Accessibility links

حەلیمە دۆرغو: لەبەر ئەوەی کوردین هاوکاریمان ناکەن


حەلیمە دۆرغو یەکێک لە دانیشتوانی شارۆچکەی بازارچیک
حەلیمە دۆرغو یەکێک لە دانیشتوانی شارۆچکەی بازارچیک

شارۆچکەی بازارچیک سەر بە مەڕعەش یەکێکە لەو شوێنانەی کە بوومەلەرزەکە زیانێکی زۆری پێگەیاندووە. بەشێکی زۆری باڵەخانەکانی ئەم شارۆچکەیە ڕووخاون.

حەلیمە دۆرغو دانیشتوویەکی یەکێک لە گەڕەکە وێرانبووەکانی بازارچیکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە دەوڵەتمان نییە، ئێمە کوردین کەس نزیکی ئێمە نابێتەوە، بڕۆ ئێستە هەمووی لە ناوچەی تورکەکانن لای کوردەکان کەسی لێ نییە. بۆ ئێمەش موسوڵمان نین؟ ئێمەش بندەی خودا نین؟ ئایا ئێمەش وەکو ئەوان مرۆڤ نین؟ ئەوانیش مرۆڤن و ئێمەش مرۆڤین با دەستی یارمەتی بۆ ئێمەش درێژ بکەن."

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ئێمە لە پێشکەشکردنی یارمەتی و فریاگوزارییەکان جیاوازی ناکەین.

شارۆچکەی بازارچیکی سەر بە پارێزگای مەرعەش
شارۆچکەی بازارچیکی سەر بە پارێزگای مەرعەش

بەگوێرەی دانیشتوانی یەکێک لە گەڕەکە وێرانبووەکانی شارۆچکەکە کارەکانی تیمەکانی بەهاوارچوون زۆر خاوە. هەتا ئەو کاتەی پەیامنێرمان عارف ئەسڵان زوویەکی ڕۆژی پێنجشەممە لە لەوێ بوو هێشتا تیمەکانی بەهاناچوون نەگەیشتبوون و خەڵکی لەبەردەم باڵەخانەیەکی ڕووخاودا کۆببونەوە کە دەیانگوت دەنگی ژن و منداڵ لە ناوەوە ەبیستن بەڵام سەرباری ئەوەی چەند جارێک پەیوەندییان کردووە بە تیمەکانی بەهاناچوونەوە هێشتا کەس نەگەیشتووە.

بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەم شارۆچکەیە کوردی عەلەوین و هێشتا هاوکارییەکانی خۆراک و ئاوی خواردنەوەیان پێنەگەیشتووە.

دانیشتویەکی شارۆچکەی بازارچیک کە ماڵەکەی وێران بووە
دانیشتویەکی شارۆچکەی بازارچیک کە ماڵەکەی وێران بووە

عەلی یەکێک لەو کەسانەی کە ماڵەکەی وێران بووە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " نە نانمان هەیە نە خۆراکێک، نە چادرێکیان پێداوین نە هیچ، هیچ شتێکمان نییە."

ڕێژەی دانیشتوانی ئەم شارۆچکەیە نزیکەی 70 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا وەکو شوێنێکی چۆڵ دیارە. ئەو دانیشتوانەی کە ڕزگاریان بووە دەڵێن بەسەدان کەس هێشتا لە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەکاندا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن دەربکرێن.

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە تورکیا و سوریا ڕوویدا هەتا ئێستا نزیکەی 20 هەزار کەس لە هەردوو سوریا و تورکیا گیانیان لە دەستداوە. سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە تورکیا زیاتر لە 64 هەزار کەسیش بریندار بوون و 6 هەزارو 444 باڵەخانەش ڕووخاون.

XS
SM
MD
LG