Accessibility links

کرێکارانی سوتەمەنی لە ئێران خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بۆ زیادکردنی موچەکانیان


بەپێی گرتە ڤیدیۆ و ئەو هەواڵانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی سوتەمەنی لە باشووری ئێران خۆپیشاندانییان ئەنجامداوە و داوایان کردووە موچە و بەخشیشی خانەنیشینیان زیاد بکرێت.

تاوەکو ئێستا وەزارەتی سوتەمەنی ئێران لێدوانی لەسەر هەواڵی خۆپیشاندانی کرێکارانی سوتەمەنی نەداوە. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران زۆرجار وردەکارییەکانیان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێستای وڵاتەکە بڵاونەکردۆتەوە.

دەزگای هەواڵی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ وتی کۆمەڵێک لە کرێکارانی سوتەمەنی لە دەرەوەی پارس ئۆیڵ و کۆمپانیای گاز لە ئەسەلویەی شاری بوشیری باشووری ئێران خۆپیشاندانێکیان ئەنجامداوە.

وتی لەگەڵ داواکارییەکانیاندا بۆ زیادکردنی موچە و بەخشیشی خانەنشینیان، داوای لابردنی باج و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کەمکردنەوەی موچەکانیان کردووە، هەروەها داوای خزمەتگوزارییەکی باشتر و بارودۆخێکی تەندروستی باشترییان کردووە.

کرێکارێکی ئەسەلویە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە دەزگای هەواڵی چالاکەوانانی مافی مرۆڤ بڵاوی کردۆتەوە هاوار دەکات و دەڵێت " وەزیرێکی درۆزنمان ناوێت." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ وەزیری سوتەمەنی ئێران جەواد عوجی. ئەسەلویە گەورەترین کێڵگەی گازی دەریایی تێدایە و ناوەندی دامەزراوە ئێرانییەکانە کە تیایدا بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەڕ کاری تێدا دەکەن.

دەزگاکە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە وێنە و ڤیدیۆی خۆپیشاندانی هاوشێوەی کرێکارانی سوتەمەنییان لە ناوچەکانی دیکەش بڵاوکردۆتەوە، لەوانەش گجساران و ماهشهەر و ئەهواز کە پایتەختی هەرێمی خوزستانی دەوڵەمەندە بە نەوت.

بەپێی هەواڵەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاوکات کرێکارانی دامەزراوەکانی گاز لە تەنگی بیژار لە ڕۆژئاوا و گوناباد لە باکووری ڕۆژهەڵات خۆپیشاندانییان ئەنجامداوە. هەروەها ئەندامانی ئاگرکوژێنەوەکانیش لە دوورگەی خارک خۆپیشاندانییان ئەنجامداوە، کە سەرەکیترین تێرمیناڵی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە دەستبەجێ هیچ کام لە ڤیدیۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتڕاست بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG