Accessibility links

سوریا بە فەڕمی داوای هاوکاری لە یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە


بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت دیمەشق ڕۆژی چوارشەممە لە دوای ئەو بوومەلەرزە کوشندەیەی کە لەم هەفتەیەدا سوریا و تورکیای گرتەوە، بە فەڕمی داوای یارمەتیی لە یەکێتی ئەوروپا کرد.

یانس لێنەرچیک دەڵێت کۆمسیۆنی ئەوروپا وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا "هاندەدات" تا وەلامی داواکارییەکەی سوریا بۆ دەرمان و خۆراک بدەنەوە.

هەروەها لە نزیکەوە چاودێری بەکارهێنانی هەر هاوکارییەک دەکات کە دەدرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی بگاتە شوێنی مەبەست و لەلایەن حکومەت لە دیمەشقەوە بەلاڕێدا نەبرێت.

دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە بوومەلەرزە گەورەکە بە گوڕی 7.8 بە پێوانەی ڕێختەر لە تورکیای داو زیانێکی زۆریشی لە ناوچەکانی سوریا لە نزیک سنوری تورکیا لێکەوتەوە، یەکێتی ئەوروپا بەپەلە تیمەکانی فریاگوزاری ڕەوانەی تورکیا کرد.

بەڵام سەرەتا تەنها کەمترین هاوکاری پێشکەش بە سوریا کرد لە ڕێگەی بەرنامە مرۆییەکانی ئێستاوە، بەهۆی ئەو سزایانەی یەکێتی ئەوروپا کە لە ساڵی 2011ەوە بەسەر حکومەتەکەی بەشار ئەسەددا سەپێندراون لە ئەنجامی سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران کە بووە هۆی شەڕی ناوخۆ.

سەرەڕای ئەوەش یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند دەرگا کراوەیە بۆ ئەوەی حکومەتی سوریا داوای هاوکاری بۆ بومەلەرزە بکات.

ئێستا کە دیمەشق ئەو هەنگاوەی ناوە، لە ڕێگەی میکانیزمی پاراستنی مەدەنی یەکێتی ئەوروپا کە هاوکارییەکان هەماهەنگ دەکات، لێنەرچیک وتی کۆمیسیۆنەکە داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات "وەڵامی باشی ئەم داواکارییە بدەنەوە".

بەشداربووانی میکانیزمەکەی یەکێتی ئەوروپا لە 27وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ هەشت وڵاتی دراوسێی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا پێکدێن کە بریتییە لە تورکیاش.

لێنەرچیک وتویشیی سوریا داوای "لیستێکی درێژی پێداویستییەکانی " کردووە.

دەشڵێت "پێویستیان بە هاوکاری هەیە لە هەوڵەکانی خزمەتگوزاری فریاگوزاری تایبەت بە خۆیان لە گەڕان و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە، پێویستیان بە چەندین کەرەستەی پزیشکی و دەرمان و پێداویشتی تەندروستی هەیە".

گوتیشی "ئەوان پێویستیان بە کەلوپەلی خۆراک و کەلوپەلی ئاسایی فریاگوزاری هەیە."

جەختیشی لەوە کردەوە "کە ئەم هاوکارییە دەچێتە بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی، ئەمە بەلاڕێدا نابرێت. ئەمە شتێکە کە ئێمە خۆمان چاودێری دەکەین."

لە وەڵامی ئەم داواکارییە بۆ هاوکاری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی بەرلین ئامادەیە هاوکاری بکات بەڵام "پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد لە نزمترین ئاست دەهێڵێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی سوریا ناکەین لە کاتێکدا خراپترین پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد بەرلین لە ڕێگەی هاوبەشەکانی لە وێ هاوکاری پێشکەش دەکات.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG