Accessibility links

بۆچی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم دانولەیان پێکەوە ناکوڵێت؟


لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان، سەرباری کۆدەنگییان لەسەر خراپ بەڕێوەبردنی هەرێمەکە لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، بەڵام هەر لایەنە و بە جیا کاردەکات، تا ئێستا نەیانتوانیوە بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی هاوبەش پێکبهێنن و پێکەوە کاربکەن.

پارتی و یەکێتی وەکو دوو لایەنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان ناکۆکن، بەڵام ئەو لایەنانەش لە حکومەتی هەرێمدا بەشدار نین( نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی)، هیچ هەماهەنگییەک لە نێوانیاندا نییە، لە کاتێکدا ڕەخنەکانیان لە حکومەت نزیکە لە یەکترییەوە.

ئەبو کاروان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هۆکاری ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی، جیاوازی بەرنامە و فکرە."

بە پێی وتەی بەرپرسەکەی حزبی شیوعی، خاڵی هاوبەش زۆرە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەری ڕێکبکەون، بە تایبەت لەمەسەلەی دژایەتی گەندەڵی و داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵک، جەختیکردەوە "لایەنەکان ئیرادەیان نییە بۆ پێکەوە کارکردن، پارتی و یەکێتیش کاریگەرییان هەیە، ناهێڵن لایەنەکان لە یەکتری نزیک ببنەوە و یەکدەنگ بن."

لە ڕۆژی 16 ی مانگی 3 ی ئەمساڵ، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەردانی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کرد، دواتر سەردانی سەڵاحەدین بەهائەدین ی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیشی کرد، ئەوکات هۆکاری یەکتربینینەکان بۆ "یەکخستنی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن" گێڕدرایەوە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، لەبارەی هۆکاری پێکەوە کارنەکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان گرفتی بێ متمانەییان هەیە، یاخود گرفتی بچووک بیرکردنەوە هەیە، لە بری تەماشاکردنی خواستەکانی خەڵک و پێکەوە کارکردن بۆ هێنانە دییان، چاویان لەسەر ئەوەیە چۆن کورسییەک زیاتر بهێنن."

مانگی ڕابردوو، پەرلەمانی کوردستان، تەمەنی یاسایی خۆی تا 1/3/2024 درێژکردەوە، سەرباری دەربڕینی ناڕەزایەتی لە درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان، بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هاوهەڵوێست نەبوون، هەر لایەنە و بەجۆرێک ناڕەزایەتی نیشاندا و ڕەخنەیان لە هەڵوێستەکانی یەکتری گرت.

لە ڕۆژی 29 ی مانگی ڕابردوو، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هێرشی کردە سەر عەلی حەمە ساڵەح پەرلەمانتاری سەربەخۆی کوردستان و سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و بە جێبەجێکاری "ئەجێندای دەسەڵات" تۆمەتباری کردن.

پاشان عەلی حەمە ساڵەح و سۆران عومەر، لە دوو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی جیادا، وەڵامی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوێ نوێیان دایەوە، وێڕای ئەوەی بە نزیکایەتی دەسەڵات تۆمەتباریان کرد، تۆمەتی داگیرکردنی "موڵکی گشتی" و بردنی "پارەی خەڵک"یشیان دایە پاڵی.

مۆفەق حسێن، پەرلەمانتاری عێراقی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "جگە لە یەکێتی و پارتی، ئێمە هەموو کات ئامادەین بۆ یەکدەنگی و کۆ دەنگی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەڵام ئەمە تا ئێستا نەکراوە، چونکە هەر حزبە و خاوەنی ڕوانین و دونیا بینی جیاوازە."

ئەو وتیشی"ئێمە کاندیدمان بۆ سەرۆک کۆماری عێراق هەبوو، بەڵام هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم، دەنگیان بە کاندیدی ئێمە نەدا."

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، سەرباری ئەوەی نەیانتوانیووە پێکەوە کاربکەن، بەڵام هەموو ئەوانەی قسەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا کرد، کۆک بوون لەسەر ئەوەی هیچ لایەنێکیان ناتوانێت بە تەنها گوشار لەسەر هێزە حوکمڕانەکان دروست بکات.

محەمەد حسێن، چاودێری سیاسی، لەبارەی هۆکاری پێکەوە نەگونجانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هێندەی خەریکی ململانێی یەکتری و کێشەی لاوەکین، نایانپەرژێتە سەر کێشە جەوهەری و بنەڕەتییەکان، ئەمەش زیانی گەورەی پێگەیاندوون."

XS
SM
MD
LG