Accessibility links

کۆی گشتی گیانلەدەستدان لە ئاکامی بومەلەرزە لە تورکیا و سوریا 26 هەزاری تێپەڕاند

٢١:٤٩ ١١.٢.٢٠٢٣

ڕەوشێکی ترسناک ڕووبەڕووی سوریا دەبێتەوە لەکاتێکدا ڕەنگە زیا لە پێنج ملیۆن کەس بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە

گروپی خۆبەخشی فریاگوزاری کڵاو سپییەکان ڕەخنەیان لە وەڵامدانەوەی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گرتووە بۆ بوومەلەرزەکەی سوریا کە زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەهۆی کارەساتەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

کارمەندانی فریاگوزاری ڕایانگەیاندووە، سوریا ڕووبەڕووی "سیناریۆیەکی ترسناک" بووەتەوە، چونکە ڕەنگە نزیکەی پێنج ملیۆن و نیو کەس بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ڕۆژی دووشەممە.

بەو پێیەی ئەو وڵاتە جەنگاوییە لە ئێستاوە مامەڵە لەگەڵ کاریگەرییەکانی زیاتر لە 10 ساڵ لە ململانێکان دەکات، کارمەندانی فریاگوزاری دەڵێن، ئەگەری زۆرە ئۆپەراسیۆنەکانی بوژانەوە لە سوریا ماوەیەکی زۆر زیاتر لە تورکیا بخایەنێت

١٦:٣٤ ١١.٢.٢٠٢٣

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی سوریا گەیشتە پێنج هەزار و 189 کەس

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەکەی سوریا کردووە، بەو پێیەی تا ئێستا 5189 کەس کوژراون، هەروەها هەزارانی دیکەش برینداربوون. کوژراوەکان بەم شێوەیە دابەش دەکرێن:

2049 کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم.

3 هەزار و 140 کەس لەو ناوچانەی کە لەلایەن “حکومەتی ڕزگاری” و “حکومەتی کاتی سوریا”ەوە کۆنتڕۆڵکراون.

١٥:٢٠ ١١.٢.٢٠٢٣

ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا بۆ 21 هەزار و 43 کەس بەرزدەبێتەوە

دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاند، تا کاتژمێر 07:30 بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بەکاتی ناوچەکە، ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەکە بۆ 21 هەزار و 43 کەس بەرزبووەتەوە.

ئافاد لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ژمارەی ئەوانەی ڕزگارکراون بۆ 80 هەزار و 88 کەس بەرزبووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیە 1891 بوومەلەرزەی تر ڕوویانداوە، کە ناوەندەکانی بوومەلەرزە لە ناوچەکانی پازارگیێک و بیستان لە ویلایەتی کەهرامانمارش بووە.

وتیشیان 31 هەزار و 832 کارمەندی گەڕان فریاگوزاری تورکیا و تیمە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان لە ناوچەی بوومەلەرزەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری کە لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون گەیشتووەتە هەشت هەزار و 294 تیم.

٢٣:٠٢ ١٠.٢.٢٠٢٣

ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئاکامی بومەلەرزە لە تورکیا و سوریا بۆ زیاتر لە 24 هەزار 352 کەس بەرزبووەتەوە

دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەکەی باشووری تورکیا بۆ 20 هەزار و 213 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 80 هەزار و 52 کەس.

لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی هەینی لەلایەن ئافادەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیە هەزار و 666 پاشکەوتی بوومەلەرزە ڕوویانداوە، کە ناوەندەکانی بوومەلەرزەکەیان لە ناوچەکانی پازارگیێک و بیستان لە کەهرامانمارش بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، 31 هەزار و 254 کارمەندی گەڕان و فریاگوزاری تورکیا و تیمە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان لە ناوچەی بوومەلەرزەکە.

هاوکات ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەکەی سوریا بۆ 4 هەزار و 139 کەس بەرزبووەتەوە، هەروەها برینداربوونی نزیکەی چوار هەزار کەسی دیکەش.

زیاتر نیشـان بده‌

XS
SM
MD
LG