Accessibility links

بایدن: سیستەمی بانکی لە ئەمەریکا پارێزراوە


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە دڵنیایی دایە ئەمەریکاییەکان کە سیستەمی بانکی ئەمەریکا پارێزراوە و ئەو ڕێوشوێنانەی حکومەت دەیگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو بانکانەی مایەپووچبوون ناکەوێتە سەر شانی باجدەرانی ئەمەریکا.

بایدن لە کۆنفرانسێکی پێنج خولەکیدا کە لە کۆشکی سپی پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمەریکاییەکان دەتوانن متمانەیان هەبێت کە سیستەمی بانکی پارێزراوە. پارەکانتان پارێزراون."

گوتیشی، سەرجەم کڕیارانی بانکی سیلیکۆن ڤالی کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە و بانکی سگنیچەری بنکە لە نیویۆرک، دەستبەجێ دەستیان بە پارە دانراوەکانیان دەگات، چونکە بەرپرسانی دارایی فیدراڵی کۆنترۆڵی کارەکانیان دەکەن.

بایدن ڕایگەیاند ئەم ڕێوشوێنانەی حکومەت" هیچ زیانێک لەسەر باجدەران ناکەوێت." ئاماژەی بەوەشکرد "بەڕێوەبەری ئەو بانکانە لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە. ئەو کەسانەی کە بەشیان لە بانکەکە هەیە ناپارێزرێن."

گوتی پارەی ئەو خەڵکەی کە هەژماری بانکیان لەو بانکانە هەیە بەو پارانە دەدرێتەوە کە بانکەکان بە شێوەیەکی ڕۆتینی دەیخەنە سەر هەژمارێکی حکومەتی ئەمەریکا بۆ ئەو جۆرە حاڵەتە لەناکاوانە.

بەڵام بەڵێنیشی دا لێپێچینەوەی تەواو بکرێت لەسەر ئەوەی چی لەو دوو بانکەدا ڕوویداوە.

ئەو پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانی سەبارەت بە هۆکاری شکستەکان پشتگوێ خست، بەڵام شارەزایانی دارایی دەڵێن هەردوو بانکەکە کاریگەرییان لەسەر بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانجەوە.

بایدن ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەش لەسەر ئەم بابەتە بەیاننامەیکی بڵاو کردەوە و گوتی "من بە توندی پابەندم بە لێپرسینەوەی تەواو لەگەڵ ئەوانەی بەرپرسن لەم ئالۆزییانە و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی چاودێری و ڕێکخستنی بانکە گەورەکان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەم دۆخەدا نەبین."

بەیاننامەکە دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی ڕێکخەرانی باڵای دارایی ئەمەریکا بوو، و ئاماژەی بەوەشکردووە، بانکی فیدراڵی کە بانکی ناوەندی وڵاتەکەیە، دەستڕاگەیشتن بە بەرنامەیەکی قەرزدانی بەپەلە بە بانکەکانی دیکەش دەدات بۆ ئەوەی سەقامگیرییەکی زیاتر بۆ سیستەمی بانکی فراوانتر دابین بکات.

ئەم ڕووداوانە بەهۆی شکستی بانکی سیلیکۆن ڤاڵی هاتنە ئاراوە، کە ڕێکخەرانی ئەمەریکا لە ڕۆژی هەینی دەستیان بەسەردا گرت پاش ئەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی ڕەوشی دارایی بانکەکە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لەوانەی کە پارەیان لە بانکەکە هەبووە لە یەک کاتتدا پارەکانیان دەربکەن.

بە نزیکەی 200 ملیار دۆلار سەروەت و سامانەوە، شکستی بانکی سلیکۆن ڤالی دووهەم گەورەترین شکستی بانکی بوو لە مێژووی ئەمەریکادا. بانکەکە بە شێوەیەکی زۆر بەشداری لە پارەدارکردنی پرۆژە گەورەکانی کۆمپانیاکاندا کردووە، بەتایبەتی لە کەرتی تەکنەلۆژیادا.

هەروەها بانکی سگنیچەریش بەشێکی زۆری کڕیارەکانی لە کەرتی تەکنەلۆژیادا هەبووە، لەنێویاندا دراوی کریپتۆ. بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار سامانییەوە، شکستی ئەم بانکە بووە سێهەمین گەورەترین شکست لە مێژووی ئەمەریکادا، لە دوای واشنتۆن میوچووەڵ و بانکی سیلیکۆن ڤالیەوە.

.

XS
SM
MD
LG