Accessibility links

کۆی گشتی گیانلەدەستدان لە ئاکامی بومەلەرزە لە تورکیا و سوریا 26 هەزاری تێپەڕاند

٢٢:٣٩ ١٠.٢.٢٠٢٣

تەرمی 975 سوری کە لە بوومەلەرزەکەی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە دەگەنە سوریا

تەرمی 600 هاوڵاتی سوری کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە، لەڕێگەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا گەیشتنە سوریا و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا تەرمی زیاتریش لە ڕێگادان بۆ چوونە ژوورەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، زۆرینەی قوربانییەکان لە ناوچەی عەنتابی تورکیا نیشتەجێ بوون، کە ئێوارەی دوێنێ تەرمەکانیان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ڕەیحانلی و ئامادەکاری بۆ گواستنەوەیان بۆ خاکی سوریا کراوە، بەمەش ژمارەی قوربانیانی سوریا کە لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 975 کەس.

١٩:٢٥ ١٠.٢.٢٠٢٣

کاروانێکی هاوکاری مرۆیی لە ڕێی تورکیاوە دەگاتە سوریا

کاروانێکی هاوکاری مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا گەیشتە سوریا، کە یەکەمجارە بۆ دابینکردنی فریاگوزاری بۆ ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی “حکومەتی ڕزگاری” و"حکومەتی کاتی سوریا" گرتەوە.

کاروانەکە 14 بارهەڵگری خۆراک و جل و بەرگ و بەتانی لەخۆگرتبوو، دوای 5 ڕۆژ بەسەر کارەساتی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەدا، کە تا ئێستا هیچ جۆرە هاوکارییەک بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە نەگەیشتبوو.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی پێنچشەممە ئاماژەی بەوەدا کە کاروانێکی مرۆیی لە ناوچەکانی “خۆبەڕێوەبردن”ەوە بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی “حکومەتی ڕزگاری” و “حکومەتی کاتی سوریا” لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، لە ڕێگەی دەروازەی ئوم جەلودەوە بەڕێکەوت بەرەو لادێکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب.

کاروانەکە پێکهاتووە لە هاوکاریی بەپەلە و سووتەمەنی، ژمارەی تانکەکانیش نزیکەی 100 تانک بووە، بۆ کارپێکردنی میکانیزمەکان لەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، تا ئێستاش ئەو فراکسیۆنانەی کە تورکیا پاڵپشتی دەکرێن، ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان دەکەن، بەهۆی نەبوونی فەرمانی تورکیا بۆ چوونە ناوەوە.

سەرچاوە/ ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ

١٦:٢٨ ١٠.٢.٢٠٢٣

ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئاکامی بومەلەرزەکەوە لە تورکیا و سوریا گەیشتە نزیکەی 23 هەزار کەس

ئیدارەی فریاکەوتن و کارەساتەکانی تورکیا "ئافاد" ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی باشووری تورکیا بۆ 18 هەزار و 991 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 74 هەزار و 242 کەس.

لە بەیاننامەیەکدا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ئافاد ئاماژەی بەوە کردووە کە 1509 پاشەکەوتی زەوی لەرزە دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیە ڕوویداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئافاد و وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و مانگی سوور 137 هەزار و 973 خەیوەت و 1,507 هەزار و 494 بەتانییان بۆ ناوچە بوومەلەرزەییەکان ناردووە، ئەوەش پشتڕاستی کردووەتەوە کە تا ئێستا 97 هەزار و 973 خەیوەتی خێزانی دانراون.

لە لایەکی ترەوە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە ئەنجامی بوومەلەرزە کاولکارەکەدا لە سەرتاسەری خاکی سوریا چوار هەزار هاوڵاتی سوری گیانیان لەدەستدا، و ئۆپەراسیۆنەکانیش بەردەوامن بۆ دەرهێنانەوەی تەرمەکانیان، لە ناوچەی جەندێرس پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیان بە تەنها لەو ناوچەیە بگاتە زیاتر لە هەزار کەس.

١٤:٣٤ ١٠.٢.٢٠٢٣

ڕزگارکردنەکان لە نێو وێرانەکانی بوومەلەرزەدا تیشکێکی هیوا دەهێنێتە ئاراوە

تیمەکانی فریاگوزاری لە شەوی هەینیدا چەند کەسێکیان لە داروپەردووی بینا ڕووخاوەکان ڕاکێشا، لەنێویاندا کوڕێکی تەمەن 10 ساڵان کە لەگەڵ دایکیدا ڕزگارکرا، دوای چوار ڕۆژ لە بوومەلەرزە بەهێزەکەی کە مردن و وێرانکاری لە سەرانسەری باشووری تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای سوریا بەدوای خۆیدا بەجێهێشت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ژمارەی مردووانی کوشندەترین بوومەلەرزە لە ناوچەکە لە ماوەی دەیان ساڵدا لە هەردوو وڵات 22 هەزار کەسی تێپەراند.

سەدان هەزار کەسی دیکە لە بارودۆخێکی سەختی زستاندا بێ ماڵ و حاڵ و کەم خۆراک ماونەتەوە، بێهیوا بوون لە هەوڵێکی فریاگوزاری فرەنەتەوەیی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان.

ڕزگارکەران لە نێویاندا تیمە پسپۆڕەکانی دەیان وڵات، بە درێژایی شەو لە پاشماوەی هەزاران بینای وێرانبووی تورکیادا کاریان دەکرد، لە پلەی گەرمی بەستوودا، بەردەوام داوای بێدەنگییان دەکرد، کاتێک گوێیان لە هەر دەنگێکی ژیان دەگرت لە تەپۆڵکە کۆنکرێتییەکانەوە.

لە ناحیەی سامانداگی سەر بە پارێزگای هاتای، کورێکی تەمەن 10 ساڵ دوای ئەوەی بۆ ماوەی 90 کاتژمێر گێری خواردبوو، لەگەڵ دایکیدا ڕزگارکرا.

هەروەها لە شاری هاتای، کچێکی تەمەن حەوت ساڵان بە ناوی ئاسیا دۆنمێز دوای 95 کاتژمێر ڕزگارکراوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاویکردەوە. لە دیاربەکر لە ڕۆژهەڵات، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 100 کاتژمێر دوای یەکەم بوومەلەرزە، سێبەهات ڤارلی تەمەن 32 ساڵ و سێرهاتی کوڕی ڕزگارکران و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.

زیاتر نیشـان بده‌

XS
SM
MD
LG