Accessibility links

 داواکاری گشتی مەنهاتن: لە ئەمەریکا کەس لە سەرو یاساوە نییە


دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، خۆی ڕادەستی دادگای مانهاتن کرد لە شاری نیویۆرک و لەوێش نکوڵی کرد لەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کرانەوە کە پەیوەندیان بە تێوەگلانیەوە هەیە لە ڕەفتاری نادروستی سێکسی و پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردنی ئەو کەسانەی گوناهباریان کردووە لەوانە خانمە ئەکتەرێکی فیلمی سێکسی ستۆرمی دانیاڵز.

ڕۆژی سێشەممە داواکاری گشتی ناوچەی مانهاتن لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جختی کردەوە لەوەی "هیچ کەسێک لە سەرو یاساوە نییە".

ئاڵڤن براگ دەڵێت "34 ڕاگەیەندراوی ساختە کراون بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانی تر. ئەمانە لە ستانی نیویۆرک بە تاوان دادەنرێن، جا تۆ هەر کەسێک بیت."

ترامپ هاوکاتی چوونە نیویۆرک و گەڕانەوەیشی بۆ ستانی فلۆریدا، لایەنگرەکانی پێشوازییەکی پشتیوان ئامێزی گەرموگوڕیان لێکرد.

دانۆڵد ترامپ لە ماڵەکەی خۆی لە مار لاگۆ، لە ستانی فلۆریدا وتارێکی تەلەفزیۆنی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە لەوەی داواکاری گشتی نیویۆرک لە ڕووی سیاسییەوە هاندراوە.

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕایگەیاند " داواکارێکی گشتی شکستخواردووی ناوچەیەک، سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا گوناهبار دەکات کە ئەمە یەکەمین جارە لە مێژوودا شتی وەها ببێت و لەسەر بنەمایەکیشە کە هەر هەموو یاساناس و شیکەرەوە یاساییەکان دەڵێن هیچ نییە، هیچ تاوانێک نەکراوە."

بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی دادگاییکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، دەستەی سوێندخۆران دەنگیان داوە لەسەر تۆمەتبارکردنی دانۆڵد ترامپ و دادگاییکردنی.

شیکەرەوە لەوبڕوایەدان ئەو هێرشانەی ترامپ دەیانکاتە سەر پرۆسە یاساییەکە تەنها کاردانەوەیەوە و هیچی تر.

پۆڵ بێرمان، پسپۆڕی یاسایی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دادگاییکردنەکە ڕەوایی یاسایی خۆیی هەیە.

پۆڵ بێرمان دەڵێت "ئەم دادگاییکردنە بەردەوام دەبێت لەسەر بنچینەی ڕاستییەکان و یاساش. پێموانییە ئەو جۆرە کاردانەوانە یارمەتی بدەن لەناو گەلی ئەمەریکادا چونکە زۆربەی ئەمەریکاییەکان دەیانەوێت ئەم پرۆسە یاساییە بە تەواوەتی و بە ڕەوایی بەڕێوەبچێت، تەنانەت لەگەڵ سەرۆکێکی پێشووشدا."

ئەو خەڵکەی لە دەرەوەی دادگاکەی مانهاتن وەستابوون دابەشبووبوون. دیون چینی، لایەنگرێکی ترامپە و لەوبڕوایەدایە وەک دەڵێت "پشتیوانی لە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی خۆم دەکەم، مەزنترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمەریکادا، لەوانەیە باشترین سەرۆکی سەر ئەم زەوییەش بێت."

دژەبەرەکانی ترامپ، وەک جێنێفەر فیشەر ڕایەکی جیاوازیان هەیە.

جێنێفەر دەڵێت "کابرایەکی فێڵبازە، خەڵکێکی زۆری پێهەڵخەڵەتاون، بەڵام خەڵکی نیویۆرکی پێ هەڵناخەڵەتێندرێت، هیوادارم خەڵک ئەو ڕاستییە ببینن."

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕووبەڕووی گوناهبارکردنێکی بێ پێشینە دەبێتەوە لەکاتێکدا هێشتاش لە پێشەنگدایە بۆ بوون بە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا. بڕیارە ڕۆژی 4ی مانگی 12 ی ئەمساڵ ترامپ بگەڕێتەوە مانهاتن و پرۆسەی دادگاییکردنەکەیشی لە مانگی یەکی داهاتوودا واتە لە ساڵی هەڵبژاردندا دەستپێبکات.

XS
SM
MD
LG