Accessibility links

ئەمەریکا لە دوایین بڕیاریدا لە دژی ڕووسیا سزا بەسەر دەوڵەمەندێکی نزیک لە پوتن دەسەپێنێت


ئەمەریکا لە دوایین فشاری بۆ سەر مۆسکۆ بەهۆی شەڕی لە دژی ئۆکرانیا، سزای ئابووری نوێی خستە سەر بەرژەوەندییە داراییەکانی ڕووسیا و سزای سەپاند بەسەر یەکێک لە دەوڵەمەندترین بازرگانەکانی نزیک لە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا، کە بە یەکێک لە ئۆلیگارکەکانی ڕووسیا دادەنرێت.

ڤلادیمێر پۆتانین، ئەم دەوڵەمەندە ڕووسیاییە، سەردەمانێک جێگری سەرۆک وەزیری ڕووسیا بووە و بە پێی زانیاری دەزگاکانی ئەمەریکا ناوبراو پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا هەیە. پۆتانینی تەمەن 61 ساڵ، کۆمپانیای ئینتەررۆس (Interros) کۆنتڕۆڵ دەکات، کە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانە و ئەمەریکا دەڵێت، بەرژەوەندییەکی زۆری لە ئابووری ڕووسیادا هەیە، لە وانە لە 36% خاوەندارێتی نۆرنیکل دەکات کە گەورەترین بەرهەمهێنەری پالادیۆم و نیکلە لە جیهاندا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆسبانکی (Rosbank) خستە لیستی ڕەشەوە کە بانکێکی بازرگانییە و بنکەکەی لە ڕووسیایە و دەڵێت پۆتانین پێشتر لە ئەمساڵدا دەستی بەسەر ئەم بانکەدا گرتووە، لەگەڵ 17 کۆمپانیایی سەر بە ڤی تی بی ڕووسی کە دووەم گەورەترین بانکی ڕووسیایە.

هەروەها ئەمەریکا ڕێگری لە پۆتانین دەکات لە بەکارهێنانی نیرڤانا، ئەو یەختەی کە بەهاکەی سەدان ملیۆن دۆلارە و خاوەندارێتی بەشێکی دەکات. لە کاتێکدا پێشتر بەریتانیا و کەنەدا سزایان بەسەردا سەپاندبوو. لەگەڵ ئەم سزایانەی سەر پۆتانین، سزا بەسەر ئەندامانی خێزانەکەشی سەپێنراوە.

برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ هەواڵگری دارایی کاروباری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بە سزادانی بانکی دیکەی گەورەی ڕووسیا، بەردەوامین لە دابڕانی ڕووسیا لە بازاڕە جیهانییەکاندا."

گوتیشی بە سزاکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنانەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان گرتویانەتەبەر، هێندەی دیکە کۆسپ لە بەردەم تواناکانی ڕژێمی پوتن دروست دەبێت لە دابینکردنی پارە بۆ شەڕی دژی ئۆکرانیا.

هەروەها وەزارەتی دەرەوە سزای سەپاندووە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی هێڵی ئاسنینی ڕووسیا کە دەوڵەت موڵکداری دەکات. وە سزاشی سەپاندووە بەسەر فەرمانڕەوای مۆسکۆ و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی.

XS
SM
MD
LG