Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: ڕووسیا "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە


کامالا هەریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بە فەرمی ئەوەی دەستنیشان کردوە کە ڕووسیا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا لە میونشن کە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی دەستدرێژی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێشکەشکرا، بە ئاماژەدان بە ئەزموونی خۆی لە بواری پاڕێزەری و کارکردنی وەک داواکاری گشتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، باسی لە گرنگی کۆکردنەوەی بەڵگە و ڕاستییەکان کرد لەو بوارەدا.

هەریس بە ئاماژەدان بە کۆمەڵکوژییەکانی شارەکانی ماریوپۆل و بوچا لەلایەن سەربازانی ڕووسیاوە، گوتی "سەبارەت بە کردەوەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ئێمە پێداچوونەوەمان بە بەڵگەکاندا کردووە و ئێمە پێوەرەکانی یاسایی دەزانین و بۆیە هیچ گومانێک نییە کە ئەو کردارانە تاوانی دژی مرۆڤایەتین."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەو کارانەی بە "بەربەری و نامرۆڤانە" ناوبرد و گوتی "ئەمەریکا بە فەرمی ئەوەی دەستنیشان کردوە کە ڕووسیا تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە".

هەریس لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە هەموو ئەو کەسانەی کە ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە و سەرۆکەکانیان کە هاوبەشن لەو تاوانانەدا، گوتی "لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکرێت لەسەر کارەکانتان."

لە ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وێڕای پاڵپشتی و پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی و سەربازی بۆ ئۆکرانیا، سزای توندیان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پشتیوانی بەردەوامی خۆی بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە ناتۆ لە ئیستادا لە هەموو کاتێک بەهێزترە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG