Accessibility links

سەرۆک بایدن و سەرۆک وەزیران ترودۆ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکانیان دەکەنەوە


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە میانەی سەردانەکەی جۆو بایدن بۆ ئۆتاوا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش جەختیان لە بەهێزکردنی هاوکارییە دوولایەنە و نێودەوڵەتییان کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئەمەریکا و کەنەدا بەڵێنیان داوە ئاسایشی هاوپەیمانەکانیان بەهێزتر بکەن، لەوانەش لە ڕێگەی ناتۆوە پاڵپشتی هاوبەشەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا بن.

وەبەرهێنان لە بەرگری و ئاسایشی بەکۆمەڵ یەکێکیتر لە بەڵێنەکانی بەیاننامەی هاوبەشی "جۆو بایدن" و "جاستێن ترودۆ"یە کە تیایدا هەردوولا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەولەوییەتی پاراستنی هاووڵاتیان و خاکەکەیان، خوازیاری وەبەرهێنانی دوولایەنە بوون بۆ نوێکردنەوەی فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی ئەمریکای باکوور.

ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی بە ڕوانگەیەکی ناوچەیی و گرنگیدان بە فراوانکردنی ڕێڕەوی یاسایی و بەڕێوەبردنی سنوورەکانی هەردوو وڵات، بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش لە دژی بەرهەمهێنانی نایاسایی و دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکان و لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی تەندروستی گشتی و هەوڵدان بۆ گرتنەبەری سیاسەتی دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ هەموو هاوڵاتیانی ئەمەریکا و کەنەدا بەشێکی دیکەی بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەو دوو وڵاتەیە.

هەروەها سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەو بەیاننامەیەدا پابەندبوون بە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی جۆراوجۆری زیندەوەران و پاراستنی ئیکۆسیستەمە هەستیارەکان.

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە، ئەمەریکا و کەنەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر دەستەبەرکردن و پەرەپێدانی دەرفەتەکان بۆ دەرهێنان و پرۆسێسکردن و دروستکردن و ڕیسایکلکردنی کانزا گرنگەکان لە هەردوو وڵاتدا، پابەندبوون بە دابینکردنی زەمینە بنەڕەتییەکان بۆ وزەی پاک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و نیمچە گەیەنەرەکان.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی پێنجشەممە بە کاتی ئەمەریکا لە یەکەم سەردانی فەرمی خۆی وەک سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا و ڕۆژی هەینی لەگەڵ جاستێن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.

سەرچاوە/ماڵپەڕی کۆشکی سپی

XS
SM
MD
LG