Accessibility links

ئێران پشتیوانی دەکات لە هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا  


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو، ئانکەرە 17 ی یەکی 2023
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو، ئانکەرە 17 ی یەکی 2023

ئێران ڕۆژی سێشەممە ستایشی دەستپێکردنەوەی یەکەمین وتووێژی ڕاستەوخۆی ئاستی وەزیرانی نێوان ئانکەرە و دیمەشق کرد، ئەمەش یەکەم جارە لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا زیاتر لە دەساڵ لەمەوبەرەوە کۆبونەوەی لە جۆرە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕکابەرە ئەنجام بدرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان کە حکومەتەکەی بە توندی پشتیوانی ئەسەدی کردووە، ڕایگەیاند تاران بە تەواوەتی پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئاشتبوونەوەی هەردوو وڵات دەکات.

ئەمیر عەبدوڵاهیان پاش گفتوگۆکانی لە ئانکەرە لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی " ئێمە زۆر خۆشحاڵین بەو ڕاستییەی کە پێوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئانکەرە لە گۆڕاندان.

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی " لەوبڕوایەداین هەر پێشوەچوونێکی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئانکەرە و دیمەشق لە بەرژەوەندی هەرێمەکەمان و وڵاتەکانماندا دەبێت."

ئەمیر عەبدوڵاهیان پاش سەردانێکی بۆ دیمەش و گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوتا سوریاییەکەی فەیسەڵ مقداد لە ڕۆژی شەممە، چوو بۆ ئانکەرە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد، بەنیازە یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی خۆی لەگەڵ مقداد "لە ماوەی داهاتوودا" ئەنجام بدات.

پێشتر پێشنیاری کردبوو کە ڕەنگە مانگی داهاتوو لە مۆسکۆ چاوی بە هاوتا سوریاییەکەی بکەوێت.

چاوشئۆغڵو گوتیشی "ئەمڕۆ جەختمان لەوە کردەوە کە بەشداری ئێران لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە."

پەیوەندییەکانی ئانکەرە لەگەڵ دیمەشق دوای ئەوە تێکچوون کە ئانکەرە دەستیکرد بە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی یاخیبووان بۆ ڕووخاندنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 2017 بەشار ئەسەدی بە "تیرۆرست" ناودێر کرد و ئامادە نەبوو دانە بە دەسەڵاتی سەرۆکی تورکیادا بنێت.

بەڵام ڕووسیای هاوپەیمانی دیمەشق توانی لە مانگی 12 وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ کۆبنکاتەوە کە ئەمەش یەکەم جار بوو لەوەتای ساڵی 2011 وە.

لە ئێستادا زەمینەسازی دەکرێت بۆ شیانی لوتکەی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد.

هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ کردنەوەی دیالۆگ لە نێوان تورکیای ئەندامی ناتۆ و حکومەتی ئەسەد، ئەمەریکای نیگەران کردووە.

پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ ئانکەرە لە ئێستاوە بەهۆی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هێزە کانی سوریای دیموکراتیک بە سەرۆکایەتی کوردەکان کە ئەردۆغان وەک "تیرۆریست" لێیان دەڕوانێت، گرژ بووە.

هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە ڕووسیا هیواخوازە دیمەشق و ئانکەرە بتوانن یەکگرتوو بن لە خواستی هاوبەشیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پرایس لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە سەرەتای ئەم مانگە گوتی "ئێمە پشتگیری وڵاتان ناکەین کە پەیوەندییەکانیان نوێبکەنەوە یان پشتیوانی دەرببڕن بۆ هێنانەوەسەرخۆی دیکتاتۆری دڕندە بەشار ئەسەد. ئێمە داوا لە وڵاتەکان دەکەین کە بە وردی تۆماری دڕندەیی مافی مرۆڤی ڕژێمی ئەسەد لە 12 ساڵی ڕابردوودا لەبەرچاو بگرن لە کاتێکدا بەردەوامە لە زیادکردنی دڕندایەتییەکانی دژ بە گەلی سوریا و ڕێگەگرتن لەدەستڕاگەیشتنیان بە یارمەتییە مرۆییەکانی کە ژیانیان ڕزگاردەکات."

سەرۆکی سوریاش مەرجی قورسی داناوە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئەردۆغان.

لە هەفتەی ڕابردوو بەشار ئەسەد ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکایەتی، پەیوەستە بە "کۆتایی داگیرکاری" لەلایەن ئانکەرەوە بۆ سەر بەشێک لە سوریا.

ئەردۆغان باس لەوە دەکات کە تورکیا پێویستی بە ئامادەبوونی سەربازی هەیە لە باکوری سوریا بۆ پاراستنی خاکەکەی لە هێرشی کوردەکان.

چاوشئۆغڵو ڕۆژی سێشەممە گوتی ئانکەرە ڕێز لە "یەکپارچەیی خاکی" سوریا دەگرێت، بەڵام داوای پشتیوانی لە شەڕەکانی دژی "تیرۆریستان"یش دەکات.

چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بە هێزە کورییەکانی سوریا گوتی " پێویستە پێکەوە شەڕی دژ بە تیرۆرسم بکەین."

لە ساڵی 2016ەوە تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی لە باکوری سوریا ئەنجام داوە کە زۆربەی جار هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی تیادا کردووەتە ئامانج. لە مانگی 11 ی ساڵی ڕابردووشدا جارێکی تر سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تری زەمینی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد.

ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا دیدارێکی 90 خولەکیشی لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجامدا کە گفتوگۆی کرد لەبارەی کاتی سەردانەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ تورکیا ، کە لەمێژە پلانی بۆ دانراوە.

ئەمیر عەبدوڵاهیان گوتی " هیواداراە ئەم سەردانە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت و ببێتە مایەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکانمان."

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە








XS
SM
MD
LG