Accessibility links

سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕەخنە دەگرێت لە شێوازی هەوڵەکانی فریاگوزاری حکومەتی تورکیا بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە


سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە زیندانەوە زنجیرەیەک تویتی کردووە و ڕەخنە لە هەوڵەکانی فریاکەوتن دەگرێت.

دەمیرتاش لە تویتەکەیدا دەڵێت "تەنها 3 کاتژمێر دوای بوومەلەرزەکە هاوڕێ پارێزەرەکانم زانیاری وردیان پێدام و ئێمەش لە گەورەیی کارەساتەکە تێگەیشتین و لەوانەیە زیاتر لە 10 هەزار بینا ڕووخابێت."

"ئەگەر ڕژێمی تاکڕەو پاش 30 کاتژمێر هەموو ئامرازەکانی دەوڵەتی کە لە دەستیدایە ئاراستە بکات و لە گەورەیی کارەستاتەکە تێبگات ئەوە شەرمەزارییەو پێویستی بە دەستلەکارکێشانەوە لە سیاسەت هەیە".

هەروەها هەر لەو تویتەدا دەشڵێت " بەڵام ئەگەر سەرەتا درکیان بە گەورەیی کارەساتەکە کردبێت و ڕاستییەکانیان لە ڕای گشتی شاردبێتەوە و 30 کاتژمێر چاوەڕێیان کردبێت بۆ ئاراستەکردنی هەموو ئامرازەکانی دەوڵەت، ئەمەش تاوانێکی گەورەیە، کۆمەڵکوژییە."

"گەورەترین چارەسەر هاودەنگی خۆبەخشانەی گەلە. ئێستا کاتی زیادکردنی هاودەنگی و هاوکارییە."

قسەکانی دەمیرتاش لە کاتێکدایە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەخنە لە حکومەتەکەی ئەردۆغان گیراوە بەهۆی شێوازی هەوڵەکانی حکومەت بۆ هاوکاریکردنی خەڵکەکە. بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی تورکیا کە بوومەلەرزەکە کاریتێکردووە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیایە.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەمەم ڕایگەیاند زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بەپەلە دەگیرێتەبەر بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان " ئێمە بڕیارمان دا باری نائاسایی ڕابگەیەنین تا دڵنیابین لەوەی کاری ڕزگارکردن و هاتنەوە سەرخۆ بە خێرایی ئەنجام بدرێت."

هەروەها گوتیشی حکومەتەکەی 50 هەزار کارمەندی فریاکەوتن ڕەوانەی ناوچەکە دەکات لەگەڵ هاوکاری 5 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە نێوەندەکەی نزیک شاری غازی عەنتاب بوو و دەیان شارو شارۆچکەی تورکیا و سوریای گرتەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون.

بەڕێوەبەرایەتی فریاکەوتن و کارەسات لە تورکیا ناسراو بە (AFAD) تا ئێستا لە دوو بوومەلەرزەی بەهێزدا سێ هەزار و 703 کەس گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها گوتیشی ژمارەی بریندارەکانیش لە 22 هەزار و 286 کەس زیاترن.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە سوریاش بەلایەنی کەم بەلایەنی کەم 1600 کەس گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG