئەو دۆخەی بوو کە لە سەردەمی ترەمپدا بەجێمابوو.
بە گوتەی کێربی، لە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان بەڕێوبەرایەتی ترەمپ و تاڵیباندا، ئەمەریکا پابەند ببوو بە کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان و ژمارەی سەربازە ئەمەریکاییەکانیشی لە 10 هەزارەوە بۆ 2500 سەرباز کەمکردبووە کە لەئەنجامدا حکومەتی ئەوکاتی ئەفغانستان ناچار ببوو هەزاران زیندانی تاڵیبان ئازاد بکات.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بایدن لە دۆخێکدا چەقیبوو کە ئەگەر بە کشانەوەی ئەو هێزانەی کە مابوونەوە، ڕازی نەبێت، ئەوا تاڵیبان ئەوان و هاوپەیمانە ناوخۆییەکانیانی دەکردە ئامانج و لە بنەڕەتیشدا مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا نەیدەتوانی یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ئەفغانستاندا.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە کە بەڕێوبەرایەتی بایدن ڕاسپاردەکانی فەرماندە سەربازییەکانی سەبارەت بە خێراکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان جێبەجێکردووە.
لە ماوەی ڕۆژانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، 13 سەربازی ئەمەریکایی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە لە فڕۆکەخانەی کابول کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی کۆشکی سپی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا گەشبین بوون بەوەی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، هێزە سەربازییەکانی ژێر فەرماندەیی حکومەتی کابول ئیرادە و توانای شەڕکردنیان دەبێت.
جان کێربی ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵسانگاندنەکانی حکومەتی ئەمەریکا لەبارەی خێرایی جوڵەی تاڵیبانەوە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا دروست نەبووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە لاوازی حکومەت و سوپای ئەفغانستان هۆکاری سەرەکی پشێوییەکان بوون لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا.
بەشێکی سەرەکی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دوای 20 ساڵ لەو وڵاتە لەبەردەستی ئەندامانی کۆنگرێس دەبێت و بۆ میدیاکان ئاشکرا ناکرێت.