Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێ لەدژی کۆمەڵێک کۆمپانیا ڕادەگەیەنێت کە پشتیوانی سوپای ڕووسیا دەکەن


بارەگای سەرەکی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا
بارەگای سەرەکی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا

لە ساڵیادی لەشکرکێشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر چین، ئێران و کۆمەڵێکی دیکە کۆمپانیا دەسەپێنێت بەهۆی پاڵپشتیکردنیان لە مۆسکۆ.

بەڕیوبەرایەتی بایدن ڕۆژی هەینی کۆمەڵێک کۆمپانیای چینی و ڕووسی خستە ناو لیستی سزاکانەوە، لەنێویاندا ئۆپەراتۆرێکی مۆبایلی ڕووسی بەهۆی پشتیوانیکردنی لە سوپای ڕووسیا.

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە کە ئامانجی سزاکان"بڕینی پێداویستیەکانی بنکەی پیشەسازی بەرگری و سەربازی ڕووسیایە لەو تەکنەلۆژیانەی کە ڕووسیا بەکاریان دەهێنێت بۆ بەردەوامبوونی لە جەنگەکەدا."

سزاکان هەروەها دوو کۆمپانیای مانگی دەستکردی چینی بە ناوەکانی Spacety Co Ltd و China HEAD Aerospace Technology Co لەخۆدەگرن.

لە کۆی ئەو دامەزراوانەی خراونەتە لیستی سنووردارکردنی بازرگانی، 79 دانەیان لە ڕووسیان و 5 یان لە چین و دووشیان لە کەنەدان و سێ دامەزراوەی دیکەش لە فەرەنسا و لۆکسمبۆرگ و هۆڵەندا جێگیرکراون.

هەروەها فیدڕال ڕیجیستر وەک ڕۆژنامەی فەرمی حکومەتی ئەمەریکا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردوە کە سزا نوێیەکانی سەر ئێران بە هۆی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە بۆ ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکرانیا.

سزاکانی سەر ئێران بریتین لە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەلوپەل و تەکنەلۆژیا بۆ ئێران کە لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بەکاردەهێنرێن و لەسەر بنەمای ئەوەش 12 دامەزراوە خراونەتە لیستی ڕەشەوە.

ماوەیەک پێش ئیستا جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا، پلانی واشنتنی بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئەو لایەنانەدا ڕاگەیاند کە چەک بۆ ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا دابین دەکەن و گوتی سزاکان ئێرانیش بەهۆی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە مۆسکۆ دەگرێتەوە.

هەروەها چەند مانگێک لەمەوبەر کەناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دۆزینەوەی 40 پارچەی دروستکراوی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران کە لەلایەن ئۆکرانیاوە خراونەتە خوارەوە.

دوای ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن کۆشکی سپی هێزێکی ئەرکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی و ڕۆژئاوایی.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن لە کۆی 52 پارچەی بیانی کە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێراندا بەکارهێنراون، 40 پارچەیان لەلایەن 13 کۆمپانیای جیاوازی ئەمریکییەوە دروستکراوە و 12 پارچەیشی لەلایەن کۆمپانیاکانی سویسرا، کەنەدا، ژاپۆن، تایوان و چین دروستکراون.

سەرچاوەکان/ ڕۆیتەرز، ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG