Accessibility links

خەڵک و کارمەندانی فریاگوزاری لە تورکیا گلەیی لە حکومەت دەکەن و داوای یارمەتی دەکەن  


هەرچەند فوئاد ئۆکتای جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لە تورکیا زیاتر لە هەشت هەزار کەس لەژێر داروپەردووی بینا ڕوخاوەکاندا رزگارکراون و نزیکەی 380 هەزار کەسیش پەنایان بردووەتە بەر پەناگە حکومییەکان، هۆتێلەکان، مۆڵەکان، یاریگا، مزگەوت و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان. هەندێکی دیکەشیان شەوانە لە دەرەوە بە بەتانییەوە لەسەر شەقامەکان رۆژدەکەنەوە و لەتاو سەرما و بەفربارین بۆ خۆ گەرمکردنەوە ئاگریان کردۆتەوە و لەدەوری کۆبوونەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ژمارەیەک لە خەڵک و کارمەندانی فریاگوزاریش گلەیی لە حکومەت دەکەن و داوای یارمەتی دەکەن.

لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆر کەس داوای هاوکاریی دەکەن بۆ ئەو کەسانەی کە پێدەچێت لە ژێر داروپەردووی بینا ڕوخاوەکاندا گیریان خواردووە و ئاژانسی ئەنادۆڵی دەوڵەتی تورکیا لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە ڕایگەیاندووە، هەموو پەیوەندییەکان "بە وردی کۆدەکرێنەوە " و زانیارییەکان دەگوازرێنەوە بۆ تیمەکانی گەڕان و پشکنین بەدوای زیندوماواندا."

پیاویک پاش وێرانبوونی ماڵەکەی پەنای بردوو بۆ خوێندنگایەکی عەدەنە، تورکیا 7 ی دووی 2023
پیاویک پاش وێرانبوونی ماڵەکەی پەنای بردوو بۆ خوێندنگایەکی عەدەنە، تورکیا 7 ی دووی 2023

دەستەی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاند، تا ئێستا 13 هەزار و 740 کارمەندی گەڕان و فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچەکانی بوومەلەرزەکە کراون، بەڵام ئاستی زیانەکانی زۆر گەورەیە و نزیکەی شەش هەزار باڵەخانە لە باشووری تورکیا خاپوور بوون.

فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیاش ڕایگەیاند، تەنها لە شاری هەتای زیاتر لە هەزار و 200 باڵەخانە وێران بوون.

کارمەندانی فریاگوزاری و خەڵک گلەیی لە بەهاناوەهاتنی حکومەت دەکەن

تیمەکانی فریاگوزاری لە پارێزگاکە گلەیییان لە کەمی ئامێرەکان کردووە، هاوکات خەڵک لەسەر ڕێگاکان ئۆتۆمبێلەکانیان ڕاگرتووە و داوای هەر کەرەستە و ئامێرێک دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن داروپەردووە ڕووخاوەکان لابدەن و زیدوماوان رزگار بکەن..

پیاوێک کە لە ئانکەرەوە هاتبوو بەرەو شاری هەتای، دوای ئەوەی توانی بە تەنیا ژنێک لە داروپەردووی باڵەخانەیەک رزگاربکات، دەڵێت "کارمەندی فریاگوزاری لێ نییە، سەربازی لێ نییە. کەسی لێ نییە. بەداخەوە ئێرە شوێنێکی پشتگوێخراوە". ئەو پیاوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت.

هەڵمەتی خوێن بەخشین لە ئەنکەرە بۆ یارمەتی قوربانیانی بوومەلەرزەکە
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:07 0:00

ڕەنگە قەبارەی بەرفراوانی بولەرزکە و ئاکامە کارەساتبارەکانی حکومەت و دامەزراوەکانی سەرسام کردبێت، لەبەرئەوەی بولەرزەیەکی گەورەی کتوپڕ بوو، هاوکات ئامادەکاری بۆ نەکرابوو. لەکاتێکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، 13 ملیۆن کەس لە کۆی 85 ملیۆن کەسی وڵاتەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری ئەو بولەرزەیەیان لەسەر بووە و باری نائاسایی لە 10 پارێزگادا ڕاگەیاند بە مەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی ئەو کارەساتە.

دەزگای بەڕێوەبردنی فریاکەوتنی تورکیا ڕایگەیاند، کۆی ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانلەدەستداوە پێنج هەزار و 434 کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 26 هەزار کەسیش برینداربوون. بەڵام تا دێ ئەو ژمارەیە لەبەرزبوونەوەدایە.

بەپێی زانیارییەکانی نێوەندی بوومەلەرزەی ئەمەریکا بوومەلەرزەکە کە بە گوڕی 7.8 بووە لەسەر پێوانەی ڕێختەر و بە کوشندەترین بوومەلەرزە لە تورکیا لە ساڵی 1999ەوە هەژمارە دەکرێت - بە هەزاران باڵەخانە ڕووخاون و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان وێران بوون و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون یان بێ ماڵ و حاڵ بوون.

لە شاری غازی عەنتاب ژنێک بە گریانەوە لە بەر باراندا دانیشتبوو بە نائومێدییەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "هاوار دەکەن بەڵام کەس نایەت بە فریادمانەوە، ئێمە وێران بووین، خوایە گیان چی بکەیەن هانا بۆ کوێ بەرین... ئەوان هاوار دەکەن. دەڵێن ڕزگارمان بکەن بەڵام ناتوانین ڕزگاریان بکەین، چۆن ڕزگاریان بکەین؟ لە بەیانییەوە کەس نەگەشتۆتە ئێرە رزگاریان بکات."

شاری هەتای تورکیا کە هاوسنوورە لەگەڵ باکووری ڕۆژئاوای سووریا، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و لانیکەم 872 کەس تا ئێستا بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. هاوکات دانیشتووان گلەیی لە وەڵامدانەوەی فریاگوزاری ناتەواوی حکومەت دەکەن و کارمەندانی فریاگوزاریش ڕایانگەیاندووە کە کێشەیان هەبووە بۆ بەدەستهێنانی ئامێر و پێداویستی بۆ رزگارکردنی زیندووماوان.

یەکێک لە قوربانی بومەلەرزەکە لە شاری مەڵاتیا بە ناوی مورات ئەلیناک دەڵێت "ئەگەر ئەمە پارێزگای بینگۆل بووایە، ئەم بینایە هەڵدەکەنرا. تەنانەت یەک کەسیش لێرە نییە. ئێمە لە ژێر بەفرد ماوینەتەوە، بێ ماڵین، هیچ شتێک نەماوە. رێگەمان بدەن با خۆمان تەرمەکان دەربهێنینەوە. نازانم خۆم بکوژم یان نا چی بکەم بۆ کوێ بچم؟ خودایە تۆ بۆ ئەم کارەساتەت بەسەر هێناین."

جێی باسە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کە لە تورکیا بوومەلەرزەکە کاری تێکردووە ناوچە کوردنشینەکانن.

سەرچاوە: بۆ نوسینی ئەم بابەتە سود لە ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG