Accessibility links

ئەمەریکا هۆشداریی ڕووسیا سەبارەت بە پڕچەککردنی ئۆکرانیا بەلاوەدەنێت


سەرۆک جۆ بایدن لەگەڵ ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن کۆدەبێتەوە، ٣ی ئازاری ٢٠٢٣.
سەرۆک جۆ بایدن لەگەڵ ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن کۆدەبێتەوە، ٣ی ئازاری ٢٠٢٣.

ئەمەریکا ڕۆژی هەینی وەڵامی هۆشداریی ڕووسیای دایەوە دژی پڕچەککردنی ئۆکرانیا بە پێشکەشکردنی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە وەک هاوکاری ئەمنی، لە کاتێکدا سەرۆک جۆ بایدن لە نمایشێکی یەکگرتوویی دژی مۆسکۆ میوانداری ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیای کرد.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی گروپی بەکرێگیراوانی ڤاگنەری ڕووسیا ڕایگەیاند، هێزەکانیان گەمارۆی شاری بەخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان داوە، کە توندترین شەڕی لەشکرکێشی مۆسکۆی بەخۆیەوە بینیوە.

هاوکارییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا کلیلی توانای کیێڤ بووە بۆ خۆڕاگری بەرامبەر هێرشە سەربازییەکانی مۆسکۆ و تەنانەت بۆ وەرگرتنەوەی زەمینە، بەڵام کرێملین ڕایگەیاندووە، ئەم جۆرە هاوکارییە تەنیا "کێشەکە درێژخایەن دەکات و دەرئەنجامە دڵتەزێنەکانی بۆ گەلی ئۆکرانیا دەبێت".

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین وتی: گەیاندنی چەک "بارگرانییەکی بەرچاو دەخاتە سەر ئابووری ئەو وڵاتانە و کاریگەری نەرێنی لەسەر خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە، لەنێویاندا ئەڵمانیاش، دەبێت".

واشنتۆن ئەو هۆشدارییەی پشتگوێ خست و پاکێجی ئەمنی نوێی بۆ کیێڤ ڕاگەیاند کە تەقەمەنی تێدابوو، لەنێویاندا بۆ سیستەمی موشەکی وردی هیمارس کە هێزەکانی ئۆکرانیا بەکاریان هێناوە بۆ کاریگەرییەکی وێرانکەر لە دژی سەربازانی ڕووسیا.

لە نمایشێکی هاوبەشی بۆ پشتیوانی زیاتری ئۆکرانیا، بایدن میوانداری شۆڵزی کرد لە کۆشکی سپی بۆ یەکەم گەشتی بۆ واشنتۆن لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا.

بایدن لە لێدوانێکی کورتدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وت ، ڕۆژئاوا سوێندیان خواردووە وەڵام بدەنەوە و "پێکەوە ئەو بەڵێنەمان جێبەجێکرد".

لە وەڵامدا شۆڵز وتی گرنگە پەیامێک بۆ ئۆکرانیا بنێردرێت کە "ئێمە بەردەوام دەبین لە (پشتیوانیکردنی) تا ئەو کاتەی کە پێویستە و تا ئەو کاتەی دەخایەنێت".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG