Accessibility links

ئەنتۆنی بلینکن: ئەمەریکا پابەند دەبێت بە ئەنجامدانی هەر کارێک کە پێویست بێت بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن پابەندبوونی ئەمەریکا بۆ پشیوتانی کردن لە قوربانیانی بوومەلەرزەکەی کە زیانێکی زۆری لە تورکیا و سوریا لێکەوتووەتەوە، دووپاتدەکاتەوە.

بلینکن لە تویتێکدا ڕایگەیاند "بوومەلەرزەکەی 6 ی مانگی دوو کە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکوری سوریای گرتەوە، ژیانی ملیۆنان کەسی وێران کرد. ئەمەریکا پابەند دەبێت بە ئەنجامدانی هەر کارێک کە پێویست بێت بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری پێویست بۆ ئەو کەسانەی (بوومەلەرزەکە) کاریتێکردوون."

هەروەها دەشڵێت "لە ڕۆژی دووشەممەوە سەدان کارمەندی دیکەی ئەمەریکی گەیشتوونەتە ناوچەکە بۆ یارمەتیدان لە قەیرانی مرۆیی و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن. ئەمڕۆ ئێمە 85 ملیۆن دۆلاری دیکەمان وەک هاوکاری مرۆیی بەپەلە ڕاگەیاند بۆ پشتگیریکردنی ئەم هەوڵانە."

لە بەیاننامەیەکیشدا کە درەنگانێکی پێنجشەممە بڵاو کرایەوە، وەزارەتی درەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای یەکەم بوومەلەرزە، ئەمەریکا بە ئاراستەی سەرۆک بایدن، بە خێرایی دەزگا و هاوبەشەکانی فیدراڵی کۆکردەوە بۆ ئەوەی بەپەلە هاوکاری ڕزگاکردنی ژیان پێشکەش بکەن بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوپەیمانانی تورکیا و ڕێکخراوە هاوبەشەکانی لە سوریا."

وەزارەتی دەرەوە دەڵێت "هاوبەشە مرۆییەکانی ئێستامان لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا هاوکاری فریاگوزاری گرنگ پێشکەش دەکەن، لەوانە خۆراک، ئاو، شوێنی نیشتەجێبوون، چاودێری پزیشکی، و ستافی پشتیوانی بۆ هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن. هەلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی ئاسمانی ئەنجام دەدەن، کارمەندانی فریاگوزاری دەگوازنەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی."

دەشڵێت "ئێمە سوپاسی حکومەتی تورکیا دەکەین کە سنورەکەی کردەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت هاوکارییەکان ڕەوانەی باکووری ڕۆژئاوای سوریا بکرێت و هەروەها پێشوازی لە هەواڵی ئەمڕۆی یەکەمین کاروانی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهاوە گەیشتووە."

XS
SM
MD
LG