سنوری پۆڵایین یەکێکە لە هەشت لیوای نوێی هێزی زریانی ئۆکرانیا کە بە کۆی گشتی 40 هەزار سەرباز و ئەو وڵاتە دەیەوێت لە کاتی هێرشی بەرپەرچدانەوەی داگیرکاری ڕووسیا بەکاریبهێنێت.
ئالێکس، وەرگێڕێک بوو کە پێشتر هیچ ئەزمونێکی سەربازی نەبووە، ئێستا لەم یەکە سەربازییەدایە و لە دامەزراوەیەکی مەشق و ڕاهێنان لە شوێنێکی نهێنی لە ئۆکرانیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، دەمەوێت شەڕەکە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت و هیوادارم لیواکە زۆر خێراتر شەڕەکە دەستپێبکات.
ناوبراو لەبەر هۆکاری ئەمنی ڕەتیکردەوە ناوی تەواوەتی خۆی بڵێت.
یەکەکان سودیان لە هەڵمەتێکی گەورە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و تابلۆ بازرگانییەکانەوە وەرگرتووە بە ئامانجی ڕاکێشانی خۆبەخشی بەجۆش و خرۆش بۆ ناو هێزەکە.
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە کە ڕەنگە کیێڤ ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی زۆر ببێتەوە بۆ دامەزراندنی هێزی نوێ.
هێزەکانی چەند مانگێکە لە شارۆچکەکانی وەک بەخموت لە ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی هێرشەکانی ڕووسیا بوونەتەوە و هەزاران سەرباز لەوێ گیانیان لەدەستداوە. کیێڤ زیانە سەربازییەکانی ئاشکرا ناکات.
لیوا نوێیەکان کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دامەزراون، شانبەشانی یەکەکانی سوپای ئاسایی کە بە تانکی نوێی ڕۆژئاوایی و هەزاران سەربازی تازە کە لەلایەن سوپای هاوپەیمانانەوە لە دەرەوەی ئۆکرانیا مەشقیان پێدەکرێت، شەڕ دەکەن.
ئیهۆر کلیمێنکۆ وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پێی وایە ئۆکرانیا هێشتا توانای کۆکردنەوەی بەرچاوی هەیە و ئەو کەسانەی کە وەرگیراون بریتین لە ژنانیش و ئەو کەسانەش کە هیچ ئەزموونێکی سەربازییان نییە و ئەفسەرانی پێشووی پۆلیس و ئاسایش.
ڤۆلۆدیمیر زڵێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت، ئۆکرانیا دەیەوێت هەر هەمو بستێک خاکی خۆی لە لە ژێر دەستی مۆسکۆ ئازاد بکاتەوە، کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە پێنج ناوچەی ئۆکرانیای وەک بەشێک لە ڕووسیا ڕاگەیاندووە سەرەڕای ئەوەی هەموویان کۆنترۆڵ نەکردووە.
کلیمێنکۆ لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لە کیێڤ سەبارەت بەو دامەزراوانە وتی " بۆ ئەوان ئامانج ئازادکردنی ئۆکرانیایە. ئێمە مێژووی مەزنی وڵاتەکەمان بۆ چەندین دەیەی داهاتوو دەنووسینەوە".
ئۆکرانیا لە سەرەتای مانگی دووەوە هەڵمەتی وەرگرتنی خۆبەخشەکانی بۆ ئەو هێزانە دەستپێکرد.
کلیمێنکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، تا چوار مانگ دەخایەنێت بۆ ڕاهێنانی هاووڵاتیانی مەدەنی بەبێ ئەزموون، بەڵام دەتوانرێت ئەفسەرانی پێشووی پۆلیس یان سەربازەکان لە دوو شوێندا ڕاهێنانیان پێبکرێت.
کلیمێنکۆ وتی 2.5%ی لیواکان لە ژنە چەکدارەکان پێکهاتبوون "ژنەکانمان ئەوەندە نیشتمانپەروەرن، بەهێزن و ڕقیان لە دوژمن کەمتر نییە لە پیاوان، دەیانەوێت خزمەت بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، ڤاخای تەمەن 21 ساڵ کە تازە چووەتە بۆ ناو لەشکر بانگکراوە، بەڵام داوای گواستنەوەی بۆ ناو هێزی سنوری پۆڵاین کردووە.
ستایشی ئەو مەشق و ڕاهێنانانەی کرد کە پێشکەش دەکرێن و وتی پێی وایە ڕێگایەکی خێراتر بۆ ڕۆژهەڵات دابین دەکات کە توندترین شەڕ تێیدا ڕوودەدات.
دیمیترۆ، شەڕڤانێکی دیکەیە و لە ژیانی مەدەنیدا لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراودا کاری کردووە، دەڵێت بەهۆی ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە لە دوژمن، ناوی خۆی تۆمارکردووە لە لیواکەدا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز