Accessibility links

پارتی دەڵێت بارزانی "فەتوای" داوە کە شەڕی براکوژی نەکەنەوە و یەکێتی دەڵێت چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت


دوای گرژبوونی زیاتری پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەم چەند مانگەی ڕابردوو و هۆشداری ئەمەریکا، بەرپرسانی هەردوو حیزبەکە دەڵێن سەرەڕای ناکۆکیەکان نایانەوێت یەکپارچەیی و ئارامی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە.

پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێتی سەقامگیری و یەکپارچەیی هەرێمی کوردستانی دەوێت، بەڵام چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێ."

لە بارەی هەڵوێستی ئەمەریکا لە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، ئەو ڕایگەیاند کە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە خراپی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حیزب نیگەرانن، "چونکە ئەوان کونسوڵگەری و بەرژەوەندییان لێرە هەیە. هەرێمێکی نا سەقامگیرییان ناوێت."

عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەمانشێوە ئاماژەی بە نیگەرانی ئەمەریکا هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەرێمی کوردستان ناوچەیەکە، دەسەڵاتەکەی و خەڵکەکەشی بوونی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە گرنگ دەزانن. بۆیە ئەمەریکا سەقامگیری هەرێمەکەی دەوێت."

سەرکردەکەی پارتی گوتیشی، "ڕەنگە ئەمەریکا ترسی لە دەستوەردانەکانی ئێران هەبێت، ترسی هەبێت لەوەی ئێران لایەنێک دژی لایەنێکی تر بەکاربهێنێت. فەتوایەکی سەرۆک بارزانیش هەیە، جارێکی تر شەڕی کورد بە کورد ڕووناداتەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی ڕۆیتەرز دوێنێ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتن "زۆر نیگەرانە" لە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە ڕۆیتەرز ناوی بڵاونەکردۆتەوە بە دەزگاکەی گوتووە، " ئەوەی دەمانەوێت بۆ هاوبەشەکانی ئێرەمان ڕوون بکەینەوە ئەوەیە کە ئێمە یەکگرتووییمان لەپێناو یەکگرتوویی ناوێت، ئێمە دەمانەوێت ئێوە [یەکێتی و پارتی] بتوانن هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکدی بکەن لەسەر هەندێک کێشەی سەرەکی کە لە بەرژەوەندی ئێمە و ئێوەشدان."

یەکێتی و پارتی بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لەشەڕ دا بوون لەگەڵ یەک، بەڵام وێڕای دان نان بە ناکۆکییەکانی نێوانیان، دووبارە بوونەوەی ئەو مێژووە ڕەتدەکەنەوە، جەخت لەسەر گفتووگۆ و دانوستان دەکەنەوە.

یەکێتی نیشتیمانی، هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی، بۆ نەمانی شەراکەت لە حوکمڕانی و پشتگوێ خستنی ناوچەکانی سلێمانی دەگێڕێتەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی. پارتی دیموکراتی کوردستانیش، هۆکاری نیگەرانییەکانی یەکێتی بۆ تێوەگلانی چەند ئەفسەرێکی دژە تیرۆری سلێمانی لە دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف دەگێڕێتەوە.

ئەفسەرەکەی دژە تیرۆر لە ڕۆژی 7 ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە هەولێر ئۆتۆمبێلەکەی تەقێنرایەوە و گیانی لە دەستدا.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەمەریکا شەراکەتێکی ساختەی لە نێوان یەکێتی و پارتی ناوێت، بەڵکو یەکگرتنێکی ڕاستەقینەی دەوێت، بەرژەوەندی ئەمەریکا و یەکێتی و پارتیش لەمەدایە."

جەختیشیکردەوە، "ئەمەریکا پێویستی بە کوردستانە، هەم وەکو هێز، هەم وەکو شوێن، چونکە ئەمەریکا لە ناوچەکەدایە و هەرێمی وەکو پانتاییەکی سەقامگیر دەوێت."


XS
SM
MD
LG