Accessibility links

پشتیوانی هەرێمی کوردستان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا


خەڵکی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵی هاوکاریکردنی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا دەدەن.

لە چەندین شاری هەرێمی کوردستان هەڵمەتی هاوکاری کردن بۆ قوربانیان ڕاگەیەندراوە.

لە ئاستی حکومەتیشدا پشتیوانی لەو هەڵمەتانە دەکرێت و حکومەتی هەرێمی کورستان ڕایگەیاند "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە ڕابگەیەنێت و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران، بۆ ئەم مەبەستە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر. "

هەروەها دەشڵێت "یەکەمین کاروانی فریاگوزاری و هاوکاری هەرێم گەیەنرایە تورکیا و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت. لە هەمانکاتدا ڕێکاری پێویستیش گیراوەتە بەر بۆ ناردنی کاروانی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا."

هەولێر

لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کەمپەینێک لەلایەن پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوە بۆ هاوکاری کردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا کە بەشێکی زۆری زیان لێکەوتووەکانی کوردن.

پەیامنێرمان ئەحمەد زێباری لە شوێنی هەڵمەتەکە لەبەردەم پارکی شانەدەری هەولێر پێی ڕاگەیاندین خەڵکێکی زۆر بەدەم کەمپەینەکەوە چوون و ئەو کەلوپەلانەش کە لەلایەن خەڵکەوە دەبەخشرێن بریتین لە بەتانی و جێگەوبان و کەلوپەلی منداڵان.

هەروەها بەشێک لە هاووڵاتیان بە بەخشینی پارە هاوکاری دەکەن.

بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر سروە ڕەسوڵ سوپاسی خەڵکی دەکات کە بە شێوەیەکی زۆر بە دەم هەڵمەتەکەوە هاتوو و دەشڵێت " ئێمە کارمان تەنها کۆکردنەوەی هاوکارییەکانە پاشان ئەم هاوکارییانە کۆدەکرێنەوە و هی هەموو پارێزگاکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ڕێکدەخرێت و ڕەوانە دەکرێت."

هەروەها داوای لە خەڵکیش کرد کە ئەو شتانەی دەیبەخشن با دەستی دوو نەبێت بۆ ئەوەی " کێشە نەبێت " لە گواستنەوەیدا.

خاتوو سروە ڕەسوڵ بە دەنگی ئەمەریکای گوتیش کە کاتێکی دیاریکراو بۆ هەڵمەتەکە دانەنراوە و هەتا ئەو کاتەی پێویست بکات بەردەوام دەبێت.

جگە لەم کەمپەینە هەر لە شاری هەولێر چەند هەڵمەتێکی تری هاوکاری بەڕێوە دەچێت کە بریتین لە کەمپەینی سەندیکای هونەرماندانی لقی هەولێر، کەمپەینی هاوبەشی هەرسێ ڕێکخراوی ڕابیتە و هانا و بەختەوەری، کەمپەینی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان و کەمپەینی سەنتەری ئاڵا.

سلێمانی

لە سلێمانیش چەندین کەمپەینی هاوکاری بەردەوامە لە ناویاندا کەمپەینی "هاوخەمتانین" کە بە دەستپێشخەری کەناڵی کوردسات، ڕێکخراوی منداڵپارێز و چەند لایەنێکی ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە پەیامنێرمان سنور کەریم لە سلێمانی سەردانی بنکەی کەمپەینەکەی لە ئەمنە سورەکەی سلێمانی کرد و لەوێوە ڕایگەیاند ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بەشدارییان تێدا کردووە.

سەرباری سەرمایەکی زۆر و بەفر بارین لە سلێمانی خەڵکەکە بەردەوام بوون لە بەخشینەکانیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.

خاتوونێکی خەڵکی سلێمانی هاوخەمی قوربانیانی بوومەرزەکەیە
خاتوونێکی خەڵکی سلێمانی هاوخەمی قوربانیانی بوومەرزەکەیە

ژنێکی بەساڵا چوو بە دڵێکی پڕەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دوێنێ شەو هەتا بەیانی لە خەفەتا نەنوستوم" ئەو ژنە داواشی لە خەڵکی کرد " هەر کەسەو بە پێی توانای خۆی" بەشدار بن لەم بەخشینەدا.

جگە لەم کەمپەینە هەر لە سلێمانی کەمپەینی هانا، کەمپەینی وەبەرهێنەرانی سلێمانی و کەمپەینێکی تریش لەلایەن بەشێک لە هونەرمەندانی شارەکەوە کراوە.

دهۆک

بە هەمان شێوەی شارەکانی تر لە دهۆکیش کۆکردنەوەی هاوکاری بەردەوامە و تیمێکی بەرگری شارستانی دهۆک گەیشتووەتە شاری عەنتاب و ئیسلاحییە و هاوکارن بۆ دەرهێنانی خەڵکەکە لەژێر داروپەردوی چەندین باڵەخانەی ڕووخاودا.

ئەو ناوچەیە زیانێکی ئێجگار زۆری لێکەوتووە بەو پێیەی عەنتاب نزیکترین شارە لە چەقی بوومەلەرزەکەکەوە.

باوەڕ عەبدول عەزیز بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی لە دهۆک سەرپەرشتی تیمەکە دەکات و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هەتا ئێستا ژیانی چەندین کەسیان ڕزگار کردووە.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەیامنێرمان سەلام باڵایی لە هۆک عەبدوڵ عەزیز گوتی " ئێمە وەک تیمی هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ هاتوین بۆ تورکیا و لە پارێزگای غازی عەنتابین لە قەزای ئیسلاحیە. ئێمە لێرە سەرقاڵی ڕزگارکردنی ژیانی هاووڵاتیانین."

هاوخەمی و هاوسۆزی خەڵکی دهۆک بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:16 0:00

هاووڵاتییەک بە ناوی مەلا نادر لە دهۆک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەو کاتەی لە ساڵی 1988 ئەنفالی کوردەکانی عێراق ڕوویدا، ئەو کاتەی ئێمە هەڵاتین بۆ ناو سنوری تورکیا، لەوێ دەوڵەتی تورکیا خەڵکی تورکیا بە کورد و تورک و زازاوە بە دەنگی ئێمەوە هاتن و هاوکارییان کردین."

لە ساڵی 1988 و کاتی ئەنفالی دژ بە کوردەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسی پێشوی عێڕاقەوە و لە سەردەمی کۆڕەوی ساڵی 1991 تورکیا و ئێرانی دراوسێ سنوری خۆیان بە ڕووی کوردەکانی عێراقدا کردەوە و بە سەدان هەزار ئاوارەی کورد ڕوویان کردە ئەو وڵاتانە.

ڕۆژنامەوان مەهدی گلیش بە پەیامنێرمان سەلام باڵایی ڕاگەیاند " گرنگە ئێمە بەتایبەتی هاوکاری ئەو خەڵکە بکەین کە لە باکوری کوردستان کەتوونەتە بەر بوومەلەرزە. ئەمە وەکو بابەتێکی مرۆڤایەتی لەبەرچاو بگرین بێ فەرق و جیاوازی."

هەڵەبجە

لە هەڵەبجەش سندوقی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە دانراوە. هەموو چین و توێژەکان بەشدارن لە بەخشینی کۆمەک تەنانەت دوو منداڵ بە پارەی دەخیلەکانیان بەشدارییان کردووە.

ئاسما نەوزەر دایکی ئەو دوو منداڵە دەڵێت کاتێک کارەساتەکەمان بینی و کاتێک بینیمان منداڵەکان لە ژێر داروپەردوو دا دەرئەهێنرێن " دوێنێ پیان گوتم دایکە ئێمەش پارەکەی خۆمان دەبەخشین."

کەمپەینەکەی هەڵەبجە لەلایەن هەر سێ ڕێکخراوی هانا، ڕابیتە و بەختەوەری بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ڕاگەیەندراوە.

کەمپەینی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکەی سوریا و تورکیا لە هەڵەبجە
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:43 0:00

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بە گوڕی 7.8 لەسەر پێوانەی ڕێختەر ڕوویدا هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە مەرگی زیاتر لە 21 هەزار کەس لە تورکیا و سوریا ڕاگەیانداوە.

بەشێک لە هاووڵاتییە کوردەکان لە تورکیا گازندەی ئەوە دەکەن کە حکومەت بە پێی پێویست بە هانایانەوە نەچووە و بێبەش کراون لە هاوکارییەکانی وەکو خۆرک، چادر و ئاوی خواردنەوە. تەنانەت هەندێک باس لەوەش دەکەن بۆ دەرهێنانی قوربانییەکانیش تیمەکانی بەهاناچوون درەنگ دەگەنە ناوچەکانیان.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەرچەندە دانی بە کێشە سەرەتاییەکانی حکومەتەکەیدا نا لە وەڵامدانەوەیدا بۆ بوومەلەرزەکە، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی لە پێشکەشکردنی یارمەتی و فریاگوزارییەکاندا هیچ جیاوازیەک ناکەن.

XS
SM
MD
LG