Accessibility links

وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن 2023


سەرۆک بایدن، وتارای ساڵانە 2023
سەرۆک بایدن، وتارای ساڵانە 2023

سەرۆک جۆو بایدن لە دەستپێکی وتاری ساڵانەیدا 2023 ، پیرۆزبایی لە ئەندامانی کۆنگرێس کرد و هەروەهاش لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە لەم ماوەیەی ڕابردوودا بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا.

سەرۆک بەشێکی زۆری وتارەکەی تەرخان کردبوو بۆ بابەتەکانی نێوخۆی ئەمەریکا بەتایبەتی ئاوبوری و باری گوزەرانی خەڵکی.

سەرۆک بایدن، لە سەرەتای چوونە ناو بابەتەکانی پەیوەندی بە ژیانی ئەمریکاییەکانەوە هەیە، ئاماژەی بە ڕەوشی ئابوری کرد و دەڵێت "تا ئێستا بەڕێوبەرایەتییەکەی توانیویەتی 12 ملیۆن دەرفەتی کار بڕەخسێنێت و وەک دەڵێت ئەمەش ژمارەیەکە کە تا ئێستا لە ماوەی دوو ساڵدا هیچ سەرۆکێکی تر نەیتوانیوە بیکات.

سەرۆک بایدن دەڵێت "دوو ساڵ لەمەوبەر پەتای کۆرۆنا بووە مایەی داخستنی کاردارییەکان و، داخستنی خوێندنگاکان و زیانێکی زۆری لێداین، ئەمڕۆ چییدی کۆڤید 19 کۆنترۆڵی ژیانی ئێمەی بەدەستەوە نییە.

سەبارەت بە ڕووداوە نەخوازراوەکانی ناو ئەمەریکاش، سەرۆک بایدن لە وتاری ساڵانەی خۆیدا وەک ئاماژەی پێکرد "دوو ساڵ لەمەوبەر دیموکراتییەکەمان کەوتە بەر گەورەترین هێرش و پەلامارەوە، لەوەتای شەڕی ناوخۆییەوە، ئەمڕۆی دیموکراتیمان، هێشتاش بەهێز و تۆکمەیە وێڕای نیشانەکانی ئەو هێرشەی کرایە سەری پێوەی دیارە."


سەرۆک بایدن سەبارەت بە ئایندەش دەڵێت "ئەمشەو کە لێرە کۆبووینەتەوە، دەستمان کردووە بە نوسینەوەی بەشێکی تری سەرگوروشتەی ئەمەریکای مەزن، سەرگوروشتەی بەرەوپێشچوون و نەرمی نواندن، کاتێکیش ڕێبەرانی وڵاتانی جیهان داوام لێدەکەن پێناسەی ئەمەریکایان بۆ بکەم، ئەوا بە یەک وشە پێناسەی دەکەم: شییانەکان، یان تواناییەکان." و دەشڵێت "زۆرجار پێمان گوتراوە دیموکرات و کۆمارییەکان ناتوانن پێکەوە کار بکەن، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەلماندمان بۆ ئەوانەی بە گومانەوە لەو کارکردنە دەڕوانن، هەڵەن. بەڵێ هەندێک جار هەبووە دیموکراتەکان بە تەنها هەنگاویان ناوە، بەڵام زۆر جار و بەردەوامیش دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش پێکەوە بوون."

سەرۆک بایدن لە وتارەکەیدا داوای لە هەردوو لایەنی دیموکرات و کۆماری کرد تا پێکەوە کار بکەن بۆ بەرگریکردن لە ئەوروپایەکی بەهێزتر و پارێزراوتر و هەروەها داوایشی لێکردن پێکەوە کار بکەن بۆ دروستکردنی ئەو پردەی ئەمەریکا و گەلی ئەمەریکا پێکەوە دەبەستێتەوە.

سەبارەت بە کاری پێکەوەیی نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان سەرۆک بایدن دەڵێت " لە ڕاستیدا، من زیاتر لە 300 یاسای هەردوو لایەنم مۆرکردووە لەوەتای بوومەتە سەرۆک، لە دانانەوەی بڕیارەکانی تایبەت بە توندوتیژی دژی ژنان، تا بڕیاری ڕیفۆرمی ئەژمارکردنی هەڵبژاردن، تا دەگاتە ڕێزگرتن لە مارەبڕین کە مافی هاوسەرگیری خەڵک دەپارێزێت بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت."

سەرۆک بایدن دەڵێت " بۆ هاوڕێ کۆمارییەکانمان، ئەگەر ئێمە توانیبێتمان لە خولی پێشووی کۆنگرێسدا پێکەوە کارمان کردبێت، هیچ هۆکارێک نییە لەوەی نەتوانین کاری پێکەوەیی بکەین لەم خولەی کۆنگرێسدا. گەل پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایان پێداوین، ناکۆکی لەپێناو ناکۆکیدا، هێز و دەسەڵات لەپێناو هێز و دەسەڵاتدا، قەیران لە پێناو قەیراندا، نامانگەیەننە هیچ شوێنێک، هەر ئەمەش ڕوانینی من بووە بۆ وڵاتەکەم لەپێناو گیانی ئەم نیشتمانە و لەپێناو بونیاتنانەوەی بڕبڕەی پشتی ئەمەریکا، لە پیناو یەکگرتوویی لە وڵاتەکەماندا."

بایدن گوتیشی "من خۆم بۆ سەرۆکایەتی کاندید کرد بۆ ئەوەی شتەکان لە بنەڕەتدا بگۆڕم، بۆ ئەوەی دڵنیا بم کە ئابووری بۆ هەمووان کاردەکات بۆ ئەوەی هەموومان هەست بە شانازی بکەین بەو کارەی کە دەیکەین.
بۆ بنیاتنانی ئابوورییەک لە خوارەوە بۆ سەرەوە و ناوەڕاست بۆ دەرەوە نەک لە سەرەوە بۆ خوارەوە. چونکە کاتێک چینی ناوەڕاست باش کاردەکات، هەژاران دەرفەتیان دەبێت سەرکەون و دەوڵەمەندەکان هێشتا زۆر باشن. هەموومان باش دەبین."

سەرۆکی گوتی "وەک باوکم دەیگوت کار شتێکە کە مانای زۆر زیاترە لە مووچە. پەیوەندی بە کەرامەتی تۆوە هەیە. پەیوەندی بە ڕێزگرتنەوە هەیە. پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بتوانیت سەیری چاوی منداڵەکەت بکەیت و بڵێیت "شیرینەکەم – هەمو شتێک باش دەبێت" و لە دڵەوە ئەمە بڵێیت.

ئەو جا سەرۆک بایدن باسی لە ڕێژەی بێکاری لە ئەمەریکا کرد و گوتی ڕێژەی بێکاری 3.4%، کە نزمترین ئاستیە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا. ڕێژەی بێکاری لە نێو کرێکارانی ڕەشپێست و ئیسپانیدا خەریکە دەگاتە نزمترین ئاست."

ڕایشی گەیاند "ئێمە 800,000 هەلی کارمان لە بواری بەرهەمهێناندا دروستمان کردووە کە مووچەیەکی باشیان هەیە، کە خێراترین گەشەکردنە لە ماوەی 40 ساڵدا."

پاشان پرسیاری ئەوەی کرد لە کوێ نووسراوە کە ئەمەریکا ناتوانێت جارێکی تر پێشەنگی جیهان بکاتەوە لە بواری بەرهەمهێناندا؟

گوتی "دەیان ساڵە زۆر بەرهەممان هاوردە کردووە و هەلی کارمان هەناردە دەکرد. "

سەرۆک بایدن دەڵێت "هەر کاتێک کەسێک دەستدەکات بە کاردارییەکی بچوک، ئەوە کارێکی هیوا بەخشە."


لەم ماویەی ڕابردوودا وەک سەرۆک بایدن لە وتاری ساڵانەیدا 2023 ئاماژەی پێکرد، نرخی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی ناو ماڵ و تەلەفونی مۆبایلیش بەرزبوونەوە و دەڵێت " هەرگیز ناتوانین ڕێگە بدەین بەوەی ئەو ڕەوشە دووبارە ببێتەوە، هەربۆیەشە دیموکرات و کۆمارییەکانیش پێکەوە بڕیاری ترانسستەرە ئەلیکترۆنی و زانستییەکانیان مۆرکرد و کار لەسەر دڵنیایی دەکەین کە بازاری کڕین لە ئەمەریکاوە دەستپێبکات. پێس ئەم یاسایەش لەناو کارگەکاندا 800 هەزار دەرفەتی کار لە کارگەکاندا ڕەخسێندرا و لەگەڵ ئەم یاسا نوێیەدا دەرفەتی سەدان هەزار کاری تر لە سەرانسەری وڵاتدا دەڕەخسێت."

سەرۆک بایدن باسی لە پرۆژەیەکی تری ڕەخساندنی هەلی کاری کرد و گوتی "لە دەرەوەی شاری کۆڵۆمبۆس لە ویلایەتی ئۆهایۆ، کۆمپانیای ئینتل کارگەی نیمچە هێڵکاری لەسەر هەزار دۆنم دروست دەکات – کە کێڵگەیەکە بە مانای خەونەکان.

ئەوەش 10 هەزار هەلی کار دروست دەکات. 7 هەزار هەلی کاری بیناسازی. 3 هەزار هەلی کار کاتێک کارگەکان تەواو دەبن. ئەمانە ئەو کارانە دەبن کە موچەکانیان دەگاتە 130 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا و زۆربەیان پێویستان بە بڕوانامەی زانکۆ نییە."

گوتیشی " ئەمە تەنها دەستپێکە. بیر لە ماڵە نوێیەکان و بزنسە بچووکە نوێیەکان و زۆر شتی تر بکەرەوە کە دێنە ئاراوە."

بایدن دانیبەوەشدا نا پێویستە ئەمەریکا لە ژێرخانی جیهانیشدا پێگەیەکی بەهێزی هەبێت و گوتی " بۆ پاراستنی بەهێزترین ئابووری لە جیهاندا پێویستمان بە باشترین ژێرخانی جیهانیش هەیە.

پێشتر لە ژێرخانی جیهانیدا یەکەم بووین، دواتر دابەزین بۆ سیازدەهەم.

ئێستا ئێمە بەرەوپێش دەچینەوە چونکە ئێمە ڕێککەوتین بۆ پەسەندکردنی یاسای ژێرخانی دوولایەنە ، کە گەورەترین وەبەرهێنانە لە ژێرخانی ئابووریدا لە دوای سیستەمی ڕێگاوبانی نێوان ویلایەتی سەرۆک ئایزنهاوەرەوە.

هەتا ئێستا، ئێمە بودجەی زیاتر لە 20,000 پڕۆژەمان دابین کردووە، لەنێویاندا لە فڕۆکەخانە گەورەکان لە بۆستنەوە بگرە تا ئەتلەنتا تا پۆرتلاند."

گوتیشی ئەم پرۆژانە سەدان هەزار دەرفەرتی کاری لە سەرانسەری ئەمەریکا ڕەخساندووە.

بەشێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان هەستانە سەرپێ کاتێک سەرۆک بایدن باسی ژێرخانی ئەمەریکای کرد
بەشێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان هەستانە سەرپێ کاتێک سەرۆک بایدن باسی ژێرخانی ئەمەریکای کرد


سەرۆک بایدن ڕوودی دەمی کردە کۆمارییەکان و گوتی " بۆ هاوڕێ کۆمارییەکانم کە دژی ئەم پرۆژەیە دەنگیان داو بەڵام سەرباری ئەوەش داوا دەکەن دارایی بۆ پرۆژەکانی ناوچەکانیان دابین بکرێت، نیگەران مەبن. من بەڵێنم داوە سەرۆکی هەموو ئەمەریکا دەبم. دارایی پرۆژەکانتان دابین دەکەین."

گوتیشی ئەم " ئەم یاسایە یارمەتیدەر دەبێت بۆ یەکخستنی زیاتری هەموو ئەمەریکا."

سەرۆک باییند باسی لە هەوڵەکانی کرد تا چیتر کۆمپانیاکان نەتوانن پارەی زیادە لە بەکارهێنەران بسێنن و گوتی " بەڕێوەبەرایەتییەکەم ئەو پارە زیادانەی کە لەلایەن بازرگانەکان بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی زیاتر پارە بدەیت کەم دەکاتەوە. بۆ نموونە، ئێمە وا لە هێڵە ئاسمانییەکان دەکەین کە پێشوەختە نرخی تەواوی بلیتەکەت پیشان بدەن و پارەکەت بۆ بگەڕێننەوە ئەگەر گەشتەکەت هەڵوەشایەوە یان دواکەوت. ئێمە کرێی زیادەڕۆیی بانکیمان کەمکردووەتەوە، کە کڕیاران زیاتر لە یەک ملیاردۆلار لە ساڵێکدا پاشەکەوت دەکەن."

گوتیشی "ئێمە کرێی دواکەوتنی قەرزی مانگانەی بانک بە ڕێژەی 75% کەم دەکەینەوە کە دەکاتە لە 30 دۆلارەوە بۆ 8 دۆلار.
ئەم پارە زیادانە ڕەنگە بۆ خەڵکێکی زۆر دەوڵەمەند کێشە نەبێت، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی لەو ماڵانەدان وەک ئەوەی من تیای گەورە بووم گرنگە. ئەم شتانە دەکاتە سەدان دۆلار لە مانگێکدا. "

سەرۆک بایدن گوتیشی چیتر ئەمە نامێنێت، "ئێمە پڕۆژە یاسایەکمان نووسیوە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە بوەستێنین. پێی دەوترێت یاسای خۆپاراستن لە کرێی زیادە.
ئێمە 'کرێی هاوینەهەواری' سەرسوڕهێنەر قەدەغە دەکەین کە هۆتێلەکان دەیخەنە سەر کرێکەیان. ئەم پارانە دەتوانن شەوی 90 دۆلار زیاترت لێ وەربگرن لەو هۆتێلانەی کە تەنانەت هاوینەهەواریش نین.
ئێمە وا دەکەین کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتی کەیبڵ و مۆبایل نەتوانن چیتر هەتا 200 دۆلارت لێ بستێنن کاتێک بتەواێت کۆمپانیاکە بگۆڕیت.
ئێمە نرخی خزمەتگوزاری لەسەر بلیتی کۆنسێرت و بۆنە وەرزشییەکان سنوردار دەکەین و وا لە کۆمپانیاکان دەکەین پێشوەختە هەموو کرێیەکان ئاشکرا بکەن.
وە ئێمە ڕێگە لە هێڵە ئاسمانییەکان دەگرین کە تا 50 دۆلار زیادەت لێ بسێنن بۆ ئەوەی تەنها خێزانەکان بیانەوێت لای یەکەوە دانیشن."

سەرۆک بایدن گوتی ئێمە دەست دەکەینەوە بە نوێکردنەوەی کەرامەتی کار " بۆ نموونە 30 ملیۆن کرێکار لە کاتی وەرگرتنی کارێکدا دەبوو ڕێکەوتنی نەڕکابەریی واژۆ بکەن. بۆیە کاشێرێک لە شوێنێکی ساندویچ ناتوانێت شەقامەکە ببڕێت بۆ ئەوەی هەمان کار لە شوێنێکی تر وەربگرێت بۆ ئەوەی یەک دوو دۆلاری زیاتر بەدەستبهێنێت.
ئێمە ئەو ڕێکەوتنانە قەدەغە دەکەین بۆیە کۆمپانیاکان دەبێت کێبڕکێ لەسەر کرێکاران بکەن و ئەو پارەیەیان پێ بدەن کە شایانی خۆیانە.
من زۆر دڵگرانم بەوەی کۆمپانیاکان یاسا دەشکێنن بە ڕێگریکردن لە ڕێکخستنی کرێکاران."

جۆو بایدن گوتیشی "با دڵنیا بین لەوەی کە دایک و باوکانی کارکەر توانای پەروەردەکردنی خێزانێکیان هەبێت کە بتوانن کاتێک نەخۆش بکەون کارنەکەن، مۆڵەتی خێزانیی و پزیشکی بە مووچەوە هەبێت، و چاودێریکردنی منداڵان بە نرخێکی گونجاو بێت کە ملیۆنان کەسی دیکە بتوانن بچنە سەر کارەکانیان".
گوتیشی "با تەواوی باجی منداڵان بگەڕێنینەوە کە شوێنێک بگرێت بۆ ملیۆنان دایک و باوک و هەژاری منداڵان بە لەسەدا پەنجا کەم دەکاتەوە بۆ نزمترین ئاست لە مێژوودا."

سەرۆک بایدن لە وتارە ساڵانەکەیدا داوای لە ئەندامانی کۆنگرێس دەکات تا پلانەکەی پەسەند بکرێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ خەڵکی بە تەمەن و هەروەها کەمئەندامان و ئەو کەسانەش کە بۆ بڕوا ئاینییەکان کار دەکەن.

سەرۆک بایدن دەڵێت "گەڕانەوەی شکۆی کار بە مانای ڕەخساندنی زەمینەی گونجاوە بۆ خەرجییەکانی خوێندن تا بەردەست بێت بۆ چینی مامناوەندی، کاتێکیش دوازدە ساڵی خوێندمان کردە بابەتێکی گشتیی جیهانی لە سەدەی ڕابردوودا، وەهایکرد ببینە باشترین وڵات لە جیهاندا هەردوو ڕووی خوێندن و ئامادەباشییەوە و جیهانیش لەمە تێگەیشت، جێڵ، هاوسەرم کە تا ئێستاش مامۆستایە، قسەیەکی هەیە و دەڵێت هەر وڵاتێک لە سەرو ئێمەوە بێت لە خوێندندا، ئەوا باڵادەست دەبێت بەسەرماندا."

سەرۆک بایدن دەڵێت "ئەگەر دەتانەوێت ئەمەریکا ببێتە خاوەنی باشترین هێزی کاری خوێندەوار، ئەوا با ئەرکەکەمان تەواو بکەین و دەشتڕاگەیشتن بۆ خەڵک بڕەخسێنین تا منداڵە تەمەن 3 و 4 ساڵەکانیان بخەنە خوێندنگەکانی بەر لە قۆناغی سەرەتایی، با موچەی مامۆستایانی خوێندنگاکانی کەرتی گشتی زیاد بکەین."

سەرۆک بایدن داوا لە ئەندامانی کۆنگرێس دەکات وەک دەڵێت "با ڕێگەی کارێکی باش بخەینە بەردەم هاووڵاتیانی ئەمەریکایی، بەبێ جیاوازیکردن لەوەی دەچنە زانکۆ یان نا."

سەرۆک بایدن باسی لە شەڕی دژ بە ڤایرۆی کۆرۆنای کرد و گوتی لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە هێشتا بە تەواوەتی کۆتایی نەهاتووە بەڵام بەهۆی خۆڕاگری گەلی ئەمەریکاوە توانرا کاریگەرییەکانی کۆڤید لەسەرمان کەمبکەینەوە.

سەرۆک گوتی " ڕێژەی مردن بەهۆی کۆڤید %90 کەم بووەتەوە. ئێمە ژیانی ملیۆنان کەسمان ڕزگار کردووە و وڵاتەکەمانمان کردووەتەوە. بەم زووانەش کۆتایی بە باری نائاسایی تەندروستی گشتی دەهێنین."

لە کاتێکدا باسی لەوە کرد کە قوربانیانی ئەو پەتایەمان بیرناچێتەوە گوتیشی " هێشتا پێویستە چاودێری دەیان جۆری ڤایرۆسەکە بکەین و پشتگیری لە ڤاکسین و چارەسەری نوێ بکەین. بۆیە پێویستە کۆنگرێس بودجەی ئەم هەوڵانە دابین بکات و ئەمەریکا بە سەلامەتی بهێڵێتەوە."

هەندێک میوانی تایبەت لە وتارە ساڵانەکەی سەرۆک بایدن ئامادە بوون لەوانەشدا دایک و باوکی تایر نکۆڵس، ئەو گەنجە ڕەشپێستەی پاش ئەوەی لەلایەن پێنج پۆلیسەوە لە شاری مێنفسی تێنسی لێی درابوو باری تەندروستی تێکچوو و دوای سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

دایک و باوکی تایەر نیکۆڵس لە نێو ئامادەبواندا لە دەمی وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن لەسەر ڕەوشی وڵات
دایک و باوکی تایەر نیکۆڵس لە نێو ئامادەبواندا لە دەمی وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن لەسەر ڕەوشی وڵات

سەرۆک بایدن گوتی "ئەمشەو دایک و باوکی نکڵسمان لەگەڵدایە, کە هەفتەی ڕابردوو کوڕەکەیان بە خاکسپارد. هیچ وشەیەک نییە بۆ وەسفکردنی دڵشکان و خەم و پەژارەی لەدەستدانی منداڵێک. جا بیهێنە بەرچاوت کە منداڵێک بەدەستی یاساوە لەدەست بدەیت."

سەرۆک بایدن جەختی کردەوە لەوەی پێویستە ڕاهێنانی باشتر بە کارمەندانی چەسپاندنی یاسا بکرێت تا " ئاستێکی باڵاتریان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن هەموان بپارێزن."

هەروها باسی لە پێویستی زیاتری شارزایانی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە دەرونییەکانیشدا کرد و باسی لە کەمکردنەوەی تاوانی توندوتیژی چەکیش کرد و گوتی "سەرچاوەی زیاتر بۆ کەمکردنەوەی تاوانی توندوتیژی و تاوانی چەک، بەرنامەی دەستێوەردانی کۆمەڵایەتی زیاتر؛ وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری نیشتەجێبوون و پەروەردە و ڕاهێنانی کاردا. ئەمانە هەموی دەشێن ڕێگری لە توندوتیژی بکەن."

گوتیشی " کاتێک ئەفسەرانی پۆلیس یان بەڕێوەبەرایەتییەکان متمانەی خەڵک پێشێل دەکەن، دەبێت بەرپرسیاریان بکەین."

سەرۆک گوتیشی" با پێکەوە کاری چاکسازی پۆلیس تەواو بکەین. شتێک بکەین.

ئەوە هەمان داوای ئەو دایک و باوکانە بوو کە منداڵەکانیان لە یوڤاڵدی لەدەستدا: شتێک لەسەر توندوتیژی بە چەک بکەن."

" سوپاس بۆ خوا ئێمە ئەوەمان کرد، گشتگیرترین یاسای سەلامەتی دەمانچەمان لە سێ دەیەدا دەرکرد."

بەڵام گوتیشی دەزانین کارەکەمان تەواو نەبووە " با کارەکە تەوا بکەین و چەکی هێرشبەر جارێکی تر قەدەغە بکەین."

سەرۆک بایدن لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لەبەردەم کۆنگرێسدا، داوا لە ئەندامانی کۆنگرێس دەکات تا جارێکی تر و هاوشێوەی ساڵانی پێشتر لە دۆسێی کۆچبەراندا هاوهەوڵوێست و هاوڕوانین بن.

سەرۆک بایدن دەڵێت "ئێستا ژمارەیەکی پێوانەیی کارگوزارانی پاراستنی سنور هەن لە ئەمەریکادا و تەنها لە چەند مانگی ڕابردوودا هەشت هەزار قاچاغچییان دەستگیرکردووە و دەستیشیان گرتووە بەسەر زیاتر لە 23 هەزار پاوەند بەنگ و موخەدەراتدا. لەوەتای مانگی ڕابردووەوە کە پلانی نوێی پاراستنی سنورەکانمان خستە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆچبەریی نایاسایی لە کوبا و هایتی و نیکاراگوا و ڤەنزەوێلاوە بە ڕێژەی لە سەدا 97 کەمی کردووە، بەڵام کێشەی سنورەکان لە ئەمەریکا کۆتایی نایەت تا ئەو کاتەی کۆنگرێس بڕیاری خۆی دەدات؛ ئەگەر پلانەکەم بۆ ڕیفۆرمی بەرفراوانی کۆچبەریی پەسەند نەکەن، یان بەلانیکەم ئەو پلانەم پەسەند بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و ئەفسەر بۆ پاراستنی سنورەکانمان."

سەرۆک بایدن دەڵێت "جا لەم کۆنگرێسەی خەڵکدا، ئەرکی هەموومانە ماف و ئازادییەکانی خەڵک بپارێزین، دەبێت کۆنگرێس ئەو مافە بگێڕێتەوە کە دادگای باڵا لە ساڵی پاردا لە ژنانی سەندەوە، تا بتوانین مافی ژنان بپارێزین لەو بژاردەیەی خۆی هەڵیدەبژێرێت. جێگری سەرۆک هەرچییەکی لە تواناماندا بێت دەیکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری تەندروستی و پاراستنی تایبەتمەندییەکانی نەخۆش، زیاتر لە دوازدە ستان، قەدەغەکردنێکی قورسیان خستۆت سەر منداڵ لەباربردن. جا ئەو هەڵەیە مەکەن، ئەگەر کۆنگرێس قەدەغەکردنێکی نیشتمانیانەی منداڵ لەباربردن پەسەند بکات ئەوا من ڤیتۆی دەکەم "

سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازان، سەرۆک بایدن دەڵێت "با پێکەوە، دیموکرات و کۆماریی یاسای یەکسانی پەسەند بکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی هاوڕەگەزخوازانی ئەمەریکایی بەتایبەتیش ئەوانەی ڕگەزی خۆیان دەگۆڕن، بە پارێزراوی و شکۆوە دەژین، چونکە بەهێزیمان هەر تەنها نمونە نییە بۆ هێزی خۆمان ، بەڵکو هێزە بۆ نمونەییمان، با لەبەرچاومان بێت جیهان چاوی لەسەرمانە."

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا ئۆکسانا مارکارۆڤا یەکێک بوو لە میوانەکانی وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن، لە دەمێکدا کە سەرۆک بایدن باسی ئۆکرانیای کرد هەستایە سەر پێی و دەستی بە سینگییەوە گرت
باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا ئۆکسانا مارکارۆڤا یەکێک بوو لە میوانەکانی وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن، لە دەمێکدا کە سەرۆک بایدن باسی ئۆکرانیای کرد هەستایە سەر پێی و دەستی بە سینگییەوە گرت

سەرۆک بایدن سەبارەت بە قەیرانی ئۆکراین دەڵێت "یەک ساڵ لەمەوبەر لەم سەکۆیەوە قسەم کرد، تەنها چەند ڕۆژێک پاش ئەوەی ڤلادمیر پوتن شەڕی دڕندانەی خۆی ڕاگەیاند دژ بە ئۆکراین. سەرۆکی ڕوسیا هێرشێکی خوێناوی دەستپێکرد و وێنەی مەرگ و وێرانکارییەکانی ئەوروپای خستەوە بیرمان لەکاتی دووهەم شەڕی جیهانیدا، ئەو داگیرکردنەی پوتن تاقیکردنەوەی قۆناغەکان و تاقیکردنەوەی ئەمەریکا و جیهانیش بوو."

سەرۆک بایدن لە وتاری ساڵانەیدا دەپرسێت " ئایا ئێمە وابەستەی پرەنسیپە بنچینەییەکانین؟ ئایا ئێمە پشتیوانی لە سەروەریی دەکەین؟ ئایا ئێمە پاڵپشتی مافی گەلانین تا ئازادانە و دوور لە سەرکوتکاران بژین؟ ئایا ئێمە وابەستەین بە پاراستنی دیموکراتی؟ بەڵێ ئەمانە هەمووی گرنگن بۆ ئێمە چونکە ئاشتی دەپارێزن و ڕێگر دەبێت لەوەی شەڕانگێزەکان ببنە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاسایش و گەشەکردنیش؛ بەڵێ ئێستا و پاش ساڵێک وەڵام بۆ ئەو پرسیارانە هەر بەڵێیە و پێکەوەش هەر ئەوەمان کردووە کە ئەمەریکا بە باشترین شێوە کردوویەتی و بەرەنگاری شەڕانگێزییەکانی پوتن بووینەتەوە و پاڵپشتی گەلی ئۆکراینین."

سەرۆک بایدن دەڵێت " ئێمە هاوپەیمانێتی ناتۆمان یەکگرتووکرد و هاوپەیمانێتییەکی جیهانیمان پێکهێنا. ئێستا جارێی تریش باڵیۆزی ئۆکراین بۆ ئەمەریکا لەم هۆڵەدایە و ئەو خانمە هەر تەنها نوێنەری ولاتی ئۆکراین نییە بەڵکو نوێنەری ئازایەتی گەلەکەشیەتی. باڵیۆزی ئۆکراین، ئەمەریکا یەکگرتووە بۆ پشتیوانی لەوڵاتەکەت، هەرچەندێکیش بخایەنێت ئێمە پشتیوانتانین. وڵاتەکەمان کار بۆ ئازادییەکی زیاتر دەکات، بۆ شکۆی زیاتر و ئاشتییەکی زیاتریش، نەک هەر تەنها بۆ ئەوروپا بەڵکو بۆ هەموو شوێنەکانی تریش."

سەبارەت بە وڵاتی چین سەرۆک بایدن دەڵێت "بەرلەوەی ببمە سەرۆکی ئەمەریکا، باسوخواسەکان لەسەر ئەوەبوون چۆن کۆماری میللی چین هێزی خۆی زیاتر دەکات و ئەمەریکاش لە پاشەکشەدا بووە لە جیهاندا، نا چیتر وەها نییە."
گوتی بە ڕوونی بە سەرۆک شی ڕاگەیاندووە کە ئێمە هەوڵی کێبڕکێ دەدەین نەک ناکۆکی " من هیچ داوای لێبوردنێک ناکەم کە ئێمە وەبەرهێنان دەکەین بۆ ئەوەی ئەمەریکا بەهێز بێت. وەبەرهێنان لە داهێنانی ئەمەریکاییەکاندا دەکین، لە پیشەسازییەکاندا کە داهاتوو پێناسە دەکەن، و ئەوەی کە حکومەتی چین هەوڵی زاڵبوون دەدات. وەبەرهێنان لە هاوپەیمانییەکانمان و کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا دەکەین بۆ پاراستنی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانمان بۆ ئەوەی لە دژی ئێمە بەکارنەهێنرێن. "

وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن لەسەر ڕەوشی وڵات سێشەممە، 7ی دووی 2023
وتاری ساڵانەی سەرۆک بایدن لەسەر ڕەوشی وڵات سێشەممە، 7ی دووی 2023

سەرۆک بایدن جەختی لەوەش کردەوە ئەمڕۆ ئەمەریکا لە بەرزترین پێگەدایە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەوەی بەربەرەکانی لەگەڵ چێن یان هەر شوێنێکی تردا بکات لە جیهاندا.

بایدن گوتیشی " من پابەندم بە کارکردنێک لەگەڵ چیندا کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بەرەوپێش ببات و سوود بە جیهان بگەیەنێت.

بەڵام هەڵە مەکەن: وەک هەفتەی ڕابردوو ڕوونمان کردەوە، ئەگەر چین هەڕەشە لە سەروەریمان بکات، ئێمە کار دەکەین بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان. ئەوەشمان کرد."

بایدن گوتیشی لە ماوەی دوو ساڵی سەرۆکایەتیدا دیموکراسی بەهێزتربووە نەک لاوازتر و خۆسەپێنەرەکان لاوازتر بوون نەک بەهێزتر.

سەرۆک بایدن لە کۆتایی وتارەکەیدا گەشبینی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە داهاتووی ئەمەریکا و گوتی " تەنها پێویستە بزانین ئێمە کێین. ئێمە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاین و هیچ شتێک نییە کە بەدەربێت لە توانای ئێمە ئەگەر پێکەوە بیکەین."

XS
SM
MD
LG