Accessibility links

بەشار ئەسەد لەگەڵ شاندی باڵای پەرلەمانی وڵاتانی عەرەب لە دیمەشق کۆدەبێتەوە


شانێکی باڵای پەرلەمانتارانی عەرەب ڕۆژی یەكشەممە لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد کۆبونەوە، ئەمەش نیشانەیەکی ترە لە هەوڵەکانی دروستبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا پاش زیاتر لە دەساڵی پەراوێزخستنی بەهۆی شەڕ لە سوریا.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئوردن، دەسەڵاتی فەلەستینی، لیبیا، میسر و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) هەروەها نوێنەرانی عومان و لوبنان، وەک بەشێک لە شاندێکی یەکرگووی پەرلەمانی وڵاتانی عەرەب سەردانی سوریایان کرد.

بە پێی ئاژانسی دەنگوباسی سانای فەڕمی سوریا، ئەندامانی شاندەکە لەگەڵ پەرلەمانتارانی سوریا و بەشار ئەسەددا کۆبونەتەوە.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق محمەد حەلبوسی لە تویتێکدا چەند وێنەیەکی شاندەکەی لەگەڵ بڵاو کردووەتەوە لەگەڵ بەشدار ئەسەددا.

زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2011وە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەسەددا پچڕاند، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئەسەد سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەتیان دەستپێکرد.

بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن، بوومەلەرزە کوشندەکەی 6ی دوو کە هەندێک ناوچەی سوریا و تورکیای گرتەوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێی بۆ حکومەتی سوریا ڕەخساندووە تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا دروستبکاتەوە.

دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکە، زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت لە کەنداو، دەستی هاوکارییان بۆ سوریا درێژ کرد و هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ئەو وڵاتە نارد.

هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی وەک ئیمارات و بەحرەین لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا دروستکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانی ئەو پەیوەندییانە بە شێوەیەکی فراوان بەڕێوەببەن، چونکە هێشتا چارەسەرێک بۆ شەڕی سوریا نەدۆزراوەتەوە.

لە پاش بوومەلەرزەکە سعودیە کە وڵاتێکی زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە ساڵانی شەڕی ناوخۆی سوریادا دژایەتی ڕژێمی سوریای کردووە، بەتایبەتی بەهۆی پەیوەندی نزیکی سوریا و ئێرانەوە، ئێستا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە هاوکاری مرۆیی بۆ سوریا ناردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG